وردبین‌و وردبیینی

شەن جەزا کەریم

لەبنە ڕەتدا وردبیینی لەگەڵ ژمێریاری دوانەیەکن کە بەبێ یەکتری پرۆسەی ژمێریاری لەنگ دەبێت، بەڵام ئەتوانین بڵێن وردبیینی بەشێکی جیاوازو سەربەخۆیە لەگەڵ ژمێریاریدا.

وردبیینی دارایی (Financial Audit ) واتا لێکۆڵینەوە لەهەمو کردارو پرۆسەیەکی ژمێریاری‌و بەدواداچون لەهەمو ئەو مامەڵە ژمێریاریانەدا کە ئەنجام دراوە، ئەوە بەدوو قۆناغ ئەنجام ئەدرێ:
١ـ وردبیینی ناوخۆ (Internal audit) ئەم پرۆسەیە سەربەخۆیەو مەبەست لەم وردبیینیە لێکۆڵینەوەیە لەکاتی خۆیدا، جگە لەدڵنیابون لەڕاست‌و دروستی ژمێریاری‌و دارایی، وردبیینیشە لەیاساو ڕێسا کارپێکراوەکانی دامەزراوەکە، هەروەها لێکدانەوەیە بۆ چالاکیەکانی، ئامادەکاریشە بۆ پرۆسەی وردبیینیە گشتگیرەکەی کە وەرزی یان ساڵانەیە.

لێرەدا ئەبێت ئەرکەکانی وردبینی ناوخۆش ڕون بکەینەوە کە خۆی ئەبینێتەوە لە: وردبینی ناوخۆ ئەو کەسەیە کە لەبەشی وردبیینی دامەزراوەکەدا کاردەکات، پێویستە پسپۆری تەواوی هەبێت لەو بوارەدا، لەئاستی ئەوەدا بێت کە بتوانێت بەرپرسێرێتی هەڵبگرێت، لەبەرئەوەی ئەم بەرپرسیارێتیە جگە لەوەی پەیوەستە بەپرۆسەی ژمێریاریەوە، بەرپرسیاریەتیشە بەرامبەر بەدیسپلینی کارگێڕی کە لەم سەردەمەدا گرنگی خۆی هەیە ڕۆژبە ڕۆژ پەرەی پێئەدرێت.

٢ــ وردبیینی وەرزی یان ساڵانە، کە وردبیینی دەرەکیشی پێدەوترێت (External auditor) ئەم پرۆسەیە لێکۆڵینەوەو پێداچونەوەیەکی بەر فراونە کە وردبینی سەربەخۆ لەدەرەوەی دامەزراوەکاندا پێیهەڵئەسێت، پێویستە هەموو دامەزراوەو کۆمپانیایەک ئەنجامی بدات بۆ دەرکەوتنی ڕاستی‌و دروستی هەمو ئەو مامەڵە داراییانەی کە ئەنجامدراون لەڕابوردودا، ئیتر بەپێی پەیرەوو ڕێنمایی دامەزراوەکە وەرزی بێت یاخود ساڵانە، کەواتە دوای وردبینی هەم ڕاستاندنەو هەم ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵانەیە کە بەسەر بەشی ژمێریاری‌و وردبیینی بەتایبەتی‌و دامەزراوەکە بەگشتیدا تێپەڕیوە.

ئەو لایەنانەی بەرپرسن لەئەنجامدانی پرۆسەی وردبیینی بەپێی تایبەتمەندی دامەزراوەکە دەبێت، هەر لەبەرئەوەیە ئەتوانین بڵێین لەفەرمانگە حکومیەکاندا، بەڕێوەبەرایەتی چاودێری دارایی، کە سەر بەوەزارەتی داراییە هەڵئەسێت بەو ئەرکە، بەڵام لەکەرتی تایبەتدا نوسینگە تایبەتەکانی وردبیینی ڕێگەپێدراو لەلایەن حکومەتەوە بەم چالاکیە هەڵدەسن.

لەوردبینی دەرەکیدا ئەبێت بەم قۆناغانە ئەنجام بدرێت:
١ــ پشکنین (EXAM) کە ئەم قۆناغە بەوە دەستپێئەکات پشکنین بکات لەڕاستی‌و دروستی فاکتۆرو دۆکۆمێنتەکان‌و وەسڵی کڕین، لیستی خەرجکردن، هەمو پەراوەکانی پەیوەست بەمامەڵەی خەرجکردنەوە هەیە، کە ئەبێت هەندێجار نمونەی وەسڵ یان فاکتۆری کڕین‌و خەرجکردن وەربگیرێت‌و بەدواداچونی بۆ بکرێت لەسەرچاوەکەی تا گەیشتن، بەئامانجی دەرکەوتنی ڕاست‌و دروستی دۆکۆمێنتەکان.

٢ــ پێداچونەوە (REVIEW) ئەم پرۆسەیە جۆرێکە لەدڵنیا بون کە وردبین لەپرۆسە ژمێریاریەکەدا کەموکورتی نابینێت بەڵام لەکۆی مەبەستەکەو ڕاپۆرتەکان دڵنیا نیە ئەبێت بەدواداچونی بۆ بکات.

کەواتە ئەتوانین بەم جۆرە وردبیینی لێکبدەینەوە بۆ ئەوەی تیگەیشتنمان بۆی هەبێت: وردبیینی پرۆسەیەکە کەسێک یان چەندکەسێک وەک تیمێک پێیهەڵبستن بۆ دەربڕینی ڕایەک کە تایبەت بێت بەهەمو مامەڵە ژمێریارەکانەوەو راپۆرتی زانستی ئامادە بکەن دەربارەی ئەو کارانەی کە لەڕابوردودا ئەنجامدراون، بەمەرجێک ڕێگەپێدراو بن لەدەزگایەکی تایبەتمەند کە لەلایەن حکومەتەوە بەپێێ یاساو ڕێننمایی هەڵگری مۆڵەتی کارکردنیان هەبێت، کارەکەیان پسپۆری بێت لەو بوارەدا ئاستی زانستی‌و شارەزاییان تایبەت بێت بەژمێریاری‌و وردبیینی، بەپێی یاساو ڕێساکانی وردبیینی کە لەگەڵ ستانداردی وردبیینی زانستی‌و جیهانیدا یەک بگرێتەوە، هیوادارین توانیبێتمان بەدرشتی لەڕێی “بازرگانی‌و پیشەسازی”ەوە سەربوردەیەکمان لەچەمکی وردبیینی‌و وردبین رونکردبێتەوە.