بانکی ناوەندیی بڕیاری نوێ بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار دەردەکات

بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاندووە کە هەفتەی داهاتوو بانکەکەیان بڕیاری نوێ بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرانبەر بە دیناری عێراق دەردەکات کە پێدەچێت رۆڵی بەرچاوی هەبێت لە دابەزاندنی بەهای دۆلاردا.

عەممار حەمەد خەڵەف جێگری سەرۆکی بانکی ناوەندیی عێراق لەلێدوانێکی تەلەفزیۆنییدا وتویەتی: کە “بانکی ناوەندی پێشنیازێکی پێشکەش بە بەندەر و گومرگەکان کردووە، ئەویش ئەوەیە کە هەر کاڵایەک بچێتە ناو عێراقەوە دەبێت دڵنیابێت لەوەی بازرگانەکە لەڕێگەی بانکی ناوەندی عێراقەوە پارەی ئەو هاوردەکردنانەی دابینکردووە”.

جێگری سەرۆکی بانکی ناوەندیی دەشڵێت: بانکی ناوەندیی هەفتانە پشکی دۆلار بۆ کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕکردن دابین دەکات بە مەبەستی فرۆشتنی بە گەشتیاران بەڕێژەی فەرمی و بە بڕی سنووردار کە 3 هەزار دۆلارە بۆ هەر گەشتیارێک.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم کۆمپانیایانەی ئاڵوگۆڕی دراو مۆڵەتیان لەلایەن  بانکی ناوەندی و بەپێی چەند ڕێوشوێنیک پێدراوە کە بریتییە لە پابەندندبوون بەیاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە.

هەروەک وتویەتی:سەکۆیەکی ئەلیکترۆنیی هەیە کە بانکی ناوەندیی لە سەرەتای ئەمساڵەوە کار لەسەر پەرەپێدانی دەکات و سەرجەم فرۆشتنی دۆلار بە هاوڵاتیان لەڕێگەی ئەم پلاتفۆرمەوە ئەنجام دەدرێت کە بە وردی لەلایەن بانکی ناوەندییەوە چاودێری دەکرێت.