سکرتاریەت

شه‌ن جه‌زا كه‌ریم

ڕەنگە سەرەتا لێکدانەوەی بناوانی وشەکەو ئەرکی سکرتێر کارێکی پێویست بێت، ئەرکی سکرتاریەت وەک پیشەیەک لەگەڵ شۆڕشی پیشەسازی لەئەوروپادا سەریهەڵدا، وشەکەش لە(SECRET)ی ئینگلیزیەوە وەرگیراوە بەمانای نهێنی.

هەرچەندە لە سەرەتادا ئەم پیشەیە تەنها بۆ پیاون بو، ئەرکەکانیشی بریتی بوە لەنوسین‌و خوێندنەوەی نامەو تۆماری حسابات‌و لێکدانەوەی زەرەرو قازانج. لەگەڵ ڕۆژگارو پێشکەوتنی زانست‌و تەکنۆلۆژیادا ئەمڕۆ گەیشتۆتە ئاستێکی باڵا.

زۆرن ئەوانەی کە ئەم کارە بەکارێکی بێ ئەرک‌و ئاسان ئەزانن، بەڵام پێچەوانەکەی ڕاستە، ئەمڕۆ خۆی لەخۆیدا بوە بەپسپۆری‌و تەنانەت بڕوانامەی باڵاشی تیا بەدەست دێت، لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەم بوارەدا تەنها نوسین‌و خویندن‌و پاراستنی نهینیەکان بەس بون بۆ ئەوەی کەسێک ئەرکی سکرتێری لەئەستۆ بگرێت، با بزانین ئەم بوارە بەکوێ گەیشتوەو ئەمڕۆ چی لەخۆ ئەگرێت‌و سکرتێری سەرکەوتوو ئەبێت چۆن بێت.

خەسڵەت‌و مەرجە پێویستەکانی:
١ــ بوونی بڕوانامەی ئەکادیمی، شارەزاییەکی تەواو لەبواری کۆمپیوتەرو بەئەلکترۆنیکردنی دۆکۆمێنت‌و پەراوەکان.
٢ــ توانای ڕێکخستن‌و ئیدارەدانی ئەرکەکان بەباشترین شێوە.
٣ــ هەستیاری بەداواکاریەکان، توانای گفتوگۆ کردن بەجوانترین ئیتیک‌و گەیاندنی مەبەست بۆ بەرامبەر، تەنانەت فۆنەتیکی زمان‌و دەنگ‌و قسەکردنیش ئەبێت گونجاو بێت.
٤ــ فریاکەوتنی پێشهاتی لەناکاوو مامەڵە کردن بەهێمنی‌و لێزانانەو توانای بڕیاردان‌و باوەڕ بەخۆ بوون.
٥ــ زانینی زمان جگە لەزمانی دایک، کە پێداویستیەکی هەنوکەییەو فاکتێکی بەرچاویشە بۆ سەرکەوتن لەبوارەکەدا، بەتایبەتی (ئینگلیزی).
٦ــ توانای ڕێکخستنی کات (موعد)و پاراستنی نهێنیەکان بەباشترین شێوە.
٧ــ زیرەکی‌و لەبیرنەچونەوە فاکتەرێکی گرنگی ئەو پیشەیەیە.
٨ــ چالاکی بەردەوام‌و گورجوگۆڵی‌و ڕێزگرتن لەهەموان وەک یەک.

هەمو ئەو خەسڵەتانەی ئاماژەمان پێدا بۆ ڕێکخستن‌و بەڕێکردنی ئەرکەکانی بەڕێوەبردن‌و کارگێڕییە، کە سکرتێر ڕۆڵی بەرچاوی تیا ئەگێڕێت، وەک:
١ـ ڕێکخستن‌و پرۆگرام کردنی کارو چالاکیەکان کە ئەرک‌و فشار لەسەر سەرۆک‌و بەڕێوەبەرو لێپرسراوی بەشەکان کەم بکاتەوە.
٢ــ کۆکردنەوەو ڕێکخستنی پەراوو دۆسیەو دۆکۆمێنتەکان‌و دڵنیابونەوە لەڕاست‌و دروستیان.
٣ــ پاراستنی هەموو نهێنیەکان.
٤ــ دانانی بەرنامەی کات بۆ هەموو ئەرکەکانی دەستەی کارگێڕی‌و سەرۆکایەتی فەرمانگەکەی.
٥ــ کارکردن وەک پردی پەیوەندی بەهەموو لایەنەکانی دەرەوەو ناوەوی دامەزراوەکەی.

ئەمە ئەرکی ڕۆژانەی سکرتێرە کە هەنوکەیین، ئەبێت ڕۆژانە مامەڵەیان لەگەڵدا بکات، جگە لەمانە ئەرکی تریشی هەیە کە ئەرکی ئۆفیسە لەسەر مێزی نوسینگە ئەنجام ئەدرێ، ئامادەکردنە بۆ بەردەم بەرپرسەکەی.
١ــ پێشوازی کردن بەجوانترین شێوەو ئەتەکێت لەسەردانیکەران‌و کارمەندان‌و ڕێکخستنی کات بۆیان بۆ چاوپێکەوتن ئەگەر پێویست بوو، هەروە‌ها جیاکردنەوەی داوای داواکاران‌و ئاراستەکردنیان بۆ بەشی پەیوەنیدار.
٢ــ بەدواداچون‌و چاودێری پۆستەی ڕۆژانە (البرید الیومي) لەهاتوو ڕۆشتوو.
٣ــ ئامادەکردنی ڕاپۆرتی هەفتانە یان مانگانەو لێکدانەوەی بۆ دەستنیشان کردنی چەندایەتی‌و چۆنایەتی ئەرکەکان‌و ئەنجامەکانیان.
٤ــ تۆمارکردنی ئەلکترۆنی، واتا داتا کردن‌و تۆمار کردن لەسەر کۆمپیوتەر، پاراستنی هەندێک دۆکۆمێنتی هەستیار لەدۆسیەی تایبەت‌و نهێنیدا.
٥ــ هەڵگرتن‌و پاراستنی ئەو دۆکۆمێنتانەی نهێنی‌و کەسین لەشوێنی تایبەت‌و توندوتۆڵدا کە تەنها سکرتێر خۆی جێگەیان بزانێت.

ئەوەی خستمانە بەر دیدی خوێنەر خەسڵەت‌و ئەرکەکانی سکرتێر بوون، جگە لەمانە پێویستە سکرتێر شارەزایی تەواوی هەبێت لەئیدارەو کارگێڕیدا، ئەرک‌و فەرمانی گشت بەش‌و لایەنەکانی دامەزراوەکەی خۆی شارەزا بێت تا بتوانێت بەباشترین شێوە ئەرکەکان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکات‌و رێگاکان کورت بکاتەوە، کە لەکۆتاییدا کەمکردنەوەی ڕۆتین‌و فشارە لەسەر دامەزراوەکەی کە کاری تیا ئەکات.