بانکی ناوەندی زیاتر لە 58 ملیار دینار سزا بەسەر بانک و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو دەسەپێنێت

بانکی ناوەندی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردودا، ئەو غەرامانەی بەسەر بانک و دامەزراوە نابانکییەکان (کۆمپانیای ئاڵوگۆڕ)دا سەپێنراون، زیاتر لە 58 ملیار دیناری عێراقی بو.

بەگوێرەی خشتەیەکی بانکی ناوەندی، ئەو غەرامەی لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردودا بەسەر بانک و کۆمپانیا داراییەکاندا سەپێنراوە، لە مانگی (کانونی دوەم/1)ی ئەمساڵ تا کۆتایی مانگی (ئایار/5)، بڕی 58 ملیار و 70 ملیۆن و 584 هەزار و 977 دینار بوە .

لە خشتەکەدا دەرکەوتوە، لە مانگی (نیسان/4)ی ئەمساڵ زۆرترین سزای غەرامە بۆ بانک و دامەزراوە ناداراییەکان سەپێندراوە، بەو پێیەی لەو مانگەدا 17 ملیار و 440 ملیۆن و 383 هەزار و 447 دینار پێبژاردن هەبوە، لەگەڵ سزای کارگێڕی 17 سزا، لەکاتێکدا مانگی (کانونی دوەم/1) کەمترین غەرامەی بەخۆوە بینیوە کە بڕی نۆ ملیار و 570 ملیۆن و 15 هەزار و 947 دینار بوە، سزای کارگێڕی 50 سزا بون.

لە خشتەکەدا ناوی ئەو بانکانە نەخراوەتەڕو کە غەرامە و سزای کارگێڕییان بەسەردا سەپێنراوە، کۆمەڵەی وەبەرهێنەران لە بۆرسەی عێراق لە سەرەتای مانگی حوزەیران ڕەخنەی ئەوەی گرتبو کە بانکی ناوەندی عێراق غەرامەی لەسەر بانکەکان زیاد کردوە، ئاماژەی بەوەدا کە کاریگەری لەسەر قازانجی وەبەرهێنەران لە پشکەکانی ئەو بانکانەدا دەبێت.

ئەوەشیخستەڕو، بانکی ناوەندی لە ماوەی چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا 134 غەرامەی بە بەهای 347 ملیار دینار سەپاندوە، کە ژمارەیەکی زۆر زۆرە و کاریگەری لەسەر قازانجی بانکەکان و وەبەرهێنەرانی بچوک لە بازاڕی بۆرسەی عێراقدا هەیە.