بانكی ناوه‌ندی هەرێم لەبارەی رێنماییەكانی یەكگرتن، كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو لەسلێمانی ئاگادارده‌كاته‌وه‌

بانكی ناوه‌ندی هەرێم له‌ سلێمانی داوا له‌كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو ده‌كات تاوه‌كو 1ی 3ی ئه‌مساڵ سه‌ردانیان بكه‌ن به‌مه‌به‌ستی خۆگونجاندن لەگەڵ رێنماییەكی تایبەت بە یەكگرتن و هه‌ر كۆمپانیایه‌كیش تا ئه‌وكاته‌ خۆی نه‌گونجاندبێت داده‌خرێت و مۆڵه‌ته‌كه‌ی لێوه‌رده‌گیرێته‌وه.

 بانكی ناوه‌ندی هەرێم لقی سلێمانی، لە نوسراوێكدا لەبارەی یەكگرتنی كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە جۆری (ئەی و بی) رایگەیاندوە، پێویسته‌ تا رۆژی 1ی 3ی 2023 سه‌رجه‌م كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو سه‌ردانی بانكی ناوه‌ندی هه‌رێمی كوردستان، سلێمانی بكه‌ن به‌مه‌به‌ستی خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ رێنماییه‌كانی تایبه‌ت به‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ و بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ش داواكاریه‌كانیان پێشكه‌ش بكه‌ن.

به‌گوێره‌ی نوسراوه‌كه‌، دوای ئەو بەروارە، هه‌ر كۆمپانیایه‌ك خۆی نه‌گونجاندبێت داده‌خرێت و مۆڵه‌ته‌كه‌ی لێوه‌رده‌گیرێته‌وه‌ و وتوشیەتی”بۆیه‌ داواكارین به‌زوترین كات سه‌ردانمان بكه‌ن و رێنماییه‌كان جێبه‌جێبكه‌ن تا بێبه‌ش نه‌بن له‌ مافه‌كان كه‌ ده‌ستتان ده‌كه‌وێت له‌ڕێگه‌ی ئه‌و یه‌كگرتنه‌وه‌.”