بانكی بازرگانی ئاسانكاری كڕینی دۆلار لە لایەن بەشێك لە بازرگانانەوە رادەگەیەنێت

رێوشوێنەكانی بانكی ناوەندی و حكوومەتی عێراق بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی دۆلار لە بازاڕ بەردەوامن، بەتایبەتی كە لە ماوەی دواییدا نرخی دۆلار لە بازاڕ زۆر زیادی كرد، بۆ ئەو مەبەستە بانكی بازرگانی عێراق رای گەیاند كە بۆ لەمەودوا كڕینی دۆلار لە لایەن بازرگانە بچووكەكان (واتە خاوەن ماركێت و پڕۆژە بچووكەكان)، لە بانكەكانەوە دەبێت و پێویست ناكات بچنە ناو سەكۆی ئەلیكترۆنی بانكی ناوەندییەوە.

عەقیل شویلی، شارەزای راگەیاندن لە بانكی بازرگانی عێراقی وتی، بە گوێرەی دوایین بڕیاری بانكی بازرگانیی عێراقی، ئێستە بازرگانە بچووكەكان دەتوانن بە شێوەیەكی ئاسانتر دۆلاریان دەست بكەوێت و بە نرخی فەرمی، واتە 1320 دینار و بە رێژەی تا 100 هەزار دۆلاری مانگانە.

ئاماژەی بەوەشدا، حەواڵەكردنی دۆلار لە لایەن ئەو بازرگانانە لە رێگەی كردنەوەی حیساب لە بانكی بازرگانی عێراقەوە دەبێت، لەوێوە پارەكە بۆ حیسابێكی تر لە دەرەوە تەحویل دەكرێت، واتە پارەكە راستەوخۆ نادرێتە دەست بازرگانەكە، بەڵكو پرۆسەكە بۆ مەبەستی كڕینی كاڵاكان تەحویل دەكرێت.

شویلی دووپاتی كردەوە، پارەكە راستەوخۆ لە لایەن بانكی بازرگانییەوە دابین دەكرێت و ئەو پرۆسەیەش لە دەرەوەی سەكۆی ئەلیكترۆنی بانكی ناوەندییەوە دەبێت، مەبەستیش لەو كارە ئاسانكردنی دەستكەوتنی دۆلارە لە لایەن بازرگانە بچووكەكانەوە، بەتایبەتی كە ئەوان 60%ی ئەو بازرگانانە پێك دێنن كە لە بازاڕ هەن، بۆیە پێشبینی دەكرێت بەو رێگەوە نرخی دۆلار بە شێوەیەكی بەرچاو دابەزێت، چونكە ئەو بازرگانانە ناچار نابن دۆلار لە بازاڕ بكڕن، ئەو پرۆسەیەش لە سبەیەوە دەست پێ دەكات.