بانکی ناوەندی ئاستی خستنە ڕووی دۆلاری ڕاگەیاند

بڕی خستنەڕوی دۆلاری بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە، لەلایەن بانکى ناوەندى عێراقەوە راگەیەنرا و بانکەکە زیاتر لە 189 ملیۆن دۆلارى خستە بازاڕەوە و بەراورد بە رۆژی پێنجشەممە 34 ملیۆن دۆلارى کەمتر خستوەتە بازاڕەکانەوە.

بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، بۆ ئەمڕۆ بڕی 189 ملیۆن 289 هەزار و 340 دۆلاری بە هەردو شێوەی حەواڵە و کاش خستە بازاڕەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە؛ لەو بڕەی خراوەتەڕو؛ 77 ملیۆن و 600 هەزار دۆلاری بەشێوەی کاشە و 111 ملیۆن و 689 هەزار و 340 دۆلاریش بەشێوەی حەواڵەیە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ لە کاتى کردنەوەى بازاڕەکانى دراودا، نرخى دۆلار بەرز بووەوە و 100 دۆلار لە ئێستادا بە 157 هەزار و 300 دینار مامەڵەى پێوە دەکرێت.