حکومەتی هەرێم: ماوەی لێخۆشبونی گومرگی لەسەر بەشێک لە بەرهەم و پێداویستییە خۆراکییەکان درێژکرایەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا ماوەی لێخۆشبوونی گومرگی لەسەر بەشێک لە بەرهەم و پێداویستییە خۆراکییەکان درێژبکاتەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 17 ی تەمموزی 2022 ڕایگەیاند، بەپێی بڕیاری ژمار 159ـی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ماوەی کارکردن بە سەرجەم بڕگەکانی بڕیاری ژمارە 140ـی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە ئاسانکاریی بۆ دابینکردنی پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکان تاوەکو 30ـی ئەیلولی 2022 درێژ کردەوە تاوەکو بارگرانی نەبونی بەرهەمە خۆراکییەکان و گرانبونیان لەسەر هاوڵاتییان دروست نەبێت”
 
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەش کردووە، ” تیمەکانی چاودێری بازاڕ و لیژنەکانی قایمقامیەت و ئاسایشی بازرگانی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان راسپێردراون بۆ بەردەوامبون لە چاودێریکردنی بازاڕ و رێگرتن لە خراپ سودوەرگرتن لەو ئاسانکارییانە و بەرگرتن لە بەرزکردنەوەی نرخەکان و رەوانەکردنی سەرپێچیکاران بۆ لێپرسینەوە و گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەریان”.

بەپێی بڕیارەکەش گومرگ لەسەر هەریەک لە ئارد، برنج، زەیتی گولەبەرۆژە، زەیتی گەنمەشامی، رۆنی روەکی بەستو، رۆنی ئاژەڵی بەستو، چای رەش، شەکر، پاقلەمەنی وشک وەک (نیسک، نۆک، پاقلە، لۆبیا، فاسۆلیا و ماش) و شیری منداڵان بە هەمو جۆرەکانییەوە هەڵدەگیرێت، هەروەها وەرگرتنی باج لە بازرگانانی هاوردەکاری بەرهەمە خۆراکییەکان دوادەخرێت.