جێنین ھێنیس پلاسخارت داوا دەکات دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە دزراوەکە بگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت لەبارەی دزینی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لە دەستەی گشتیی باج لە بانکی رافیدەیندا داوای کرد کە پارە دزراوەکان بدرێنەوە بە خاوەنەکانیان.

جێنین ھێنیس پلاسخارت لەبارەی دزینی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لە دەستەی گشتیی باج لە بانکی رافیدەیندا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تیایدا رایگەیاندووە “عێراق دەتوانێت بە پارە دزراوەکانی کە چەندین ملیار دۆلارە، وەبەرھێنان لە قوتابخانە، نەخۆشخانە، وزە، ئاو، رێگاوبان، ھەروەھا لە ژمارەیەک کەرتی دیکەدا بکات”.

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق ھەروەھا داوای کردووە کە پارە دزراوەکان، بدرێنەوە بە خاوەنەکانیان.

جێنین ھێنیس پلاسخارت پشتگیری خۆی بۆ ھەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەیە راگەیاندووە.

رۆژی ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ وەزیری نەوتی عێراق، ئێسحان عەبدولجەبار لە تویتێکدا رایگەیاندبوو کە کاتێک پۆستی وەزیری دارایی بە وەکالەت وەرگرتووە، دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لە دەستەی گشتیی باج لە بانکی رافیدەیندا دزراوە و ئاشکراشی کردبوو کە لێکۆڵینەوەی لەبارەی ئەو دۆسیەی ئەنجامداوە و ئەنجامەکەیشی پێشکەش بە لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە.