ئاسایشی خۆراك

دوای قەیرانە ئابووریەکەی سالی 2008 لە جیهاندا، سەرەرای زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان بەبەردەوامی، نرخی بەروبوومی خۆراكیش بەتایبەت دانەوێڵە بەرەو هەڵکشان ڕۆیشت، ئەم گۆڕڕانانە ئەوەندەیتر باری ئابووری و بژێوی هەندێ وڵاتی قورستر کرد، بە تایبەتی کە خواست لەسەر بایۆئیتانۆل وەکو سوتەمەنی بایۆلۆژی و بەخێوکردنی ئاژەڵ زیاتر بوون، کە پێویستی بەبڕێکی زیاتر لە بەرهەم هەبوو بۆ سوتەمەنی بایۆلۆژی و ئالیکی ئاژەڵ، ئەوەش ئاشکرایە، کە هەر کاتێ خواست زیاتر بێت بەرامبەر ئەوەش نرخی کاڵا و بەرهەمیش بەرزتر دەبێتەوە.
ئەم گۆڕڕانەی لە بواری دارایی جیهان و زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان بە گشتی ڕوویدا، کاریگەری لەسەر ئەوەش هەبوو، کە بەرهەمی ناوخۆ نەتوانی خواستەکانی بژێوی نێوخۆ پڕ بکاتەوە، بۆیە زۆربەی ئەو دەوڵەتانەی، لەبەر نەشیاوی جوگرافیاکەی بۆ چاندنی دانەویڵە و کەمی ئاو وەکو سعودیە، یا لەبەر زۆری دانیشتوانیان وەکو چین، بۆیە بیرۆکەی کڕین، یا بە کرێگرتنی زەوی کشتوکاڵی، وەکو پرۆژەیەك بۆ تێپەڕبوونی قەیرانەکان و پاراستنی ئاسایشی خۆراك و دابیکردنی ئارامی کۆمەڵایەتی، بووە یەکێك لە چارەسەرەکان، لە کاتێکدا ئەو وڵاتانەی زەوی کشتوکاڵی تێدا دەکڕڕێ، خۆیان وڵاتی خاوەن دانیشتوانی برسی و هەژارن.
لە جیهاندا بوونی ڕێژەی هەژار و نەدار، پەیوەستە بەو جۆرە سیاسەتەی لەو وڵاتەدا پەیڕەو دەکرێ، پەیوەستە بە هاوپێچ کردنی چەمکی یەکسانی و دادپەروەری، بە ڕۆڵی زانست لە کایە جۆراوجۆرەکانی ژیاندا، بە پەیڕەوکردنی ڕێسا و یاسا بۆ هەموو وەکو یەك، بۆ نمونە کیشوەری ئەفریقا یەکێکە لە کیشوەرە هەرە دەوڵەمەندەکانی جیهان لە ڕووی بوونی، وزە، کان و کانزا، قاوە، تا ڕادەیەك بوونی ئاویش، بەڵام لەلایەکەوە حوکمڕانی گەندەڵ و دیکتاتۆر و نادیموکراتین، لە لایەکیترەوە هیچ هەوڵێك نادرێ بۆ وشیارکردنەوە، پەروەردەکردنی کادری پیشەیی، ڕایەڵکردنی زانست، پشت بەستن بە سامانی سروشتی و سامانی مرۆیی خۆیان لە مەودا گرنگەکان و بە هێزی مرۆیی نێوخۆ، ئەفریقا خاوەن زەوی و زارێکی کشتوکاڵی فراوانە، بەڵام بۆ پێداویستی ناوخۆ سودی لێنابینرێ، بۆیە وڵاتەکانیتر تەکانی داگیرکردنی دەدەن بۆ چاندن و پڕکردنەوەی پێداویستی خۆیان.
کیشوەری ئەفریقا %15 ی ڕێژەی دانیشتوانی جیهانی تێدا دەژی، ڕێژەی %37 ی زەوی کشتوکاڵی جیهانی تێدایە، وڵاتی چێن %20 ی ڕێژەی دانیشتوانی جیهانی تێدایە و خاوەنی %9 ی ڕێژەی هەموو زەوی کشتوکاڵی جیهانە، بۆیە چین وابەستەی دابینکردنی ئاسایشی خۆراکی نێوخۆی خۆیەتی و لە کێشوەری ئەفریقیا زەوی کشتوکاڵی دەکڕێ، لە کاتێکدا ئەفریقا خۆی لە ژێر هەڕەشەی برسێتی و هەژاریدا دەناڵێنێ، بۆ نمونە لە تەنزانیا و موزەمبیق و ئەتیوبیا،
لە باشوری کوردستاندا، زەوی کشتوکاڵی، ئاوی سازگار، کەشوهەوای شێاو، دەستی کار، خاکی بەپیت، هەمووی پێکەوە کۆڵەکەی بوژانەوە و وەبەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانن، جگە لە بوونی چەندەها زانکۆ، کە چەندەها پرۆفیسۆر و شارەزا و پسپۆر و تایبەتمەند، کە لە بواری جیاجیا کاری تێدا دەکەن، لێرەدا دەبێ جەخت لەسەر ویستی دەسەڵات بکرێ، فۆکۆس لەسەر چۆنیەتی بەرنامەکانی حکومەت بکرێ، ئەگەرچی ماوەی سی ساڵە سەرژمێریەکی پوختی کوردستان نەکراوە، بەڵام شەش حەوت ملیۆن کەس، بە بوونی ئەو هەموو داهاتە سروشتیە، وەکو ئاو، خاك، سامانی مرۆیی، بوونی کان و کانزا و وزە، چۆن ڕەوا دەبێ هەموو بەرخۆرەکان هاوردە بکرێ، بەبێ بوونی کواڵتێتی جۆری و کۆنتڕۆڵی ورد و دروست؟
لە کاتێکدا هەمیشە داخستنی سنوور و برسی کردنی هاونیشتیمانی، یەکێکە لە هەڕەشەکانی وڵاتە دراوسێکان، لێرەدا بۆشایی خستنەگەڕی دەسەڵات، بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراکی نیشتیمان بۆشاییەکی گەورە و نەشیاوە، تەتەڵەکردنی هۆکار و دەرهاویشتەکانی پێویستیەکی هەنوکەییە.