بە بەهاترین قاوەی جیهان دوای ترشاندنی لە گەدەی “پشیلەی سیڤیت” ئامادە دەکرێت

دوورگەی بەناوبانگی بالی لە ئیندۆنێزیا دەرفەتی ئەوە دەداتە سەردانیکەران بە بەهاترین قاوە لە جیهاندا کە بە “قاوەی لوواک” ناسراوە، تاقی بکەنەوە. “قاوەی لوواک” بەوە جیادەکرێتەوە دوای ئەوەی دەنکەکەی لە گەدەی “پشیلەی سیڤیت” دەترشێندرێت، قاوەی لێ دروست دەکرێت.

لە ئیندۆنێزیا “قاوەی لوواک” بە بەراود بە جۆرەکانی دیکەی قاوە بەڕێژەیەکی کەمتر کافاینی تێدایە.

بۆ بەرهەمهێنانی “قاوەی لوواک” پێویستە بەزۆر دەنکی قاوەی ئارابیکا یان رۆبوستایان بە “پشیلەی سیڤیت” بدرێت.

دەنکی قاوەکە دوای ئەوەی لە رێگەی پاشەڕۆوە لە سکی ئەو جۆرەی پشیلەوە دەردەچێت، دەشۆردرێت و پاکدەکرێتەوە و وشکدەکرێتەوە دواتر توێکڵەکەی لێدەکرێتەوە و دەبرژێندرێت.

هەر کیلۆیەک لە “قاوەی لوواک” بە هەزار دۆلار دەفرۆشرێت.

– “تامی قاوەکە پەیوەستە بە کەمی بارانەوە”

نی کەتووت بودیانی کە لە ناوچەی ئوبود خاوەن کێڵگەی قاوەیە بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، ئەم قاوە نامۆیە دوای پرۆسەیەکی دوورودرێژ کە نزیکەی هەفتەیەک دەخایەنێت ئامادەدەکرێت، روونی کردەوە کە نهێنی بەدەستهێنانی قاوەیەکی باش بەندە بەوەی کە ئایا کەشوهەوا باراناوییە یان نا.

بودیانی ئاماژەی بەوە دا کە بۆنی قاوەکە لە کەشێکی ساماڵدا باشتر بڵاودەبێتەوە و گوتی: “ئەگەر کەشوهەوا رێگەی نەدات و لە ژوورەوە وشکی بکەینەوە، ئەوە تامی قاوەکە جیاواز دەبێت”.

– “دەنکی قاوە لە گەدەی پشیلە سیڤیت-دا تا بەیانی دەهێڵدرێتەوە”

نی کەتووت بودیانی سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە “لوواک” قاوەیەکی تایبەتە و روونی کردەوە کە ئەم گیاندارە نائاساییە (پشیلە سیڤیت) شەوانە دەنکەکانی قاوە دەخوات کە لە درەختەکانەوە کۆدەکرێتەوە و تا بەیانی لە گەدەیدا دەهێڵدرێتەوە.

نی کەتووت بودیانی هەروەها باسی لە پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنکەکانی قاوەکە لە پاشەڕۆی “پشیلەی سیڤیت” کرد و گوتی: “دەنکەکانی قاوەکە بە ئاوی گەرم دەشۆردرێت، دواتر بۆ ماوەیەک دەکوڵێنرێت و دواتر لەبەر خۆردا وشک دەکرێتەوە و توێکڵەکەی لێدەکرێتەوە”.

بودیانی ئاماژەی بەوەش کرد کە شێوازی برژاندنی “قاوەی لوواک”یش بەپێی خواستی کڕیارەکان دەگۆڕێت و روونی کردەوە کە وردکردنی نزیکەی دوو کیلۆ قاوە نزیکەی یەک کاتژمێر کاتی پێویستە.

ناوبراو سەنجی بۆ ئەوە راکێشا کە نرخی هەر کوپێک لەو قاوەیە نزیکەی سێ دۆلار و نیوە و گوتی: “زۆرێک لە سەردانکەرانی بیانی گرنگییەکی زۆر بەو جۆرەی قاوە دەدەن. ئەوانەی بۆ یەکەمجارە قاوەکە تاقی دەکەنەوە زۆر بە دڵیان دەبێت”.