ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێم باج و ڕسوماتی گومرگی لەسەر ژمارەیەک ماددەی خۆراکی ھەڵدەگرێت

A man carries a box outside a food store amid concerns over the spread of the coronavirus disease (COVID-19), in Sanaa, Yemen May 13, 2020. Picture taken May 13, 2020. REUTERS/Khaled Abdullah

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ رایدەگەیەنێت، بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ھەڵگرتنی باج و ڕسومات لەسەر ماددە سەرەکیەکانی خۆراک کاریگەری ھەبووە لەسەر بازاڕ.

ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی ھەرێم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاند: بە بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و باج و ڕسوماتی گومرگی لەسەر ژمارەیەک ماددەی خۆراکی ھەڵگیراوە بە مەبەستی ئەوەی نرخی خۆراک بەرز نەبێتەوە لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی ئەو مادانەی سەرەکین بۆ ھاووڵاتیان و پێداویستی رۆژانەی خەڵکن، وەک ئارد و برنج و شەکر و چاو پاقلەمەنی و زەیت.

ئاماژەى بەوەشکردوە، ھەڵگرتنی باج بۆ ماوەیەک بەردەوام دەبێت، تا لایەنی کەم ئەو گرانیەی جیھانی گرتۆتەوە کاریگەری کەمتر بێت لەسەر ھەرێمی کوردستان.

بەڕێوەبەری گشتی گومرگ ئەوەى خستەڕوو، بڕیارەکەی حکومەت کاریگەری ھەبووە لەسەر رەوشی بازاڕ و کۆنتڕۆڵکردنی نرخ، چونکە دیراسەی بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان کراوە لەدوای ئەو گرانیەی بازاڕەکانی جیھانی گرتۆتەوە و دەرکەوتووە، بازاڕی ھەرێم بەراورد بە وڵاتانی دەوروبەر و جیھان زۆر باشترە.

ساماڵ عەبدولڕەحمان دەشڵێت، ئەو گرانیەی ھەیە ھۆکارەکان دەرەکین و لەسەرچاوەی بەرھەمھێنان نرخیان بەرز بۆتەوە، بەڵام حکوومەت بەو بڕیارەی توانی کاریگەری زۆری نەبێت لەسەر بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێستا لەڕووی نرخەوە ھەرێمی کوردستان باشترە لە وڵاتانی جیھان.