رێوشوێنی نوێ بۆ رێگریکردن لە بەرزبونەوەی بەهای دۆلار دەگیرێتەبەر

لیژنەی پشتیوانی لە دیناری عێراقی ڕێوشوێنی نوێی بۆ سنوردارکردنی بەرزبونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕەکاندا دەگیرێتەبەر و دەڵێت، کاریگەرییەکانی پێدانی 100 ھەزار دۆلار بە بازرگانان لە داھاتودا دەردەکەوێت.

عومەر سودانی، ئەندامی لیژنەی پشتیوانی لە دیناری عێراقی لە لێدوانێکدا رایگەیاند، لیژنەکە بە سەرۆکایەتی قاسم الزاڵمی، راوێژکاری سەرۆک وەزیران لەم دواییانەدا بڕیاری کردنەوەی هەژماری بۆ بازرگانان لە بانکی (TBI)داوە کە ناسنامەی ژوری بازرگانی بەغدایان هەیە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو بازرگانانەی کە هەژمارەکەیان بۆ دەکرێتەوە رێگەیان پێدەدرێت مانگانە 100 هەزار دۆلار بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی وەربگرن.

ئەندامەکەی لیژنەی پشتیوانی لە دیناری عێراقی، باسی لەوەشکرد، ئەو هەنگاوە بۆ رێگریکردنە لە بەرزبونەوەی زیاتری بەھای دۆلار لە بازاڕەکاندا، بازرگانانیش پشتیوانی بڕیارەکەیان کردوە، کە بە ھەماھەنگی لەلایەن سەرۆکی ژوری بازرگانی بەغداوە دەکرێت، لە داهاتوشدا کاریگەری بڕیارەکە دەردەکەوێت.