ئەمڕۆ هەینیی ڕەشە، واتاکەی چییە و چیرۆکەکەی لەکوێوە هاتووە؟

ساڵانە لە کۆتا هەینیی مانگی تشرینی دووەمدا لە ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی خۆرئاوا و هەندێک وڵاتی عەرەبی، ڕۆژی هەرزانکردنی کاڵا و شمەکەکان لەژێر ناوی Black Friday ڕادەگەیەندرێت.

لەو ڕۆژەدا ئەو فرۆشگەیانەی بڕوایان بەو کەلتووری فرۆشتنە هەیە نرخی شمەک و کاڵاکانیان دادەبەزێنن و خەڵکێکی زۆریش دەیانەوێت سوود لەو داشکاندنە وەربگرن و ڕوو لە فرۆشگەكان دەکەن.

ئەگەرچی بەڕووکەش وادەردەکەوێت سوودمەندی یەکەمی ئەو ڕۆژە تەنها کڕیارەکان بن، بەڵام بەهۆی زۆریی کڕیار و ساغکردنەوەی بەشێکی زۆری کاڵاکانەوە، فرۆشیارەکانیش سوودمەندی ڕۆژەکە دەبن.

مێژووی ڕۆژەکە بۆ ساڵی 1869 دەگەڕێتەوە، کاتێک لەناو ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکادا کێشەیەکی ئابووریی گەورە ڕوویدا، بەهۆیەوە کڕیار لە كڕینی کاڵا و شمەکەکان کشایەوە و بەوەش بەشێکی زۆری کاڵاکان لە کۆگاکاندا کەڵەکەبوون، بۆیە ڕۆژێکی وا ڕاگەیەندرا، تا کاڵا کەڵەکەبووەکان کەمبکرێنەوە و بە نرخێکی کەم بفرۆشرێن.

سەرەتای دروستبوونی ئەم ڕۆژە وەک چارەسەرێکی خێرا بۆ کەڵەکەبوونی کاڵا ڕاگەیەندرا، بەڵام لەو ڕۆژەوە تا ئێستا ساڵانە یەک ڕۆژ، کە دەکەوێتە کۆتا هەینیی مانگی تشرینی دووەم و دوای جەژنی سوپاسگوزاریی ئەمریکییەکان بەردەوامی بەو کەلتوورە لە فرۆشتن دەدرێت.

بەهۆی کاریگەریی کەلتووری ئەمریکی بەسەر جیهانەوە، ئێستا ڕۆژەکە بۆ زۆرینەی شوێنەکانی جیهان گواستراوەتەوە و ڕۆژی هەینیی ڕەش یاددەکرێتەوە.