داهاتی دەروازەی سنووریی باشماخ بەڕێژەی 50٪ کەمیکردووە

داهاتی دەروازەی سنووریی باشماخ بەڕێژەی 50٪ کەمیکردووە، کەمبوونەوەی داهات لە دەروازەکانی دیکەش لەنێوان 10٪ بۆ 20٪ـە. بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، گومرگی عێراق دەرگاکانی خستووەتە سەرپشت بۆ بازرگانان و پێناسی گومرگی جێبەجێناکەن، ئەوەش بە گەورەترین هۆکار و ئاستەنگ لە بەردەم جوڵەی بازرگانی دەزانێت.

بەگوێرەى داتاکانى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان، لە ساڵی 2023 داهاتی دەروازەی سنووریی باشماخ نزیکەی 50% کەمیکردووە.

جیا لە باشماخ، بەگشتى ئەمساڵ داهاتى گومرگیی لە هەرێمى کوردستان لە نێوان 10% بۆ 20% دابەزیوە و بەشێک لە هۆکارەکانیش ئەوانەن کە ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەری گشتیى گومرگى هەرێمى کوردستان روونی دەکاتەوە.

ساماڵ عەبدولڕەحمان دەڵێ “هۆکارەکان بۆ ناسەقامگیریى دۆخى سیاسیی کوردستان، دابەزینى بەهاى دینار و نەهاتنى بودجە دەگەڕێنەوە، لەسەرووی ئەمانەشەوە تەحەداى گەورەمان دەروازەکانى عێراقە، کە پێناسی گومرگى جێبەجێناکەن و بەشێک لە بازرگانانى ئێمەش لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیاندا، دەچن لەوێوە بازرگانى دەکەن”.

داهاتى گومرگیى لە هەرێمى کوردستان ساڵانە لەنێوان ترلیۆنێک و 300 بۆ ترلیۆنێک و 500 ملیار دینارە، کە بەگشتی 10%ـی داهاتى هەرێمى کوردستانى پێ دابیندەکرێت.

مانگى رابردوو، ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایی هەرێمى کوردستان بڕیاری دا داهاتى گومرگیى لە دەروازە سنوورییەکان بکاتەوە بە یەک، ئەمەش لەکاتێکدا بوو، کە لەم کابینەیەی حکومەتدا سلێمانى داهاتى خۆى بەکاردەهێنا.

هونەر جەمال، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى وەزارەتى دارایی دەڵێ “ئێستا بەتەواوەتى دەستى قۆرخکاریى و مۆنۆپۆڵ لە دەروازەکاندا نەماوە و دواى رێککەوتنى نێوان سەرۆکوەزیران و جێگرەکەى، وەزیرى دارایى رێنمایی دەرکردووە بۆ ئەوەى هەموو هەژمێرە لاوەکییەکان دابخرێن و، تەنیا وەزارەتى دارایی سەرچاوەى کۆکردنەوە و خەرجکردنى داهات بێت”

یەکێک لە هۆکارەکانى کەمبوونەوەى جموجۆڵى بازرگانى لە باشماخ، بۆ گواستنەوەى رێڕەوی ترانزێتە، کە ئێستا زیاتر رووى لە حاجى ئۆمەران و پەروێزخانە، بەجۆرێک ساڵێک زیاترە قافڵەى بارهەڵگرەکانى ئۆتۆمبێل، کەرەستەى بیناسازی و پیترۆکیمیایی بە کەمى لە رێگەى باشماخەوە دەبینرێن.

سەرچاوە: ڕوداو