د.شەوقی عومەر: ئەمساڵ رێژەیەکی زۆر لەھاوڵاتیان سەردانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەھار بکەن

ئا: رێژەن سەردار

د.شەوقی عومەر، بەڕێوەبەری کارگێری‌و پەیوەندییەکان لەکۆمپانیای ئەتڵەس ئەسیل لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ رۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” دەڵێت “ئەمساڵ چەندین کۆمپانیایی نێودەوڵەتی بەشدارن، ناوی فیستیڤاڵەکەش گۆڕاوە بەفیستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەھار، چونکە ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیای بیانیش بەشدارن”.

بازرگانی‌و پیشەسازی: ئامانج لەکردنەوەی فیستیڤاڵی بەھار چییە؟
د.شەوقی عومەر: ئامانج لەکردنەوەی فیستیڤاڵی بەھار کە ساڵانە لەلایەن کۆمپانیای ئەتڵەس ئەسیل دەکرێتەوە، بریتییە لەڕەخساندنی ھەلی بازاڕ کردن بۆ ھاوڵاتیان بەمەبەستی خۆ ئامادەکردن بۆ وەرزی بەھارو نەورۆزو مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، لەبەرئەوەی لەھەرێمی کوردستان ھاوڵاتیان لەکاتی بۆنەکاندا خۆیان ئامادە دەکەن، ئەم فیستیڤاڵەش دەرفەتێکە بۆ ھاوڵاتیان تاکو بتوانن پێداویستی‌و کەرەستەکانی بەھارو نەورۆزو ڕەمەزان لەخواردن‌و جل‌و بەرگ‌و مۆبیلیات‌و پێداویستی ناوماڵ بکڕن. ئامانجی دووەممان خزمەتکردنی کۆمپانیاکان‌و بازرگانان‌و سەرمایەداران‌و کاسبکارانە تاکو ئەوانیش دەرفەتێکیان ھەبێت کە لەشوێنێکدا زۆرترین کەل‌و پەل‌و کاڵاکانیان بفرۆشن، زۆرترین کڕیار سەردانیان بکات لەماوەیەکی دیاریکراودا، ئەو ١٠ ڕۆژە فیستیڤاڵ دەیان ھەزار ھاوڵاتی ڕۆژانە سەردانی ڤیستیڤاڵەکە دەکەن، لەبەرئەوە بۆ ئەوان فیستیڤاڵی بەھار بریتیە لەکۆبونەوەی دەیان ھەزار کڕیار لەیەک شوێندا.

بازرگانی‌و پیشەسازی: ئەو داشکاندن‌و ئۆفەرانە چین کە لەفیستیڤاڵی بەهاردا پێشەکەشی کڕیاران دەکرێت؟
د.شەوقی عومەر: داشکاندنەکان لەچەند ڕویەکەوەن، یەکەم داشکاندن لەنرخی کاڵاکان، ئێمە لەگەڵ ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی بەنوسراوی فەرمی ژوور داوامان لەسەرجەم بازرگانان‌و کۆمپانیاکان کردوە کە لەڕووی نرخ‌و کوالێتی کاڵاکانیان ڕەچاوی بارودۆخی ئێستای ھاوڵاتیان بکەن، لەم جۆرە فیستیڤاڵانەدا یەکێک لەو خزمەتانەی پێشکەش بەکڕیاران دەکرێت بریتییە لەداشکاندن، بەشێک لەبەشداربووان لەدەرەوەی عێراقەوە بەشدارن لەبری ئەوەی کاڵاکانیان لەڕێگای فرۆشیارانەوە بفرۆشن، لێرە داشکاندنی بەڕێژەیەکی بەرچاو بۆ دەکەن‌و ڕاستەوخۆ دەیفرۆشنە کڕیاران.

بازرگانی‌و پیشەسازی: ڕێژەی بەشداریکردنی کۆمپانیاکان لەفیستیڤاڵی بەهاری ئەمساڵدا چۆنە؟
د.شەوقی عومەر: بەشداری کۆمپانیاکان ئەمساڵ لەچاو ساڵاندا باشتر بووە، سەرباری قەیرانی دارایی کۆمپانیاکان بەڕێژەیەکی باش بەشداری دەکەن، ئەمساڵ ھەوڵدراوە فیستیڤاڵەکە چەندین جۆر کاڵاو بەرھەمی جۆراوجۆری تێدا نمایش بکرێت، فیستیڤاڵەکە زیاتر ھەمەچەشن دەبێت، کاتێک ھاوڵاتی دێتە پێشەنگا زۆرترین پێداویستییەکانی دەست دەکەوێت.

بازرگانی‌و پیشەسازی: تەنھا کۆمپانیا ناوخۆیەکان بەشداری لەم فیستیڤالەدا دەکەن؟
د.شەوقی عومەر: ئەمساڵ چەندین کۆمپانیایی نێودەوڵەتی بەشدارن، ناوی فیستیڤاڵەکەش گۆڕاوە بەفیستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەھار، چونکە ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیای بیانیش بەشدارن.

بازرگانی‌و پیشەسازی: ئەمساڵیش بۆ گواستنەوەی ھاوڵاتیان پاس دابین دەکەن؟
د.شەوقی عومەر: بەڵێ ھاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو ئەمساڵیش ھێڵەکانی تاسلوجە سلێمانی لەچەند وێستگەیەکی شاری سلێمانی دەوەستن، کە بریتییە لەفلکەی ئاسکەکان‌و شەقامی سالم‌و بەردەم باخی گشتی‌و سەھۆڵەکەو زانکۆی سلێمانی‌و ھەموو ویستگەکانی تر کە پاسەکانی تاسلوجەی پێدا تێپەر دەبێت بەنرخێکی داشێکێنراو کە بریتییە لە ٧٥٠ دینار. ھاوڵاتیان دەتوانن بێنە فیستیڤاڵ‌و بگەڕێنەوە، کە ئەمەش کارئاسانیەکی گەورەیە بۆ ھاوڵاتیان، پێویست ناکات ھەموان بەئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان سەردانی فیستیڤاڵ بکەن، بەتایبەتی لەم کاتەدا کە بەنزین گرانە، ئەم کارە دەبێتە ھۆی کەمکردنەوەی قەرەباڵغیش لەشەقامەکان، پاسەکانیش ھەمووی لەزگەی تایبەتی لێدراوەو ئاماژە بەوە کراوە ئەم پاسە تایبەتە بەگواستنەوەی ھاوڵاتیان بۆ پێشانگاو بەپێچەوانەشەوە بۆ ناو شار.

بازرگانی‌و پیشەسازی: دیارترین ئەو کاڵاو شتومەکانە چین کە لەپێشانگاکەدا نمایش دەکرێن؟
د.شەوقی عومەر: بەشێوەیەکی سەرەکی بابەتی خواردەمەنی بەھەموو جۆرەکانیەوە بەشدارن، سەرجەم ئەو خواردن‌و خواردنەوانەی کە پێداویستی ژیانی ڕۆژانەی ھاوڵاتیانە لەفیستیڤاڵ دەستی دەکەوێت، جلوبەرگ‌و پێڵاوو کەلوپەلی کارەبایی‌و ئەلکترۆنیات‌و مۆبیلیات‌و بابەتی جوانکاریی‌و قەرتاسیەو کۆزمەتیک‌و بەرهەمی دەستی‌و بۆن‌و چەندین پێداویستی دیکەی تێدا نمایش دەکرێت.

بازرگانی‌و پیشەسازی: پێشبینی دەکەن ئەمساڵێش ھاوشێوەی ساڵان ھاوڵاتییەکی زۆر سەردانی پێشەنگاکە بکەن؟
د.شەوقی عومەر: بەدڵنیایەوە چاوەڕێ دەکەین ڕێژەیەکی زۆر ھاوڵاتی سەردان بکەن، چونکە ساڵ بەساڵ فیستیڤاڵەکە زیاتر دەناسرێت لەلایەن ھاوڵاتیانەوە.

بازرگانی‌و پیشەسازی: ڕێکارەکانی خۆپارێزی لەڤایرۆسی کۆرۆنا لەبەرچاو دەگرن؟
د.شەوقی عومەر: بەڵێ بێگومان، ھەموو ڕێکارەکان لەبەرچاو دەگرین لەدابەشکردنی دەمامک‌و تونێلی تەقیم‌و مادەی پاککردنەوەی دەستەکان‌و بەردەوام لەڕێگەی بڵندگۆوە بیری ھاوڵاتیان دەخرێتەوە پابەندی ڕێکارەکان بن، جیا لەڕێنمایەکانی خۆپارستن لەڤایرۆسی کۆرۆنا ژوورێکی ئۆپراسیۆنیشمان ھەیە کە پێکھاتووە لەبرایانی ئاسایش‌و پۆلیس‌و چالاکییە مەدەنییەکان‌و بەرگری‌و فریاکەوتن‌و ھاتوچۆو کۆمپانیایەکی سکیورتیش بەشدارە تاکو سەلامەتی ھەموان لەپێشەنگا دەستەبەر بکرێت، لەپێشەنگاکەدا ڕێگە بەھێنانە ژوورەو فرۆشتنی مادەو کاڵا زیانبەخشەکانی وەکو جگەرەو نێرگەلە نادرێت، ئەمساڵ کۆمەڵێک چێشتخانەو کەلانەو خواردنی کوردەواری بەشدارن.