جێگری سەرۆکی ژوور بەشداری دەکات لەڕێوڕەسمی دەستپێکردنی سیسته‌می ئەلکترۆنی پاسپۆرت

ئەمڕۆ سیسته‌می نوێی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لەسلێمانی کەوتەکار، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی بەشداری کرد لەڕێوڕەسمی دەستپێکردنی سیستمی ئەلکترۆنی پاسپۆرت لەبەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی.

ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ / ٧ / ٢٠٢٣، یاسین رەحیم، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی بەشداری کرد لەڕێوڕەسمەکەدا کە بە بەشداری چەندین کەسایەتی‌و لایەنی حکومی‌ پەیوەندیدار لەبەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی بەڕێوەچوو.

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەمەراسیمی دەستپێکردنی سیسته‌می نوێی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی، رایگەیاند “شێوازی دەرهێنانی پاسپۆرت زۆر گرنگەو کات دەگەڕێنرێتەوەو ساختەکاری ناکرێت‌و لەفڕۆکەخانەکاندا بەئاسانی کارەکانیان رایی دەکرێت‌و هاوڵاتیی بون دروستدەکات لەعێراقداو لەڕووی یاساییەوە هاوڵاتی ئێمە دەبێتە هاوڵاتێیەکی نێودەوڵەتی کە دیکۆمێنێتێکی یاسایی پێیە 18 تایبەتمەندی هەرکەسێک خراوەتە سەر ئەو پاسپۆرتەو دەبێت هەمو هاوڵاتیان لەهەرێمی کوردستان‌و عێراق پاسپۆرتەکانیان ببێت بەپاسپۆرتی ئەلیکترۆنی”.

هەروەها عەمید سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی، رایگەیاند “پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی دەخەینە خزمەتی هاوڵاتیانەوە کە رۆتین کەمدەکاتەوە، بۆ نمونە لەکاتی گەشتکردندا هەڵگرانی ئەم پاسپۆرتە دەتوانن بەبێ هیچ نۆرەگرتنێک یان دروستبونی بەربەستێک لەفڕۆکەخانە پاسپۆرتەکە لەئامێری پشکنین بدات‌و بچێتە نێو ئەو وڵاتەوە”.

ئەوەشی خستەڕو “لەدەرهێنانی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنیدا پێویست ناکات کاتێکی زۆر چاوەڕوان بکەیت، بەڵکو هەمان رۆژ دوای یەک کاتژمێر لەمامەڵەکانت دەتوانیت پاسپۆرتەکەت وەربگریت، تێچوەکەی 91 هەزار دینارە، هۆکاری زۆری نرخەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ کوالێتییەکەی‌و ئەو تێچوەی کە هەیەتی لەگەڵ ئەو خزمەتگوزاریەی بۆی دانراوە لەفڕۆکەخانەکان کە دەتوانیت لەرێگەی دەرگا ئەلیکترۆنییەکانەوە بچیتە وڵاتان، ئەو پارەیەش هیچی بۆ حکومەتی هەرێم نیە بەڵکو هەموی بۆ بەغدایە”.

لای خۆشیەوە، یاسین رەحیم، جێگری سەرۆکی ژوور پیرۆزبایی لەبەڕێوەبەرانی پاسپۆرتی سلێمانی کرد بۆ ئەم کارە پێشکەوتوانەی دەیکەن‌و هیوایخواست کاری هاوڵاتیان خێراتر بکرێت‌و مامەڵەکانیان بەزوترین کات جێبەجێ بکرێت‌و کاری ڕۆتینیات نەمێنێت.