لەپەراوێزی خەڵاتكردنی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی

* ئاراس عەبدولکەریم مەعروف

دیاریكردنی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی وەک چالاكترین ژوور لەئاستی عێراقدا، یەكێكە لەو روداوە ناوازانەی كە لەبواری ئابوریدا شایستەی زیاتر تیشك خستنە سەرو قسە لەسەر كردنە.

بەر لەهەموو شتێك ئەم خەڵاتكردن‌و رێزلێنانانە تەنها شانازی نییە بۆ ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی‌و ئەم شارە، بەڵكو شانازی‌و رێزلێنانیشە لەیەكێتی ژوورە بازرگانییەكانی كوردستان‌و هەموو هەرێمی كوردستان‌و تەنانەت ژوورە بازرگانییەكانی عێراق‌و سەرتاسەری ئەم وڵاتە، لەبەرئەوەی سلێمانی‌و ژووری بازرگانی‌و پیشەسازییەكەی ناوچەیەكی دانەبڕاو نییە لەكوردستان‌و عێراق‌و بگرە ناوچەكە، ئەمە دیدو روانینی ژووری بازرگانییە بۆ پەیوەندییە بازرگانی‌و ئابورییەكانی ئەمڕۆمان، چونكە هیچ شارو هیچ هەرێم‌و هیچ وڵاتێك ناتوانێت بەتەنها ئابورییەكەی بەهێزو پێشبخات‌ گەر تێكەڵ بەبازرگانی‌و ئاڵوگۆڕی زانیاری‌و ئەزمونی ئابوری دنیا نەبێت.

سلێمانی‌و بازرگانەكانی‌و ژووری بازرگانیەكەشی هەمیشە بەم جیهانبینییەوە مامەڵەیان كردوە، بۆیە بەردەوام دەستپێشخەر بوون لەدروستكردنی رایەڵێك لەپەیوەندی لەگەڵ هەموو بازرگان‌و پیشەسازان‌و وەبەرهێنەرانی ئەم وڵاتەو ناوچەكەدا، باشترین بەڵگەش ئەوەیە كە هەر ئەمڕۆ زۆربەی بریكاری براندە ناودارەكانی خۆراكی جیهان لەسلێمانیدان.

بەدڵنیایی لەجیهانی ئەمڕۆدا باو، باوی هێزی ئابوری بچوك بچوك نییە، بەپێچەوانەوە سەردەمی تەكتولاتی گەورەی ئابورییە، تەنانەت زۆرێكیش لەكێشە مێژوویی‌و سیاسییە دوورودرێژەكانی ناوخۆی ولاتێك یاخود نێوان وڵاتان لەڕێگەی پتەوكردنی رایەڵی ئابوری‌و كاری هاوبەشی ئابورییەوە چارەسەر كراون. باشترین نمونە دامەزراندنی بازاڕی هاوبەشی ئەوروپایە، كە وڵاتانی پڕ لەناكۆكی كیشوەرێكی لەڕێگەی ئابوری‌و توندوتۆڵ كردنی پەیوەندییە ئابوری‌و دراوییەكانەوە بەیەكەوە بەستوەتەوەو هەر لەسەرەتای دروستبوونییەوە چاویان لەسەر ئەوە بووە كە یەكێتی ئەوروپا ببێتە یەكێك لەهێزە باڵادەست‌و كاریگەرەكانی سەر شانۆی ئابوری‌و سیاسی لەئاستی نێودەوڵەتیدا.

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاش نمونەیەكی دیكەیە، كە پەنجا ویلایەت سەڕەرای دابەشبوونی مێژووییان بەسەر دوو حیزبی دیموكرات‌و كۆماریخوازدا، داهێنانی ئابوری‌و بازاڕی ئازادو بنەماكانی دیموكراسی لەچوارچێوەی دەوڵەتێكی بەهێزی وەك ئەمەریكادا كۆیكردونەتەوە.

چەند ساڵێكە وڵاتە گەورە پیشەسازییەكانی جیهان‌، وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیا‌، وڵاتانی كەنداو، وڵاتانی دەوروبەری دەریای خەزەر، وڵاتانی دەریای كاریبی‌و ئابورییە گرنگەكانی وەك روسیا‌و چین‌و بەرازیل‌و وڵاتەكانی دیكە لەخەمی ئەوەدان ئابورییەكانیان بچوك نەبێتەوەو بەرگەی كێبڕكێی ئابوری ئەم سەردەمەی جیهانگیری‌و گەشەی تەكنیك‌و تەكنەلۆجیا بگرێ‌‌و لەڕەوتی روداوەكان دانەبڕێن‌و ببنە تەكەتولێكی گەورەی ئابوری تا نەپوكێنەوەو دانەخورێن.

دەمێكیشە ئابوریناسان‌و سیاسەتمەدارانی بەئەزمون‌و دنیادیدەی ئەم ناوچەیە بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن کە یەکێک لەچارەسەرە گرنگەكانی كێشە نەبڕاوەو درێژخایەنەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەشەی ئابوری‌و هاوكاری‌و بەیەكەوە بەستنی ئابورییەكانیانە، هەنگاوێك كە لەبری ململانێ‌‌و ناكۆكی‌و شەڕو ئاژاوەو داچەندنی ئابورییەكانیان لەكڕینی چەك‌و گەورەكردنی جبەخانەی سەربازییاندا، خۆشگوزەرانی‌و گەشەی ئابوری بۆ گەلەكانیانی پێ دەستەبەر بكەن.

لەبەرئەوە ئەم خەڵاتە هاندەرمان دەبێت کە ئێمە لەژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی هەمیشە نەك هەر تەنها چاومان لەسەر ئەوە بێت پێشكەوتن‌و خۆشگوزەرانی بۆ ئەم شارە بەدیبێت، بەڵكو خەون‌و ئامانجمان بەدیهێنانی ئاسودەیی‌و گەشەیەكی ئابوری بەردەوام درێژخایەن دەبێت بۆ كوردستان‌و عێراق‌و سەرتاسەری ئەم ناوچەیە.