بەهای بۆرسەی تاران داڕما

چەند رۆژێکە پێنوێنی بۆرسەی تاران رووی لە دابەزین کردووە و خەڵک پارەکانیان لەو بۆرسەیە دەکشێننەوە و ئەمەش بووەتە هۆی پاشەکشەی بازاڕەکە و رۆژی یەکشەممه‌ زیاتر داڕما.

لە ماوەی زیاتر لە مانگێک پێنوێنی بۆرسەی تاران نزیکەی 350 هەزار یەکە دابەزیوە و خەڵک لە ترسی ئەوەی زیانی زیاتر بکەن پارەکانیان لە بۆرسە دەکشێننەوە.

تەنیا لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا پێنوێنی گشتیی بۆرسە 32 هەزار یەکەی تری لێ کەم بووەوە و نزیکەی سێ تریلیۆن تمەن دراوی کاش لەو بازاڕە هێنرایە دەرەوە.

رۆژی یەکشەممه‌ش 20 هەزار یەکەی تر دابەزی و پێنوێنی گشتیی گەیشتە دوو ملیۆن و 162 هەزار یەکە. بەرپرسانی دارایی ئێران هێشتا هیچ هۆکارێکیان نەخستووەتە روو بەڵام ئەم دابەزینە زۆرە دەبێتە هۆی لەناوچوونی قەبارەیەکی زۆر لە سامانی خەڵک.

خەڵک بۆ ئەوەی بەهای دراوەکەیان بپارێزن هیچ چارەیەکیان نییە جگە لەوەی کە پارەکەیان بۆ زێڕ یان دۆلار بگۆڕن یان روو لە بۆرسە بکەن و بیخەنە وەبەرهێنانەوە. ئەو دۆخەش کە هاتووەتە کایەوە متمانەی بۆرسەش ناهێڵێت و ئەمەش زیان بە بازاڕ و خەڵک دەگەیەنێت.

یەکێک لەو کێشانەی بازاڕی بۆرسەی ئێران ئەوەیە بەشێک لە کۆمپانیاکان حکوومین و زۆر جار حکوومەت خۆی هەندێک پلان جێبەجێ دەکات کە کاریگەری دەخاتە سستکردنی بۆرسە.

کۆمپانیاکانی حکوومەت لە دوو رەهەندەوە سوود وەردەگرن یەکەم ئەوەیە کە لەو مامەڵانەی کە لە بۆرسەدا دەیکەن باجێکی زۆر کەمتریان لێ دەستێنرێت یا هەر باج نادەن و دووەمیش لەو پشکانەی کە بە نرخێکی دوور لە نرخی بازاڕ دەیفرۆشن، قازانجێکی زۆر دەکەن.

بۆ نموونە لە چەند مانگی رابردوودا رێژەی هەڵاوسان لە ئێران گەیشتە 60% ئامارەکانی چینیش ئەوەیان سەلماند کە هەناردەی ئێران بۆ چین بە رێژەی 39% دابەزیوە کەچی لە هەمان کاتدا پێنوێنی بۆرسە زۆر بە خێرایی هەڵکشا و گەیشتە دوو ملیۆن و 500 هەزار یەکە و دواتر لەپڕ دابەخزیەوە.

بەپێی ئاماری سندووقی نێودەوڵەتیی دراو ئێران سەرووی 100 ملیار دۆلار قەرزدارە و ئەمەش یەک لەسەر سێی کۆی داهاتی نەپاڵاوتووی ناوخۆیی ئەو وڵاتە پێکدێنێت و پێشبینی دەکێ ئەمساڵ قەبارەکە بگاتە سەرووی 112 ملیار دۆلار. قەبارەی قەرزەکانی سەر ئێران لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا 900 هێندە زیادی کردووە و ئەمەش بەزیان بۆ سەر ئابووری ئێران شکاوەتەوە.