سەرجەم ئەو ماڵ و دامەزراوانەی سیستمی غازیان هەیە ئاگاداردەکرێنەوە

قائیمقامییەتی سلێمانی سەرجەم ماڵ و دامەزراوەکان ئاگادار دەکاتەوە کە ئەگەر تانکیی غازی شلیان هەیە پێویستە ناو تۆماربکەن و هەر شوێنێکی نووسراوی پێنەبێت نابێت غازی پێبفرۆشرێت.

لە راگەیەندراوێکی قائیمقامیەتی سلێمانیدا هاتووە، “بەمەبەستی جێبەجێکردنی بڕیاڕی (ژمارە 1ی ساڵی 2023)ی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، تایبەت بە دانان و سیانەکردنەوەی سیستمی غازی شل (LPJ)، قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوبەر و نوێنەری فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کۆبووەوە”.

جەختکرایەوە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەپێناو سەلامەتی گیان و ماڵی هاوڵاتییاندا.

بەپێی بڕیارەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، “پێویستە هەموو کۆمپانیاکانی غازی شل مۆڵەت نوێبکەنەوە و پابەندی ئەو مەرج و رێنماییانە بن کە فەرمانگەکانی بەرگریی شارستانی و کوالێتیی کۆنترۆڵ و کۆنترۆڵی گەشەپێدانی پیشەسازی بۆیان دیاریدەکەن و چاودێریی هەموو کارەکانیان و پشکنین بۆ مەوادەکانیان دەکرێت”.

یەکێکیتر لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کە دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت دەڵێت، “هەر ماڵێک یان دامەزراوەیەک یان تەلار و باڵەخانەیەک تانکیی غازی شلی هەبێت پێویستە لە نزیکترین بنکەی بەرگریی شارستانی ناو تۆمار بکات و پشکنین بۆ سیستمەکەی بکرێت”

ئاماژە بەوەشکراوە، “هەر ماڵێک نووسراوی ناوتۆمارکردنی پێنەبێت نابێت کۆمپانیاکان گازی پێبفرۆشن، لیژنەیەکی تایبەتیش دروست دەکرێت بۆ بەدواداچونی جێبەجێکردنی ئەو بڕیار و رێنماییانەی تایبەتن بە غازی شل”.