سلێمانی شایستەی بایەخپێدانی زیاترە

قەیرانی دارایی، ماوەیەکی زۆرە بەرۆکی بەهەرێمی کوردستان گرتووە، خەڵکی سلێمانی زیاد لەهەر شوێنێکی دیکەو لەبەر چەندین فاکتەری جیاواز لەسایەی ئەم قەیرانەدا هەستیان بەجۆرێک لەپەراوێزخستنو تەنانەت وەک زۆرێک لەکەسانی ئاگادار دەڵێن هەستیان بە”گەمارۆدانو جۆرێک لەسزادان”یش کردووە!.

پڕۆژەکانی رێگەوبانو خزمەتگوزاریو وەبەرهێنان وەک پێویست ناچنە بواری جێبەجێ کردنەوە، سەدان کۆمپانیائ گەورەو بچوکو بەڵیندەرو پیشەسازان لەم چەند ساڵەی دواییدا بەهۆی بێ بازاڕیو قەیرانی داراییەوە شکستیان هێناوە، زۆرجار خۆڵو خاشاک بۆ ماوەی چەند رۆژێک کۆڵانو شەقامەکان دادەپۆشن، نەخۆشخانەکان بێ دەرمانو قوتابخانەو ناوەندەکانی خوێندن کان بێ پێداویستییە سەرەکییەکانی خوێندنن، موچە بەراورد بەشوێنەکانی دیکە لەسلێمانی زیاتر دوادەکەوێت، بازرگانو پیشەسازانو وەبەرهێنەران دادو بێدادیانە بەهۆی رێوشوێنی ئالۆزی کارگێڕییو زۆری باجو گرانی نرخی سوتەمەنیو یەکەی کارەباو نەبونی ژێرخانی ئابوری پێویستەوە.

بۆ دەرباز بون لەم گرفتو قەیرانانە، ئەوەی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی لەدەستی هاتبێت کردویەتی، لەو پێناوەشدا ماوەی زیاتر لە سێ مانگە ژوور شەوو رۆژی خستوەتە سەر یەک، بۆ ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەم کێشەو گرفتانە ئاگادار بکاتەوەو رێگاچارە بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوەو ئامادەیی خۆی بۆ هەموو هاوکارییەک دەربڕیوە بەمەبەستی دەرباز بوون لەم دۆخە نەخوازراوەی سلیمانی بەدەستییەوە گیرۆدەیە.

هاوکات لەگەڵ ئەم هەوڵانەی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانیشدا، هەڵمەتێکی گەورە لەئارادایە بۆ ئەوەی سلیمانی لەگەشە نەکەوێت، بەڕێزان بافل تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانو قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانو چەندین وەزیرو لێپرسراوو کاربەدەستانی پەیوەندیدارو خەمخۆرانی سلێمانی شێلگیرانە لەهەوڵی ئەوەدان ئەو کەموکورتیانەی لەم چەند ساڵەی دواییدا لەڕووی کارگێڕییو دروستکردنی ئاستەنگەوە بۆ وەبەرهێنەرانو بازرگانانو پیشەسازان هاتونەتە پێش، چارەسەری بکەن، کە ئەم هەوڵو کۆششەیان مایەی دڵخۆشیو دەستخۆشییە.

بەتایبەتی کارکردنیان لەسەر چالاککردنی ئەو دامەزراوانەی کە پەیوەندی راستەوخۆیان بەژیانی خەڵکەوەیەو ئەرکی سەرەکیان خزمەتکردنی شارو پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە، لەپێش هەمویانەوە “شارەوانی”، بۆ ئەوەی باشترو گونجاوترو تەندروستر لەبواری خزمەتگوزارییو ژینگەو زەویو زارو پاکو خاوێنی شارو پاراوکردنی پارکەکاندا هەنگاو بنێتو بەرەو چاکسازییەکی راستەقینە ئاڕاستە بکرێ.

هاوکات باجو گومرگو گوشارخستنە سەر کەرتی تایبەت بەمەبەستی کۆکردنەوەی داهات بۆ مووچە، پێویستی بەچاوخشاندنەوەیەکی وردو زانستیانەیە، تا کەرتی تایبەتو بازاڕ بێ هیواو ماندووتر نەکرێت.

سلێمانی خاوەنی هێزێکی مرۆیی بەهێزو توانای داهێنەرانەی گەنجانو سەرچاوەی سروشتی زۆروزەبەندی بەپیتو گەورەیەو تەنها پێویستی بەئیدارەیەکی کارامەو تۆکمەیە بۆ ئەوەی لەگەشەی ئابوری نەکەوێت، ئەم شارە شایستەی بایەخپێدانی زیاترەو شایستەی ئەوەیە ئاوەدانترو گەشاوەتر بێت.

بێگومان ئەرکی حکومەتی هەرێمیشە، هاوکارێکی راستەقینە بێت بۆ ئەوەی پڕۆژەکان لەسلێمانی پەکیان نەکەوێو کەرتە گشتییە گرنگەکانی وەک تەندروستیو پەروەردەش بەهۆی نەبونی کەرەسەو پێداویستییەکانیانەوە لەکار نەکەون، کە بەداخەوە زۆرجار ئاماژە بەوە دەکرێت سلێمانی “سزا دەدرێت”! .

ئەگەر وابێت، ئەوە گوناحێکی گەورەو ناحەقییەکی گەورەیە دەرهەق بەم شارە دەکرێ، شارێک کە لەوەتەی هەیە مەڵبەندی ئەدەبو رۆشنبیرییو خەباتو قوربانیو کۆڵنەدان بووەو هەموو ئەو هێزانەش کە لەسەد ساڵی رابردودا گەمارۆو سزایان داوە، سەرەنجام تێکشکاونو سلێمانیش هەر بەجوامێریو سەربەرزی ماوەتەوە.