بەوێنە.. لە دیوی ئێرانی مەرزی پەروێزخانەوە ھێرشکراوەتە سەر چەند شۆفێرێکی ھەرێمی کوردستان

ئەحمەد کەلاری، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێری ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت “چەند شۆفێرێک لە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان لەلایەن چەند کەسێکەوە ھێرشیان کرایە سەر و لێیان درا و بەر چەقۆ دران، دوای ئەوەی ئاگادار کرامەوە ھەوڵەکانمان خستە گەڕ بە مەبەستی بە سزا گەیاندنی تاوانباران”.

نوێنەری بازرگانانی گەرمیان دەڵێت “سەرجەم وێنەکان و نوسراوی فەرمیم دایە بەڕێزان مەھدی شوشتەری سەرکۆنسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی و ئاغای تاتار فەرمانداری قەسری شیرین و اغای شەھریار حەیدەری نوێنەری قەسری شیرین و سەرپڵی زەھاو لە پەرلەمانی ئێران لەگەڵ سەرھەنگ ڕەزایی لە قەرارگای ڕەمەزان، بەمەبەستی بەدواداچون کردن و پاراستنی ھاوڵاتیان و بازرگانان و شۆفێرانی ھەرێمی کوردستان لەم کارە قێزەونانە.

ئاماژەی بەوەشدا زۆر سپاسی بەڕێزان دەکەین لە قەرارگای ڕەمەزان کە بە جدی بەدواداچونیان کردوە بۆ دۆزینەوەی تاوانباران، تەنانەت دوایان لە دادگا و ئیمام جومعەی قەسری شیرین کردوە ھۆشداری بدەنە ھاوڵاتیان تاکو ڕێگری لەم کارانە بکرێت، دادگاش بڕیاری دواوە سەرجەم سەرباز و پۆلیسەکانی مەرز و ناو شار پابەند بکرێت کە ئەمنیەتی مەرزەکە بگرنە ئەستۆ.

ئەحمەد کەلاری نوێنەری بازرگانانی گەرمیان و ئەندامی ئەنجومەنی کارگێری ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ھەموو ھەوڵێکی داوە بەمەبەستی بەسزا گەیاندنی تاوانباران و گفتوگۆشی لەگەڵ شۆفێران کردوە تاکو مانگرتن و داخستنی مەرز ڕونەدات و بەڵێنی پێداون لەگەڵ بەرپرسانی ئێران لەسەر خەت دەبێت تاکو سنورێک دابنرێت بۆ ئەم کارە قێزەونانە و توندتر کردنی ئەمنیەتی دەروازەکە لە دیوی ئێرانەوە، کاتژمێر ھەشت و ٣٠ خولەکی ئەمشەو لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە نوێنەری ژوور ئاگادار کراوە کە سبەێنێ بەرپرسانی ئێران دێنە مەرزەکە و داداگا بڕیاری دراوە پۆلیس و سەرباز پابەند دەکات کە گیانی ھاوڵاتیان و بازرگانان و شۆفێرانی ھەرێمی کوردستان دەپارێزن.

\