خاوەن کۆمپانیا و پێشەنگاکانی ئۆتۆمبیل کێشەکانیان دەگەیەنە ژووری بازرگانی سلێمانی

دوایی دەرکردنی ڕێنمای ژمارە ٢ و ٣ لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە کە تایبەتە بە ڕێکخستنی کاری کۆمپانیا و پێشەنگاکانی ھاوردەکردن و گواستنەوە و فرۆشتنی ئۆتۆمبیل، نیگەرانی بازرگانان و خاوەنکارانی ئەو بوارەی لێکەوتەوە، ئەمڕۆ ژمارەیەک لە خاوەنکاران کە کۆمپانیا و پێشەنگاکانیان لەسەر ڕێگای تاسڵوجە و کەنەکەوەیە سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیان کرد و لەگەڵ سەرۆکی ژوور کۆبوونەوە.

خاوەن پێشەنگاکانی ئۆتۆمبیل داوایان کرد ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕۆڵ بگێرێت لە گەیاندنی ئەو کێشانەی کە بەھۆی ڕێنمایەکانی وەزارەتی ناوخۆوە ڕوبەڕووی بازرگانان و ھاوڵاتیان دەبێتەوە، بە لایەنە پەیوەندیدارەکان.

بازرگانان ئاماژەشیان بەوەدا بەھۆی ئەو ڕێنمایانەوە، کاری کۆمپانیا و پێشەنگاکانی ئۆتۆمبیل لە سەرتاسەری کوردستان دەوەستێت و ژمارەیەکی زۆر لە ھاوڵاتیان بێکار دەبن، بەھۆی ئەو ڕێنمایانەوە زیانی گەورە بەر ئابووری کورستان دەکەوێت، بۆیە داواکارین پێداچونەوە بکەن بە ڕێنمایەکاندا.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند ئەم ڕێنمایانە زیانێکی گەورە لە کۆمپانیا و پێشانگاکانی ئۆتۆمبیل دەدات بۆیە وەکو ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕاپۆرتێکی ورد ئامادە دەکەین کە ھەڵسانگاندنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە خۆ بگرێت بۆ ڕێنمایەکان، دواتر ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەکەین.

ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا بازرگانی ئۆتۆمبیل لە ھەرێمی کوردستان گەشەکردنی زۆری بەخۆیەوە بینیەوە، ئەگەر ئەو ڕێنمایانە کار بکاتە سەر جوڵەی بازرگانی ئۆتۆمبیل لە کوردستان، خاوەنکاری ئەو بوارە ناچار دەبن کارەکانیان بگوازنەوە بۆ ناوەڕاست و باشوری عێراق، بەمەش زیان لە ئابوری کوردستان دەدات و ژمارەیەکی زۆر ھاوڵاتی بێ کار دەبن، بۆیە ھەموو ھەوڵێکی خۆمان دەدەین بەمەبەستی گەیاندی کێشەکان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان.