بایکۆتکردنی پەرلەمانی عیراق

فراکسیۆنەکانی کوردستان لە ئەنجومەنی نیشتمانی عیراق، لەناوەڕاستی گفتوگۆی بودجەی گشتی عیراقدا، ھۆڵی پەرلەمانیان بەجێھێشت. خاڵی ناکۆکیش بریتی بوون لە زیادکردنی بڕی تێچوونی کرێی کۆمپانیاکانی نەوت لەھەرێم. راستە دروستکردنی فشار لەلایەن کوتلەکانەوە لە رێگەی بەجێھێشتنی ھۆڵی پەرلەمانەوە یەکێکە لە رێگاکان، بەڵام لەوێدا ئەو ھەوڵە جێ دەگرێت کە لەلایەک نیسابی یاسایی نەھێڵێت و ببێتەمایەی ھەلڵگرتن یان راگرتنی دانیشتنەکە، لەوەش گرنگتر، سیحری ئەو داوایەی کە دەبێتە خاڵی جەوھەری ناکۆک. 
ئەمەش وه‌ك بابه‌ت ھەر لایەنێکی لاواز بوو. ئەگینا ئەگەر لەسەر زیادکردنی پشکی مادەی ١٤٠ بوایە لەبودجە، یان زیادکردنی مووچەی پێشمەرگە، یان نا ھاوسەنگی لەدابەشکردنی بودجەکە بەسەر سێکتەرەکاندا بەتایبەتی بودجەی سیادی و نه‌فه‌قاتی‌ حاکمە.. یان بەشی دروستی‌ ھەرێم لەبودجەی گشتی وەک خۆی.. بەڵام کە ئەمانە نەبوون و لەسەر پرسی بڕگەیەکی نەوتیی بوو. ئەو ھاوپشتییەی لە ئاستی شەقامی کوردستان بەھەموو دەنگ و رەنگەکانەوە دروست نەکرد.
پاش پەسەندکردنی بودجەکەو جێنەگرتنی فشاری فراکسیۆنەکانی کوردستان. وا دەبینین بڕیاری بایکۆتکردنی کوتلەی پەرلەمانی و کوتلەی وزاریی، ھەنگاوێکی تری نا واقیعیانەیەو بەپێی خوێندنەوەی دۆخی ئێستای رووداوەکان بەھەڵەکی سیاسی تر تۆمار دەکرێت. ھەرچەندە زووتر ئەوەمان راگەیاند کە بەجێھێشتنی ھۆڵی پەرلەمان ھەڵە بوو، کە لەو میانەدا بەبێ ئامادەیی کوتلەی کوردستانی بودجە پەسەنکرا، بەڵام ھەڵەی زیاتر ئەوەبوو بڕیاردراوە نوێنەرانمان بایکۆتی پەرلەمان و حکومەت بکەن. ئەمەش وامان لێ دەکات کە بڵێین ھەڵە بەھەڵە چارەسەر ناکرێت. لەحاڵی حازردا بۆ ئەوەی بەھێزەوە کوتلەکانی کوردستان بگەڕێنەوە پەرلەمان و ئامادەییان به‌سه‌نكه‌وه‌ تۆمار بکەنەوە، گرنگە لە رێگەی راگەیەنراوێکەوە چەند خاڵێکی گرنگی جەوھەری لە کێشەکان بەمەبەستی چارەسەر پێشکەشی حکومەت و کوتلەکانی پشتیوانی حکومەت لەپەرلەمان بکەن. 
لەوانەش پابەند بوون بە پرەنسیپی تەوافق و، دانانی مەرج کە بەبێ کوتلە سەرەکیەکانی ئەنجومەنی نوێنەران لەساڵی داھاتوودا بودجەی گشتی پەسەند نەکرێت. چونکە ئەمە لادانە لەبنەماکانی دەستوریی ھەمیشەیی عیراق. جێبەجێکردنی ھەنگاوەکانی تری مادەی ١٤٠ و پێشێل نەکردنی بنەما دەستورییەکان. ئەم خاڵانەو چەندینی تر وەک موبادەرەیەک و گەڕانەوەیەکی مەرجدار دەکرێت وەک یەکێک لە رێوشوێنەکانی گەیشتن بە چارەسەر تەماشا بکرێت. ئەمەش بەپشت بەستن بەو بڕوایەی کە پێویستە شەڕەکان ببرێنەوە بەغداو لەناو ھۆڵی ئەنجومەنی نیشتمانی و لەناو ئەنجومەنی وەزیرانەوە، یەخەی بەرامبەرەکان رابوەشێنرێت بۆ وەرگرتنەوەی مافە زەوتکراوەکان. ئەم قۆناغەش ھێشتا ئەوە دەخوازێت یەکێکی تر لەسەنگەرەکانی ململانێی نەیارەکانمان لەبەغدا خودی “بەغدا” بێت و لەھەرێمیشەوە پشتیوانی و ئاگایی و نزیکایەتی ھەبێت لەگەڵ ئەو تیمانەی لە پەرلەمان و حکومەتن و پێکەوە ھەنگاوەکان بنرێن. ئەگینا بەردەوام بوون لەو ھەڵە سیاسیەی کەکراوە، دەگوازرێته‌وه‌و دەترازێت بۆ ھەڵەی زیاترو لەدەستدانی دەرفەتی زۆرتر. ئەویش لەسەر بنەمای راستیەک کە لایەنەکانی تری کوتلەی پەرلەمانی لە عیراق لە مشتومڕو دانوستانی وەرگرتن و پێداندان و دانیشتنەکانی پەرلەمان و دەرکردنی بڕیارو یاساکان و پیاچوونەوەو ھەموارکردنەوەکان بە بێ نوێنەرانی کوردستان و سود وەرگرتن لەغیابی نوێنەرەکانمان. زیانی تری بەدوادادێت!!.
* ئەندامی پەرلەمانی کوردستان