زانیاریی گرنگ لەبارەی گۆڕانکاریکردن لە دیناری عێراقیدا

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران، ئەو “هۆكارە گرنگانە”دەخاتەڕوو كە پاڵنەرن بۆ چاپكردنی دراوی 20 هەزار دیناریی عێراقی.

د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، چەندین هۆكاری گرنگ هەن كە پاڵنەری دروستكردن و چاپكردنی دراوی 20 هەزار دیناریین لە لایەن بانكی ناوەندییەوە، لەوانە رێگریكردن لە ساختەكاری.

لە لێدوانێكدا بۆ “ئێستا” ئەندامەكەی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران وتی، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ دەنگۆی دەرکردنی چاپی 20 هەزار دیناری، بە نووسراوێکی فەرمی چەند پرسیارێکی ئاراستەی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق کردووە، لە وەڵامدا بانکی ناوەندی “چەند زانیارییەکی گرنگ”ـی لەبارەی هۆکاری دەرکردنی ئەو دراوە نوێیە ئاشكراكردووە.

روونیكردەوە، هۆكارەكان بریتین لە رێکخستنەوەی جۆرەکانی دیناری کاغەز لە رێگەی زیادکردنی دراوێکی بەها مامناوەندەوە بۆ ئاسانکردنی مامەڵەی هاوڵاتییان و یەکە ئابورییەکان، رێگریكردن لە ساختەکردنی دینار بە تایبەتی هەردوو جۆری 25 هەزاری و 10 هەزار دیناری، کێشانەوەی چاپە کۆنبووەکانی دینار بە تایبەتی 10 هەزار دیناری و 25 هەزاری لە بازاڕەكاندا.

بەشێكی تر لە هۆكارەكان وەك د. نەرمین مەعروف ئاشكرایكردن، بریتین لە کەمکردنەوەی خواست لەسەر جۆرە مامناوەندەکانی دینار و درێژکردنەوەی تەمەنی بەکارهێنانی دینارە کاغەزەکان لە ئاڵوگۆڕدا و کەمکردنەوەی خەرجیی چاپکردنی دینار لە رێگەی راگرتنی چاپی 25 هەزار و 10هەزاری و وتی، “دەرکردنی دراوی 20 هەزاری، دەبێتەهۆی کەمکردنەوەی کوتلەی نەختینە، چونكە لە ئێستادا ژمارەی یەکەکانی دینار نزیکەی 6 ملیار پارچە کاغەزن و بەهاکەیان 82 ترلیۆن دینارە”.