سەرۆكی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی: عێراق لەڕووی ئابورییەوە قوڵایی ستراتیجیمانە

ئا: بازرگانی و پیشەسازی

سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، سیروان محەمەد ئاماژە بەوە دەكات هەروەك چۆن هەرێمی كوردستان لەڕوی ئابورییەوە بۆ عێراق جێی بایەخە، عێراقیش بۆ هەرێمی كوردستان بەهەمانشێوە، ئەو دەڵێت “ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی بووە بەسەرمەشق بۆ هەموو ژوورە بازرگانییەكانی عێراق”.

سیروان محەمەد بەرۆژنامەی “بازرگانی و پیشەسازی” راگەیاند كە خەڵاتكردن و رێزلێنان لەژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی هاندەریان دەبێت بۆ ئەوەی زیاتر گەشە بەپرۆسەی ئابوری لەسلێمانی و كوردستان و عێراقدا بدەن، ئەو وتی “ئەم رێزلێنانە بۆ ئێمە مایەی شانازییە، چونكە یەكەمجارە لەمێژووی عێراقدا ئەوە روبدات كە ژوورێكی بازرگانی بەهۆی فرەیی چالاكییەكانیەوە وەك باشترین و داهێنەرترین و چالاكترین ژوور دیاری بكرێت”.

وتیشی “ئێمە ئەگەر بەراورد بكرێین بەژوورەكانی ئەودوای پارێزگاكانی عێراق كاری باشمان كردوەو بوین بەسەرمەشق بۆ ئەوەی ژوورەكانی تر چاومان لێبكەین و هاوشێوەی ئێمە كار بكەن بەتایبەتی لەبنیاتنانی پڕۆژەی گەنجینەكاندا كە پڕۆژەیەكی ستراتیجییەو ئێستا ژووری بازرگانی و پیشەسازی بەغدای پایتەخت دەیانەوێ وەك ئێمە كۆمەڵێك گەنجینەی گەورە دروست بكەن و داوایان لەئێمە كردووە كە هاوكارییان بكەین و ئێمەش ئامادەییمان پیشان داوە، ئێمە لەم كارەدا بووین بەسەرمەشق و ژوورەكانی تریش پەیوەندییمان پێوە دەكەن بۆ ئەوەی هاوكارییان بكەین، جگە لەوەی چەندین كارو پڕۆژەی ترمان هەبوەو ئەوانیش ئاگاداری پڕۆژەكانمان بوونو هەڵسەنگاندنیان بۆ كردوە تا گەیشتون بەو ئەنجامەی ئێمە وەك چالاكترین ژوور دیاری بكەن، لەبەرئەوەی ئێمە هەنگاوی داهێنان و پەرەپێدانمان زیاتر بووە تەنانەت لەژوورە بازرگانیە گەورەكانی وەك بەغداو بەسرەو هەولێریش كە ژووری بازرگانی گەورەو بەتوانان، بەخۆشحاڵییەوە ئێمە توانیمان ئەو رێزلێنانە وەربگرین و لەئاستی عێراقدا یەكەم بین”.

سیروان محەمەد ئەوە روندەكاتەوە كە عێراق لەڕووی ئابورییەوە قوڵایی ستراتیجییە بۆ هەرێمی كوردستان، ئەو وتی “لەڕووی ئابورییەوە پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بازاڕێكی گەورەن بۆ ئەو بەرهەمانەی هەمانە لەشاری سلێمانی، وەك پیشەسازیی ناوخۆ بەردەوام كاڵاكانی ئێمە دەچن بۆ خوارووی عێراق، دەیانو سەدان كارگەمان هەیە لەبەرهەمهێناندا پشتیان بەبازاڕی عێراق ئەستورە، بەتایبەتی كارگەكانی چیمەنتۆو ئاسن و جبس، لەبەرئەوەی بەرهەمی ئەم كارگانە زۆرەو زیاد لەپێویستی ناوخۆی كوردستانە”.

وتیشی ” هاوكات زۆربەی براندە خۆراكییەكانی ناوچەكەو باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیا بریكارە سەرەكییەكانیان لەسلێمانییە، كە لەڕێی بەندەر عەباسەوە بەرهەمو كاڵاكانیان دێتە سلێمانیو لەسلێمانیشەوە دابەش دەكرێن بەسەر تەواوی پارێزگاكانی عێراقدا، بۆیە دەتوانین بڵێین سلێمانیمان كردووە بەسەنتەرێك بۆ دابەشكردنی خۆراك بۆ شارەكانی تری عێراق، رۆژانە دەیان بارهەڵگر لەشاری سلێمانییەوە دەچن بۆ شارەكانی تری عێراق”.

سیروان محمەد ئاماژە بەوەا دەكات كە لێكتێشگەشتنێكی تەواو لەنێوان بازرگانی كوردستان و بازرگانی ئەودوای عێراق هەیە، كە ئەمە بوەتە هۆی بەدیهێنانی گەشەیەكی ئابوری بۆ شاری سلێمانی و هەرێمی كوردستان، ساڵانەش لەئەنجامی ئەو پێشانگا نێودەوڵەتییەی لەسلێمانی دەكرێتەوە، نزیكبونەوەو لێكتێگەیشتنی زیاتر لەنێوان بازرگانانی كوردستانو خوارووی عێراق بەدیدێت، ئەو وتی “عێراق لەڕووی ئابورییەوە قوڵایی ستراتیجیمانە، عێراق بازاڕێكی گەورەیەو وڵاتانی دراوسێ چاویان تێبڕیوە، ئێمە كە خۆمان بەشێكین لەم وڵاتە زەمینەی ئەوەمان بۆ رەخساوە ئەو بازاڕە بقۆزینەوە بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانمان، بەتایبەتی كە لەڕووی پیشەسازی و كشتوكاڵەوە بەرهەمەكانی ئێمە لەناو عێراقییەكاندا خواستیان زیاتر لەسەرەو كوالێتی كاڵاكانی ئێمە بەرزترن”.

وتیشی “یەكەم هاوبەشی بازرگانی ئێمە تا ئێستا ناوەڕاستو باشوری عێراقە، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ پارێزگاكانی ناوەڕاستو باشوری عێراق سوودێكی گەورەی دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان، ئەگەر پەرە بەتوانای ئابوریمان بدەین و بەپێی بەرنامەو پلان بیر لەوە بكەینەوە پێداویستییەكانی عێراق پڕ بكەینەوە لەڕووی كشتوكاڵو گەشتیاریی و پیشەسازیییەوە”.

سەرۆكی ژوور ئاماژە بەوە دەكات كە بازاڕی عێراق دەتوانێت گەشەی ئابوری كوردستان مسۆگەر دەكات، ئەو وتی “بۆ نمونە ئەم رۆژانە جوتیارانمان بینی كە نیگەران بوون لەوەی بەرهەمی خەیاریان ساغ نەدەبۆوەو فڕێیان دەدا، ئەگەر هەماهەنگی تەواو لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەندیدا هەبێتو ئاسانكاریی بۆ گواستنەوەی بەرهەمەكان بكرێت، عێراقییەكان كلتورییان وایە كە زیاتر گرنگی بە بەرهەمی ناوخۆیی دەدەن تا دەرەكی، بەرهەمی كشتوكاڵی كوردستانیش لەناو ئەواندا زیاتر لەبەرهەمی وڵاتانی دەرەوە خواستی لەسەرە بەتایبەتی بەرهەمەكانی میوەو هەنگوین و ماست و گەنم و دانەوێڵە”.

وتیشی “هەرێمی كوردستانو پارێزگاکانی عێراق لەڕووی ئابورییەوە پێویستمان بەیەكترە، بۆ نمونە ئێستا شەكرو زەیتی گوڵەبەڕۆژەمان لەباشورەوە بۆ دێت كە لەلایەن كۆمپانیای اتحادەوە بەرهەمدەهێنرێن،َ كە كۆمپانیایەكی گەورەیەو مەوادی خۆراكی بایەعی لەڕێگەی وەزارەتی بازرگانیەوە بۆ تەواوی عێراق دابین دەكات، هەروەها ئێستا بەشێك لەو كارگانەی باشوری عێراقیش ئەگەر بازاڕی كوردستانیان نەبێت توشی زیان دەبن”.

سەرۆكی ژوور جەغت لەوە دەكات كە هێشتا گەشەی ئابوری لەشاری سلێمانیدا لەئاستی خواستی ئەواندا نییە، ئەو وتی “ئێمە خواستی گەورەمان هەیەو ئەو گەشەیەی كردومانە لەئاستی خواستی ئێمەدا نییە، چاوەڕوانی زۆر لەوە زیاتر بووین، چاوەڕوان بووین پرۆسەی گەشەی بازرگانی و پیشەسازی و گەشتیاری و كشتوكاڵی زۆر لەوەی ئێستا زیاتر بچوایەتە پێشەوە، بەتایبەتی لەپڕۆژە بچوكو مام ناوەندییەكاندا، بەداخەوە كە نەمانتوانیوە جێی ئەو پڕۆژانە بكەینەوەو هەلی كار بۆ هەزاران كەس بڕەخسێنین و ئەو پڕۆژانە وەك پێویست نەچونەتە پێشەوە، كە دەبێت ئاسانكاریی تەواویان لەلایەنە پەیوەندیدارەكانەوە بۆ بكرێت بەتایبەتی ئەو پڕۆژانەی بەرهەمهێنن پێویستە لەباج و زەریبەو گومرگ ببەخشرێن”.

وتیشی “كوردستان لەڕووی هەڵكەوتەی جوگرافی و سروشتییەوە وڵاتێكی جوانەو بۆ گەشتیاریی گونجاوە، بەتایبەتی بۆ راكێشانی ژمارەیەكی زیاتر لەگەشتیارانی عێراقی، بەڵام بەداخەوە ئەتەكێت و خزمەتگوزاریی گەشتیاریمان زۆر لاوازە، پێویستە پەیمانگای گەشتیاریی پەرە پێبدەین بۆ ئەوەی زیاتر كەرتی گەشتیاریی ببوژێنرێتەوەو خزمەتگوزاریی پێویستی وەك هۆتێلو چێشتخانەمان بۆ گەشتیاران هەبێت”.