بانكی ناوەندیی عێراق بڕیارێكی نوێی بۆ دابەزینى نرخى دۆلار دەركرد

بانكی ناوەندیی عێراق بڕیاریدا، هەر ١٠٠ دۆلارێك بە ١٣٢ هەزار دینار بدرێتە سەرجەم ئەو كەسانەی، کە گەشتی دەرەوەی وڵات دەكەن بەبێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەكیان وەك عموولە لێ وەربگیرێت، دەشڵێن: ئەو كۆمپانیایانەی ئاڵوگۆڕی دراو، كە كاری سەرەكیان كڕین و فرۆشتنی دراوی بیانییە، لە هەر دۆلارێك بڕی دوو دیناری عێراقی وەردەگرن.

بە پێى نووسراوێكی بانكی ناوەندیی عێراق، كە واژۆی عەممار حەمەد خەڵەف جێگری پارێزگاری بانكەکەى لەسەرە ئاماژە بەوە کراوە، فرۆشتنی دۆلار بە شێوەی كاش لە بانك و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو تایبەت بەو كەسانەی گەشتی دەرەوەی وڵات دەكەن بە نرخی دیاریكراو دەبێت، كە ١٣٢ هەزار دینارە بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێك و نابێت بە هیچ شێوەیەك لەو بڕە پارەیە زیاتر وەربگیرێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو، بە هەموو شێوەیەك وەرگرتنی عموولە لە كاتی فرۆشتنی دۆلاری كاش بە هاوڵاتییان، كە گەشت دەكەن ڕێگە پێدراو نییە، ئەو بڕیارەش لە ئەمڕۆ سێشەممەوە دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

باس لەوەشکراوە، ئەو كۆمپانیایانەی ئاڵوگۆڕی دراو، كە كاری سەرەكیان كڕین و فرۆشتنی دراوی بیانییە، لە هەر دۆلارێك بڕی دوو دیناری عێراقی وەردەگرن.

جێگەى ئاماژەیە، بە پێى بڕیارێکى پێشووى بانکى ناوەندیى عێراق هەر كەسێك گەشتی دەرەوەی وڵات بكات، دەتوانێت بڕی سێ هەزار دۆلار بە نرخی فەرمی واتە ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە ١٣٢ هەزار دینار وەربگرێت.