“بانکی فیدڕاڵیی ئەمریکا سەری سوڕماوە لەوەی بە ملیۆنەھا دۆلار بە ناوی ھاوردەکردنی ئیندۆمی بردراوه‌ته‌ دەرەوەی عێراق”

پارێزگای بانکی ناوەندیی عێراق، عەلی عەللاق ڕایگەیاند کە بانکی فیدڕاڵیی ئەمریکا سەری سوڕماوە لەوەی بە ملیۆنەھا دۆلار بە ناوی ھاوردەکردنی ئیندۆمی بردراوەتە دەرەوەی عێراق.

ئەم قسەیەی عەلی عەللاق لەمیانی دیدارێکدا ھات کە لەگەڵ ژمارەیەک لە میدیاکاران ئەنجامدابوو.

لە دیدارەکەدا، عەلی عەللاق ئاماژەی بەوەداوە کە لێژنە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی ھاوردەکردنی ئیندۆمی لەلایەن عێراقەوە پرسیاریان ئاراستەی دەسەڵاتدارانی عێراقەوە کردووە و وتوویەتی: “ھەر لەبارەی ئەو پرسەوە، بانکی ناوەندیی ئەمریکا تێبینی لەسەر ئەوە ھەیە کە ئایا عێراقییەکان حەز لە ئیندۆمی دەکەن؟”.

ئه‌وه‌یشی خستووه‌ته‌ڕوو کە ئێستا جیھان سەری سوڕماوە و تووشی شۆک بووە لەوه‌ی كه‌ نەوەی ئێستای عێراق، بەو شێوەیە حەز بە خواردنی ئیندۆمی دەکەن و وتی: “لێژنە نێودەوڵەتییەکان پرسیارم لێ دەکەن کە ئەم بابه‌ته‌ ڕاستە یان نا، ئەوە یەکێکە لەو ھاوردەکراوە سەمەرانەی کە بانکی فیدڕاڵیی ئەمریکا لێکۆڵینەوەی تیادا کردووە و دەرکەوتووە كه ملیۆنەھا دۆلار بە ناوی ھاوردەکردنی ئیندۆمییەوە، لە عێراق بردراوەتە دەرەوە”.

پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق باسی لەوەیشکرد کە لە ئێستادا یەدەگی عێراق لە بابه‌تی زێڕ زیادی کردووە و گەیشتووەتە، ١٣٢ تۆن”.

لە مانگی ئابی ٢٠٢٢دا، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، عەممار خەڵەف رایگەیاندبوو كه‌ یەدەگی عێراق گەیشتووەتە، ١٣١ تۆن.

پارێزگای پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، عەلی عەللاق: “ھیچ ھاوسەنگییەک لە بازاڕی عێراقیدا نییە، بۆیە دۆلار لە بازاڕی رەشەوە به‌ نافه‌رمی دێت”.

لە ماوەکانی ڕابردوودا، بانکی ناوەندیی عێراق چەندین ڕێوشوێنی بە ئامانجی جێگیرکردنی به‌های دینار بەرامبەربە دۆلار گرتەبەر، بەڵام ھێشتا به‌های دینار بەرامبەر بە دۆلار روو لە دابه‌زینه‌.

پێشتر بانکی ناوەندیی عێراق فرۆشتنی یەک دۆلاری ئەمریکی بە ھەزار و ٣٢٠ دینار بۆ بانک و دامەزراوە داراییە نابانکییەکان دیاریی کرد، بەڵام ھێشتا به‌های ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە ١٥٣ ھەزار دیناری عێراق مامەڵەی پێوە دەکرێت.

شارەزایان و چاودێرانی بواری ئابووری پێیان وایە کە یەکێک لە ھۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار، بە قاچاخبردنی دۆلارە بۆ دەرەوە.

عێراق ماوەی دوو دەیەیە بەدەست ناجێگیربوونی نرخی دراوی بیانی دەناڵێت، بەڵام لە میانی پێنج ساڵی رابردوودا، به‌های دراوی بیانی لە عێراق زیاتر رووی لە ناجێگیربوون کردووە.