بۆ ڕێگریكردن لە قۆرخكاری و گرانی وەزارەتی ناوخۆ چەند بڕیارێكی دەركرد

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ڕێگریكردن لە گرانكردنی نرخی خۆراك و شتوومەك چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد.

وەزارەتەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و ڕێگریکردن لە قۆرخکاریی و گرانکردنی بازاڕ چەند بڕیارێك دراوە.

بەپێی بڕیارەكان، ژووری ئۆپەراسیۆن لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دروستدەكرێت، بۆ چاودێریکردنی بازاڕ و سزادانی ئەو کەسانەی سەرپێچی دەکەن.

باسی لەوەش كردووە، ژووری ئۆپەراسیۆن دەسەڵاتی تەواوی دەبێت، بۆ ڕێکخستنی دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراو (ئەو بەنزینەی بە نرخی حکومەت لە هەندێک بەنزینخانە دابەشدەکرێت).

یەكێكی دیكە لە بڕیارەكان ئەوەیە كە ژووری ئۆپەراسیۆن دەسەڵاتەکانی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ ئاسانکاریی هێنانە ژوورەوەی کەلوپەلەکانی خۆراک، بەنزین و سوتەمەنی، بە ڕەچاوکردنی کوالێتی و ڕێنماییەکان.