کەس لە دوای خۆت بەجێمەهێڵە

د.بڕوا خالید
پسپۆڕ لە زانستی خۆراك

”کەس لە دوای خۆت بەجێمەهێڵە”  دروشمی ئەمساڵی ڕۆژی جیهانی خۆراکە، کە ساڵی 2022 بەساڵی قەیرانەکان لەقەڵەم دراوە بەهۆی بەردەوامی پەتای کۆرۆناو گۆڕانی کەش و هەواو وشکەساڵی و زیادبونی نرخی خۆراك و ناکۆکی و گرژی نێوان وڵاتان ناسەقامگیری سیاسی بەتایبەت (کێشەی ڕوسیاو ئۆکرانیا ) هەروەها قەیرانی ئابوری و نرخی جیهانی نەوت و کانزاکان.

هەموو ئەم ئاڵەنگاریانە کاریگەریان هەبووە و هەیە لەسەر ئاسایشی خۆراك لە جیهاندا بە جۆرێک ملیۆنان کەس لە دۆخی نائارامی و نا ئاسایشی خۆراکیدان کە ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانی(فاو) چەندین داتای سەیر و مەترسیداری بڵاوکردۆتەوە بۆ نمونە 40% دانیشتوانی جیهان کە ئەکاتە 3.1 بلیۆن کەس بەدەست نەبونی خۆراکی تەندروستەوە گیرۆدەن یان ڕۆژانە 30000 کەس بەهۆی ناسەقامگیری و شەڕ و کێشەی نەتەوەی و ڕەگەزی و ئاینی و کلتوری کۆچ دەکەن و زێدی خۆیان جێدێڵن ، وە نزیکەی 160 ملیۆن منداڵ خەریکی کارکردنن بۆ پەیداکردنی قوتی ڕۆژانە بەهۆی سەختی گوزەران و بژێویانەوە .

هەموو ئەم کێشانە مەترسی برسێتی و بەدخۆراکی زیاتر و زیاتر دەکات ، لەهەموی خراپتر ئەوەیە گەورەترین زیان بەر ئەو گوندنشینانە و ناوچەکانیان و ئەو خەڵکانە دەکەوێت کە پشتیان بەستوە بەکاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری و سەرچاوەسروشتیەکان بە هۆی کارەساتی دەستکردی مرۆڤەکان و کارەساتە سروشتیەکانەوە ، جگە لە نەبونی پاڵپشتی و هاوکاری ماددی و تەکنەلۆجی و زانستی بۆیان .

بۆیە مرۆڤایەتی بەرامبەر قەیرانە جیهانیەکان وەکویەک بەرپرسیارە و پێویستی بەهاوکاریی و پاڵپشتی یەکتری هەیە لەسەرتاسەری جیهاندا چونکە تێکچونی هاوسەنگی لە هەر بەشێکی گۆی زەوی کاریگەری دەبێت دورونزیک لەسەر بەشەکانی تری و پچڕان لە زنجیرەی ژیان و مرۆڤایەتی دروست ئەبێت بۆیە: بەرهەمهێنانی باشتر ، خۆراکی باشتر ، ژینگەیەکی باشتر، ژیانێکی باشتر ، ئەو ئامانجانەیە کە زامنی مانەوەی مرۆڤایەتی دەکەن ئەمانەش بە باشکردن و تۆکمەکردنی سیستەمی کشتوکاڵی و خۆراکی دێتە دی.