کورتەیەک لەمێژووی دراو

شەن جەزا کەریم

لەسەر مێژووی دراو یاخود پارە چەندین ڕای جیاواز هەن، شارەزایانی بواری مێژوو هەندێکیان وەک (تشابۆرۆخا کۆسیمبا) مامۆستای بواری مرۆڤناسی (anthropology) لەزانکۆی ئەمریکی، ئەڵێت لەدوانزە هەزار ساڵ بەر لەئێستا مرۆڤ هەوڵی ئەوەی داوە ک داهێنانێک بکات بۆ دیاریکردنی بەهای کاڵاکان، هەندێ ئامڕازی بەکارهێناوە کە ئەتوانرێ بەپارە ئەژمار بکرێت، هەروەها چینیەکان لەهەزارو سەد ساڵ (پ . ز) دراویان بەکار‌هێناوە، کە تایبەتمەندی خۆشیان هەبوە بەوەی دراوە کانزاییەکانیان لەناوەڕاستیدا کونی تیا بوە بەمەبەستی ئەوەی وەک مورو بهۆنرێتەوەو ئاسان بێت بۆ هەڵگرتن‌و پاراستنی لەونبون. یەکەمین شارستانیەتیش بون کە دراوی کاغەزیان بەکارهێناوە کە لەسەرەتادا وەک پسوڵەیەکی پاڵپشت کراو بوە لەلایەن بنەچەی (تانگەوە) ٦١٨—٩٠٧ زاین، کە حوکم ڕانی ئەو ڕۆژگارە بون، کە بەهایەکی زۆری هەبوە لەبەرئەوەی لەلایەن دەسەڵاتەوە پاڵپشتی کراوو متمانە پێدراو بووە، پاشان ئەوە بوە بەپارەی کاغەز ( BANK NOTE ).

هەروەها شارستانیەتی فارس لە سەردەمی ساسانیەکاندا لەپایتەختەکەیان (تەیسفەون) دراوی کانزایان بەکارهێناوە، هەروەها بەردی بەنرخ‌و مرواری‌و سەدەفییان بەکارهێنەوە وەک بەهایەک بۆ کاڵا لەبری دراو.

شارستانیەتی میسر (فیرعەونیەکان)، شارستانیەتی سۆمەریەکان‌و بابلیەکان کانزاو مورو بەردی بەنرخیان لەبری پارە بەکارهێناوە.

بەهەمانشێوە مێژوونوسان باس لەوە دەکەن کە شانشینی لیدیا (٦٨٧ -٥٦٤پ.ز) کە ئەکەوێتە ڕٶژئاوای ئەنادۆڵەوەو بەشێکن لەنەتەوەکانی هندۆ ئەوروپی، شارستانیەتێک بون کە دراوی پارێزراو لەلایەن دەسەڵاتەوە دەرچوەو پاڵپشتی کراوە، بەپێشەنگی ئەو بوارەش ئەژمار دەکرێن.

لەدوای سەرهەڵدانی ئایینی مەسیحییەوە بێزەنتیەکان سکەی کانزایان لێداوەو نەخشی خاچیان لەسەر هەڵکەندوە.

هەروەها لەدوای سەرهەڵدانی خەلافەتی ئیسلامییەوە دراوی زیوی پاک یان زێڕی تەواو پوخت وەک (درهەمی زیوو دیناری زێڕ) لێدراوە. ئەم نەریتە تا ئەمڕۆش لەزۆر وڵاتی جیهاندا پەیرەو ئەکرێت، کەوا سکەی زێڕ یان زیو لێئەدرێ. ئەم جۆرە دراوە بەهایەکی زیاترو بایەخێکی زۆرتری پێ ئەدرێ، کە تا ئەمڕۆش بونی هەیە.

لەهەمان کاتدا لیرەی زێڕی ڕەشادی کە لەسەردەمی عوسمانیەکاندا لەساڵی (١٨٤٤ تا ١٩٢٣) مامەڵەی پێوە کراوە، کەوا جێگەی قروشی گرتەوە، هەر سەد قروش بەرامبەر یەک لیرە هاوتا کراو لەهەمانکاتدا مامەڵەکردن بەقروشەوە بەردەوام بوو لە گەڵ سکەی پارە کە هەر چل پارە یەکسان بو بەیەک قروش. ئەم جۆرە پارانەی سەردەمی عوسمانلی تا ساڵانی سییەکانی سەدەی بیستیش مامەڵەی پێوە ئەکرا، تا دراوی تازەی کۆماری لەعێراق دەرچوو.

لەگەڵ هەموو ئەم گۆڕانکاریانەشدا لیرەی ڕەشادی تا ئەمڕۆ بەهایەکی دیاری خۆی هەیە لەبازاری زێرداو لەئاستی پلەی کۆمەڵایەتیشدا، ئەم جۆرە پارانە کارگەکانی سکەلێدان بەملیۆنان لەو دراوە کانزاییە بەنرخانە بەرهەمدێنن وەک دراوی زیوینی کەنەدایی، کە پاکی زیوەکەی (٩٩،٩٩%)یە، وێنەی گەڵایەکی گەرچەکی لەسەر نەخشێنراوە.

هەروەها دراوی ئەمریکی کە لەتێکەڵەیەکی کانزایی داڕێژراوە وێنەی بازێکی زێڕینی ئەمریکی لەسەر نەخشێنراوە.

لەئێستادا لەزۆر وڵاتانی جیهاندا مۆزەخانەی دراو هەیە وەک فەرەنسا، تورکیا، شانشینی سعودیە.

ئەمە سەربوردەیەک لەمێژووی دراو بوو، ئێمەش خوازیارین ئەو ڕٶژە ببینین کە سکەی کوردی لێئەدرێ.