دەروازەی حاجی ئۆمەران: هاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانی ئاساییە

دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دڵنیایی دەدات کە هاتوچۆی گەشتیاری و سەرجەم جموجوڵە بازرگانییەکانی دەروازەکە هاوشێوەی ڕۆژانی دیکە ئاساییە و هیچ بڕیارێکیان پێنەگەیشتووە بۆ ڕاگرتنیان.

ئاوێنه‌: محەمەد تاهیر بەڕێوەبەری دەروازەی حاجی ئۆمەران ڕەتیکردەوە، جموجوڵی گەشتیاری و بازرگانی ڕاگیرابێت.

ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ هاوشێوەی ڕۆژانی ئاسایی هاتوچۆی گەشتیاری بازرگانی هەبووە و ژمارەیەک گەشتیاری ئێرانیش بە ئۆتۆمبێلی خۆیان هاتوونەتە ناو هەرێمی کوردستان بەبێ هیچ ڕێگرییەک.

جەختیکردەوە، کە هیچ بڕیارێکیان بەدەستنەگەیشتووە بۆ راگرتنی جموجوڵەکانی دەروازەکە.

ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەکە بڵاویکردەوە، لەلایەن بەرپرسانی گومرگی ئێران (تەمەرچین) ئاگادارکراونەتەوە بۆ ماوەیەکی نادیار جوڵەی گەشتیاری ڕاگیراوە و جوڵەی بازرگانی بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامی دەبێت.

بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ئێستای عێراقەوە حکومەتی عێراق هاتوچۆی دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ ئێران ڕاگرتووە و حکومەتی ئێرانیش هەمان بڕیاریداوە.