باڵیۆزی ئەمریکا لەگەڵ ژووری بازرگانی و بەشێک لە سه‌رمایه‌دارانی سلێمانی كۆبویه‌وه‌

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و کۆنسوڵی گشتی ئەمریکا لەهەولێر، سەردانی شاری سلێمانیان کردو لەگەڵ سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و ژمارەیەک لە سەرمایەداران و وەبەرهێنەرانی سلێمانی کۆبونەوە.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەگەڵ ژماریەک لە سەرمایەدار و وەبەرهێنەری شاری سلێمانی لەگەڵ ڕۆبەرت پاڵادینۆ، کۆنسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر و ماسیۆ تولەر،باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، و سێث پاچ، بەرپرسی بەشی ئابوری کۆنسوڵگەری ئەمریکا لە هەولێر کۆبونەوە، سەرەتای کۆبونەوەکە کۆنسوڵی ئەمریکا ڕایگەیاند “دەمانەوێت لەگەڵ ژووری بازرگانی سلێمانی و وەبەرهێنەران باس لە بەهێزکردنی کاری هاوبەش و کێشەو گرفتەکان بکەین”.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەکۆبونەوەکەدا ڕایگەیاند “شاری سلێمانی بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیای هاوسنورە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، بەو هۆیەوە بەشێکی زۆری کارە بازرگانییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتەدایە لەئێستاشدا کاری بازرگانی هەیە لەچەند بوارێکدا وە بازرگانانی سلێمانی لەگەڵ تەواوی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکاشدا کاری بازرگانیان هەیە”.

راشیگەیاند “شاری سلێمانی بەهۆی زۆری کاری پیشەسازیەوە توانیویەتی هاوردەکردنی بەشێکی زۆر لە پێداویستیەکان بوەستێنێت کە لە ناوخۆدا بەرهەم دێت بەتایبەت چیمەنتۆ، سلێمانی توانای هەیە بەشی هەمو عێراق دابین بکات وهەناردەش بکات شاری سلێمانی چاوی لەسەر ئەوەیە بەرهەمی ناوخۆی زیادبکات و کار لەسەر دامەزراندنی کارگەی گەورە بکات”.

سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا” یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی هەرێم پرۆتۆکۆڵی کاری هاوبەشی لەگەڵ ژورە بازرگانیەکانی ئەمریکادا هەیە بەڵام دوای واژۆکردنی پرۆتۆکۆڵی کارکردن لەگەڵ ژوورە بازرگانیەکانی ئەمریکا تائێستا وەک پێویست نەتواندراوە کۆمپانیا ئەمریکیەکان بێنە هەرێم و کاری هاوبەش بکەن وە بانکەکانی ئەمریکا نەیان توانیوە بێنە هەرێم و لقی خۆیان بکەنەوەو هاوکاری کاری بازرگانی بکەن تابتوانین شاری سلێمانی بکەینە دەروازەیەکی گرنگ بۆ بەرهەم هێنانی بەرهەمی ناوخۆی ناردنی بۆ هەمو شارەکانی خواروی عێراق”.

سەرۆکی ژووری بازرگانی جەختیکردەوە، ژورە بازرگانیەکانی ئەمریکا سەردانی هەرێمیان کردوو واژۆی ئەوەمانکردووە کۆمپانیا کوردستانیەکان بچنە ئەمریکا و بەشداری بکەن لە پێشانگا پیشەسازیەکان بۆیە داواکارین ئەو بابەتە کاری لەسەر بکرێت.

سیروان محەمەد ئەوەشی ڕونکردەوە، ژووری بازرگانی سلێمانی خاوەنی گەورەترین پرۆژەی گەنجینەیە لەسەر ئاستی عێراق کە هەلی کارکردنی بۆ پێنج هەزار کەس ڕەخساندووە دەبێتە سەنتەری بازرگانی و دەروازەیەکی گرنگ بۆ کاری هاوبەش لەگەڵ تەواوی شارەکانی عێراق، پرۆژەی گەنجینە پێکدێت لە 586 گەنجینەی هاوچه‌رخ به‌ ڕوبه‌ری جیاواز، پرۆژه‌که‌ له‌سه‌ر ڕوبەری 400 دۆنم زه‌وی کە لە سەدا ٩٥ کارەکانی تەواوبووە.

دەربارەی بڕیاری دادگای فیدرالی عێراق سیروان محەمەد، وتی” ئەو بڕیارە کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر کارە بازرگانی و ئابوریەکان لە هەرێمی کوردستان، هەر جۆرە ناکۆکیەک لەنێوان هێزە سیاسیەکان لەسەر ئاستی عێراق دەبێت هۆکاری خاوبونەوەی کاری بازرگانی و پیشەسازی لەسەرجەم سێکتەرەکاندا”.

ڕۆبەرت پاڵادینۆ ، کۆنسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر ئاماژەی بەوەدا، دروستکردنی کۆنسوڵیەتی گەورە لەهەولێر نیشاندانی پشتیوانی ئێمەیە لە کەرتی ئابوری لەهەرێمی کوردستان، لەئێستادا کاردەکەین لەسەر ئەوەی بتوانین کۆمپانیا ئەمریکیەکان ئاشنابکەین بە کۆمپانیا کوردستانیەکان.