خەرج نەکردنی پارەی پترۆدۆلار ٤٠٠ پڕۆژەی پەکخستووە

ئا: زریان محەمەد

بەهۆی خەرجنەکردنی پارەی پترۆدۆلار لەسنوری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ٤٠٠ پرۆژە کارەکانیان ڕاوەستاوە هەندێک لە پڕۆژەکان دوبارە پێویستان بەخەرجکردنەوەی پارەیە بۆ دروستکردنەوەیان.

بەختیار جەمال، ئەندامی سەرپەرشتیاری لیژنەی پترۆدۆلار لەلقی سلێمانی یەکێتی بەڵێندەران بەڕۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” ڕاگەیاند “پڕۆژەی سێکتەرە جیاوازەکان لەحکومەت کە پارەکەی لەگرێبەستی شیرینیەکانی نەوت دراوە بودجەیەکی سەربەخۆی هەبووە لیژنەیەک لەئەنجومەنی وەزیران راستەوخۆ لەساڵی ٢٠١٢ تا ساڵی ٢٠١٤ کە قەیرانی دارایی دروستبوو سەرپەرشتی دەکرد لەگەڵ دەستپێکردنی قەیرانەکە بەڵێندەرانی ئەم سێکتەرە پارەیان بۆ خەرج نەکرا”.

راشیگەیاند “١٧٤ کۆمپانیا لەم سێکتەرەدا کاردەکەین کە زیاتر لە ٤٠٠ پرۆژەیان هەبووە هەندێکیان لە ٪ ٨٠ کارەکانی تەواوبووە بەشێکشی لەقۆناغی سەرەتادا بووە بەهۆیەوە ناوچەکانی سلێمانی‌و گەرمیان لەوەستانی خەرج نەکردنی پارە زەرەرمەند بون”.

ئەوەشی ڕونکردەوە “زۆربەی پڕۆژەکان خزمەتگوزارین لەڕێگاوبان‌و کارەباو بەنداوو قوتابخانەو هەیکەلی یەکە ئیدارەکان پێکدێت لەئێستادا هەمووی لەئیشکردن وەستاون”.

بەشێکی زۆری بەڵێندەرانی پڕۆژەی سێکتەرە جیاوازەکان لەئێستادا مایەپوچ بوون دەڵێت “کاتێک ئەو پڕۆژانە دەستیپێکرد لەلایەن بەڵێندەرانەوە حکومەت پارەی حازری هەبوو، لەکاتی دەستپێکردنی قەیرانەکەدا حکومەت ئەو پارەیەی وەستاند بەئێمەیان ڕاگەیاند کە دەدرێت بە موچەخۆر لەئێستاشدا لەسەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەک پێکهێندراوە دۆسێکەیان وەرگرتووە لەلیژنەکەی پێشوتر، ئێمەش چاوەڕوانی وەڵامیانین کە تا ئێستا وەڵامێکی دڵخۆشکەرمان وەرنەگرتووە تا ئەو پڕۆژانە تەواو بکرێت کە بەشێک لەو بەڵێندەرانە مایەپوچ بوون”.

بەختیار جەمال، ئەندامی سەرپەرشتیاری لیژنەی پترۆدۆلار لەلقی سلێمانی یەکێتی بەڵێندەران دەشڵێت “بەپێی خەمڵاندنی ئێمە حکومەت ٧٠ ملێۆن دۆلاری قەرزارە هی پرۆژەی پترۆ دۆلار بیداتەوە بە بەڵێندەر ئەگەر ئەو پارەیەش خەرجبکرێت پرۆژەکان هەر تەواو نابێت پێویستی بەوەیە بودجەی بۆ تەرخان کاتەوە کە خۆی دەبینێتەوە لە ٧٠ ملێۆن دۆلاری دیکە”.

ئاماژەی بەوەشدا “تەنها بەڵێندەر زەرەرمەند نەبووە، بەڵکو حکومەتیش زەرەرمەند بووە، بۆ نمونە ئەو پارەیەی پێشتر داویەتی بە بەڵێندەر پرۆژەکەی پێ تەواو نەکردووەو کاری تێدا کردووە ئێستا پڕۆژەکە دیسان پێویستی بەنۆژەنکردنەوەیە دەبێت دوبارە پارەی دیکەی بۆ تەرخان بکاتەوە”.

ئەندامەکەی سەرپەرشتیاری لیژنەی پترۆدۆلار لە لقی سلێمانی یەکێتی بەڵێندەران جەخت لەوە دەکاتەوە چاوەڕێی وەڵامی ئەو لیژنە تازەیەن کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دروستکراوە بۆ دەستپێکردنەوەی ئەو پرۆژانەوە بەڵێندەران بتوانن قەرزەکانی خۆیان بدەنەوەو پارەیان بۆ خەرج بکرێت.