ڕۆڵی کۆمەڵەی هەرەوەزی لەپێشخستنی کشتوکاڵ

وەسفی خەلیل

سروشتی مرۆڤ هەر لەسەرەتاوە جۆرێک لەهەرەوەزی خۆڕسک لەنێوانیادا هەبووە ئەوەش لەبەر دوو هۆکار:
یەکەم، بۆ بەرگری لەخۆیان لەو مەترسیانەی کە ڕوبەڕویان بوەتەوە، چ پەلاماردانیان لەلایەن دوژمن یان مەترسیە سروشتیەکان، یان هەوڵدانیان بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانی ڕۆژانەیان. دیارە لەسەرەتاوە ڕاوە نیچێر بووە، دوای ئەوە دەستیان کردوە بەکشتوکاڵ‌و ئاژەڵداری‌و جۆرێک لەهەرەوەزی لەنێوانیاندا بەدیدەکرا، ئەمە بەردەوام بوە تا سەدەکانی ناوەڕاست لەئەوروپا بەگشتی‌و لەبەریتانیاو فەرەنساو ئەڵمانیا بەتایبەتی. تا ڕادەیەک خەڵکانیک لەتوێژەران‌و کۆمەڵناسان هەوڵیان داوە جۆرێک لەتیۆری تایبەتی بۆ دابڕێژن، بەتایبەت لەسەرەتای سەدەی نۆزدەیەم، دەتوانین ئەمەش بەسەرەتای بزوتنەوەی هەرەوەزی نوێ دابنێین.
دیارە شۆڕشی یشەسازی بووە مایەی مەترسییەکی گەورە لەسەر چارەنوسی کرێکاران‌و پیشەوەران‌و خەڵکانی هەژار، ئەمەش لەئەنجامدا بووە تێکدانی سستمی دەرەبەگایەتی‌و سەرهەڵدانی چینێکی نوێ لەناو کۆمەڵگا بەناوی چینی پڕۆلیتاریا، هەرچەندە جۆرێک لەشێوازی هەرەوەزی بەشێوەیەکی سادە لەنێوانیان بەدیدەکرا، لەئووروپا وەکو چۆن لەهەموو جیهان هەبو، بەڵام شۆڕشی پیشەسازی پاڵنەریکی گەورە بوو بۆ پێکهینانی بزوتنەوەی کۆمەڵەی هەرەوەزی لەبوارە جیاجیاکانی ژیاندا.
لەو بیرمەندانەی کە خاوەنی ئەم بیرۆکەیە بوون‌و بەباوکی بزوتنەوەی هەرەوەزی نوێ دائەنرێن “ڕۆبەرت ئۆین”و “شارل فوری” بوون، هەردووکیان لەفەرەنسا لەدایک بوون. هەرچەند هەردوکیان سەر بەهەمان خوێندنگای ئابورین، بەڵام بەدابڕان‌و بێئەوەی پەیوەندییان بەیەکەوە هەبێت، سەودای ئەم جوڵانەوەیە بوون، هەروەها نوسینەکانیان لەساڵی ١٨٤٤ کەوتە بەردیدەی خوێنەران، بەوەش توانییان یەکەم کۆمەڵەی هەرەوەزی بەکاربەری سەرکەوتو دابمەزرێنن. هەر بەو شێوەیە جۆرەها کۆمەڵەی هەرەوەزی لەئەڵمانیاش پەیدا بوو. سەرهەڵدانی ئەم جۆرە کۆمەڵە هەرەوەزیانە بەپێی پێویستی‌و خواستی هەر وڵات‌و شارێک دادەمەزرا، لەوانە کۆمەڵەی هەرەوەزی نیشتەجێ بوون‌و کۆمەڵەی هەرەوەزی بەکاربەرو کۆمەڵەی هەرەوەزی کشتوکاڵی. لەهەندی جێگاش کۆمەڵەی هەرەوەزی ماسیگران‌و گواستنەوەو بەبازاڕکردن، تا رادەیەک ئەم کۆمەڵانە بەشێوەیەک گەشەیان کرد سنوری وڵاتانیشی بەزاند، وەکو دامەزراندنی هاوپەیمانێ هاریکاری نێودەوڵەتی لە لەندەن لەساڵی ١٨٩٥.
دەبێت ئەو ڕاستیەش بزانین ڕۆڵی بڵاوبونەوەی تیۆری سۆشیالیستی لە ئەوروپا لەو سەردەمە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو بۆ دامەزراندنی ئەم کۆمەڵە هەرەوەزیانە، لەبەریتانیا لەساڵی ١٧٦٩ یەکەم کۆمەڵەی هەرەوەزی نیشتەجێبون دەستی بەکارەکانی کرد، هەر لەو سەردەمە چەندین کۆمەڵەی هەرەوەزی لەو وڵاتە دامەزران، وەک کۆمەڵەی کۆڵبەران‌و رستن‌وچنین، بەو شێوەیە سەدان کۆمەڵەی هەرەوەزی دامەزرا لەبەریتانیا، ئەم کۆمەڵە هەرەوەزیانە بەوەوە نەوەستان بەڵکو کارگەیان کڕی بۆ ئەوەی بەڕهەمەکەی بەهەرزان بفرۆشن‌و قازانچەکەشی دابەش بکەن بەسەر کرێکارانی کارگەکان. هەروەها هەڵسان بەدانانی سستمێک نوێی هەرەوەزی بەشێوەیەک هەموو پێداویستیە کشتوکاڵیەکانیان بۆ دابین دەکرا، وێڕای ئەوەش هەموو پێویستی ژیانیشیان مسۆگەر کرا.
جگە لەو هەموو چالاکیانە ئەنجامیاندا هەوڵدرا لەچەندین سەنتەری زانستی توێژینەوە بکرێت بۆ گەشەپێدانی جوڵانەوەی کۆمەڵە هەرەوەزییەکان، یەکێک لەوانە دکتۆر ولیام گنج بوو، لەساڵانی نێوان ١٧٨٦- ١٨٦٥ توانی هەموو تیۆرەکانی پراکتیزە بکات.
دەبێت ئەو ڕاستیەش بزانین ئەم کۆمەڵانە لەبەر ڕوشنایی ئامانجەکانیان لەڕووی پێکهاتەوە جیا بوون، لەبەر گرنگی ڕۆڵی ئەم کۆمەڵە هەرەوەزیانە لەگەشەپیدانی ئابوری وڵات، حکومەتی بەریتانیا کۆمەڵێک یاساو رێنماێی بۆ دەرکردن، هەر لەو سەردەمەدا ڕۆژنامەی تایبەت بەکۆمەڵە هەرەوەزییەکان دەرکراو کۆمەڵەی هەرەوەزی ژنانیش دامەزرا، گرنگی بەپێگەی ژنان دا لەکارگەکان‌و رۆڵی هەبوو لەبەخێوکردنی منداڵاندا، ئەم بەرەو پێشچوونەی بزوتنەوەی هەرەوەزی وایکرد لەسەرەتای سەدەی نۆزدە، یەکەم حزبی تایبەت بەخۆیان دابمەزرێنن، گەشەکردنی بزوتنەوەی هەرەوەزی ئەڵمانیاشی گرتەوە.
ئەم جۆرە بزوتەوەیش لەروسیا لێ بێبەش نەبوو بەشێوەیەک لەناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم چەندین ڕۆژنامە بڵاوکرایەوە رۆڵی کاریگەریان هەبوو لەم بوارەدا، لەڕوسیای ئەو سەردەمە چەندێن بیرمەندو کەسانی خاوەن بۆچوونی تایبەت بەم بوارە دەرکەوتن‌و کاریگەری خۆیان هەبوو لەدامەزراندنی چەندین کۆمەڵەی هەرەوەزی بەمەبەستی جیا جیا، هەر لەو وڵاتە کۆمەڵەی هەرەوەزی کشتوکاڵی دامەزا بەناوی (کۆڵخوز)، رۆڵی گەوری هەبوو لەزیادکردنی بەرهەم‌و بەبازاڕکردنی لەبەرئەوەی سۆڤیەت خاوەن سستمێکی ئابوریی سەنترال بوو، بۆیە حکومەت بەڕاستەوخۆ دەستی هەبوو لەگۆڕانکاری لەسستمی کۆمەڵە هەرەوەزییەکان.
بەهەمان شێوە لەبوڵگاریا لەساڵی ١٨٩٠ سەرەتای یەکەم کۆمەڵەی هەرەوەزی کشتوکاڵی لەهەرێمی سوفیا سەریهەڵدا، لەوڵاتانی عەرەبیش بەدیاریکراوی لەولاتی میسر لەسەر دەستی کەسێک بەناوی (عومەر لوتفی) یەکەم کۆمپانیای هەرەوەزی کشتوکاڵی دامەزرا. هەروەها لەوڵاتی سودانیش لەدەیەی دووەمی سەدەی بیست یەکەم کۆمەڵەی هەرەوەزی کشتوکاڵی دامەزرا، بەهەمان شێوە سوریاش بێبەش نەبوو لەم جۆرە چالاکییە. هەروەها ئیسرائیل پێشەنگ‌و گرنگترین وڵاتی دامەزراندنی یەکە هەرەوەزییەکان بووە لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەناوی “کیبۆتس”.
لەعێراقیشدا لەسەرەتای دەیەی دووەمی سەدەی پێشوو بەشێوەیەکی بەرتەسک لەبواری کشتوکاڵ کۆمەڵەی هەرەوەزی سەریهەڵدا، بەڵام یەکەم کۆمەڵەی هەرەوەزی جوتیاری کە هاتەکایەوەو رۆڵی بەرچاوی هەبوو، دوای دەرچونی یاسای ژمارە ٢٧ لەساڵی ١٩٤٤ بوو، کە تایبەت بوو بەکۆمەڵەی هەرەوەزی جوتیاران. لەبەر ڕوشناێی ئەو یاسایە یەکەم کۆمەڵەی هەرەوەزی کشتوکاڵی لەناوچەی دۆرەی شاری بەغدا لەساڵی ١٩٤٦ دامەزرا، کە لەچالاکیەکانی دابینکردنی زەوی بۆ جوتیاران‌و دروستکردنی چەند پڕۆژەیەکی ئاودێری‌و دابینکردنی پەین‌و تۆو هەوڵدان بۆ دامەزراندنی کیڵگەی بەخێوکردنی ئاژەڵ‌و پەلەوەرو هەوڵیاندا خولی هوشیاری بۆ جوتیاران بکەنەوە.
هەرچەندە خەڵکانی تر هەن دەڵێن یەکەم کۆمەڵەی هەرەوەزی جوتیاری لەناوچەی دوجیلەی سەر پاریزگای کوت دامەزراوە لەساڵی ١٩٤٧، بەڵام بەداخەوە ئەم دوو هەوڵە سەرینەگرت، هەروەها چەندین هەوڵی تر لەم بوارەدا سەریان نەگرت.
ئەوەی ئاشکرایە تا پێش دەرچونی یاسای ٣٠ى (چاکسازی کشتوکاڵی) ساڵی ١٩٥٨ تەنها ١٦ کۆمەڵەی هەرەوەزی کشتوکاڵی هەبوون، کە نزیکەی ١٦٣٦ ئەندامیان هەبوو، سەرمایەکەی نەدەگەیشتە ٤٦٠١ دینار کە پێکهاتبوو لە موڵکداری بچوک، زیاتر هەوڵی ئەوەیان دا لەڕێی قەرز لەبانکدا، بتوانن پێداویستی خۆیان دابین بکەن، هەر لەئامێری کشتوکاڵی‌و پەمپی ئاودێری‌و پەین‌و تۆو، بەهەرحاڵ دەتوانین بڵێین بەشێوەیەکی کارا سەرەتای سەرهەڵدانی کۆمەڵەی هەرەوەزی کشتوکاڵی سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ کاتی دەرچونی یاسای ٣٠ (چاکسازی کشتوکاڵی) لەساڵی ١٩٥٨، کە لەخاڵەکانی ٣١ تا ٣٥ لەبڕگەی دووەمی یاساکە ئاماژە بەدامەزراندنی کۆمەڵەی هەرەوەزی دەدات بەشێوەیەکی ڕون‌و ئاشکاراو جەخت دەکات لەئەندامبوونی ئەو کەسانە کە سوودمەند دەبن لەم یاسایەو دەبنە خاوەن پارچەیەکی زەوی.
لەمەوە ئەو پەوەندیمان بۆ دەردەکەویت لەنێوان دامەزراندنی يەکێتی گشتی کۆمەڵە هەرەوەزیەکانی جوتیاران لەعێراق (اتحاد العام للجمعيات الفلاحية التعاونية في العراق)و دەرچونی یاسای (اصلاح الزراعي) ژمارە ٣٠ لەساڵی ١٩٥٨ هەروەها یەکەم کۆنگرەی جوتیاران لە١٥ مانگی چواری ساڵی ١٩٥٩ لەهۆڵی سینەما خیام بەسترا، بەوەش یەکەم هەنگاو نرا بۆ کاری هەرەوەزی لەناو جوتیاران، کە چەلاکیەکانی زیاتر لە ٥٥ ساڵ بەردەوام بوو. بەمەیشەوە کوتایی نەهات بەڵکو چەند یاسایەکی تر دەرچوون بۆ دانانی چوارچێوەی کار بۆ کۆمەڵە هەرەوەزییەکان، لەوانە یاسای ٧٨ لەساڵی ١٩٥٩و یاسای ١٣٩ لەساڵی ١٩٥٩و یاسای ٤٣ لەساڵی ١٩٧٧، کە لەساڵی ٢٠٠٢ کار بەو یاسایە ڕاگیراو هەر لەو ساڵەدا یاسای ژمارە ٥٦ دەرکرا، بەڵام رژێم دوای چوارمانگ لەناوچوو، لەبەر ئاڵۆزی بارودۆخی عێراق تا ١٠/٤/٢٠١١ کارو چالاکیان ڕاوەستا.
ئەمەی باسمان کرد مێژووی دوورو نزیکی بزوتنەوەی جوتیاریی بوو لەجیهان‌و عێراق، لێرەدا ئەوەی جێی پرسیارە: ئایا کۆمەڵە هەرەوەزییە جوتیارییەکان رۆڵیان هەبوو چ لەجیهان یان لەعێراق؟ ئایا لەداهاتودا پێوستە رۆڵی خۆیان ببینن لەبواری کشتوکاڵی‌و بوارەکانی دیکەدا؟
ئەم پرسیارە ئاڕاستەی لایەنە بەرپرسەکانی حکومەت‌و پەرلەمانی کوردستان دەکەین، بۆئەوەی گرنگی زیاتر بدەن بەم بابەتە، دەبێت هەوڵبدەین چەندین کۆڕو کوبوونەوە ئەنجامبدەین‌و ڕاو بۆچونی هەموو لایەک وەربگیرێت تا بتوانین وەڵامێکی ڕاست‌و دروستمان دەستکەوێت.
بەباشی دەزانم لەبەر ڕوشناێی یاسای (چاکسازی کشتوکاڵی) ژمارە ٣٠ ساڵی ١٩٥٨ چەند تێبینییەکی خۆم بخەمەڕوو، بێگومان ئەو یاسایە کاریگەری‌و گرنگی خۆی هەبوو لەچەند ڕوویەکەوە، بەتایبەت لەجیاتی ئەوەی زەوی تەنها خاوەنداریەتیەکەی بگەڕێتەوە بۆ چەند بنەماڵەیەک لەسەر ئاستی عێراق بەگشتی، بەدەرچونی ئەم یاسایە سەدان هەزار جوتیار بوونە خاوەن زەوی، لەجیاتی ئەوەی بەنانەسکی لای ئەم بنەماڵانە کار بکەن خۆیان بوونە خاوەن بەری رەنج‌و ماندوبونی خۆیان. ئەو چەند خاڵەی ٣١ تا ٣٥ لەبڕگەی دووی یاساکە کە پەیوەندی هەبوو بەدامەزراندنی کۆمەڵەی هەرەوەزی جوتیاران بەبێ مەبەست دانەنرابوو، بەڵکو زیاتر بۆ ئەوە دانرا بوو، یەکەم کاری هەرەوەزی لەناو جوتیاران پەیڕەو بکرێت، بۆ ئەوەی کاری هەماهەنگی ببێتە جیگرەوەی کاری تاکڕەویی، بەوەش بزوتنەوەی جوتیاری رۆڵی خۆی دەبینێت بۆ دابینکردنی ماف‌و خواستی جوتیاران. لەلایەکی دیکەشەوە ئەم یاسایە گەورەترین کەلێنی تێدا بۆ دابەشکردنی زەوی بۆ یەکەی بچوک، ئەمەش خۆی لەخۆیدا رۆڵیکی نەرێنی هەبوو لەپڕوسەی بەرهەمهینان، هەرچەندە یاساکە هەوڵی دا بەدامەزراندنی کۆمەڵە هەرەوەزییەکان چارەسەری بکات، بەڵام بەداخەوە رۆڵی کاریگەری خۆیان نەبینی، ئەمەش وایکرد نەک زەوی بەو شێوەیەی کە دابەشکرا بمێنێتەوە، بەڵکو دوای ئەوەی خاوەن زەویەکە کۆچیدوایی کرد، یەکەی زەوییەکان دابەشکردەکرا بەسەر نەوەکانی، بەوەش یەکەی زەوی زۆرتر بچوک دەبوەوە، بۆیە ئەوەی بووە خاوەنی لەبەر کەمی ڕوبەرەکەی پشتگوێی خست، بەوەش جۆرێک لەئیفلیجی توشی پڕوسەکە بوو، چونکە کە زەوی ئەوەندە بچوک بوەوە جوتیار ئامادە نییە خزمەتی بکات. ئەمڕو یەکێک لەکێشە هەرە گەورەکانی بەردەم کشتوکاڵ لەعێراق بەگشتی ئەمەیە بۆیە دەبێت دیسانەوە بیر لەوە بکەینەوە کۆمەڵە هەرەوەزییەکان زیندوو بکەینەوەو سوود لەئەزمونی وڵاتان وەربگرین.