ئاراس عەبدولکەریم مەعروف
لەماوەی مانگی رابردوودا سێ روداو لەبواری ژینگەدا جێی سەرنج بوون، کە ئاماژەی مەترسیدار بوون بۆ ئەوەی کە ژینگەی ئێمە لەبەردەم چ قەیرانو تەنگەژەیەکدایە.
مانگرتنی تەنها رۆژێکی ژینگەپارێزان، ناو بازاڕی سلێمانی پڕ کرد لەخۆڵو خاشاک! رۆژی نەورۆزو ئاهەنگەکانی دەرچوانی زانکۆکان لەپارکەکانی ئازادیو هەواری شار، کێوێک دەبەو نایلۆنو شوشەی باتاڵو پاشماوەیان لەجوانترین هاوینەهەوارو شوێنە گشتییەکاندا بەجێهێشت! روداوێکی خەمهێنەری دیکەش خۆڵبارانی رۆژەکانی سەرەتای وەرزی بەهارە، کە عاقیبەتێکی باشی لێناخوێنرێتەوە لەسایەی کەمبارانیو وشکەساڵیدا، بەئەندازەیەک کە هەندیک رۆژ خۆڵبارین جوانیو سەوزیی بناری رەنگاوڕەنگی گۆیژەو ئەزمەڕی لەم سەرەتای بەهارەدا لەخەڵکی شار شاردوەتەوەو بەشێک لەگژوگیاکەی لەم سەرەتای بەهارەدا وشک بووە!
پیس بوونی ژینگە یەكێكە لەكارەساتە گەورەكانی هەرێمی كوردستان، کە بەداخەوە بەهۆی نەبونی هوشیاریی ژینگەییەوە زۆربەی خەڵكی كوردستان سەرنجیان لەسەر ئەم كارەساتە گەورەیە نییە روبەروی ژینگە بووەتەوە. لەماوەی ساڵانی رابردوودا سەدان دارستانو پاوان وێرانبون، ئاوی سەر زەویو ژێر زەوی كوردستان تەواو پیسو بێکەڵک بووە، سەدان هەزار ئوتومبێل ئاسۆی شارەكانیان لێڵو تاریك كردوە، بەنزینی كوالێتی نزم، پاڵاوگەی بێ مەرجی پێویستو بێ چاودێریی، تێكشكاندنی روبەرە سەوزەكانو كردنیان بەشوقەو باڵەخانەی بەرز بەبێ رەچاو کردنی لانیکەمی پاراستنی ژینگە، دۆخێکی دروستکردووە کە لەگەڵ دەستپێکی وەرزی گەرمادا هەموو بهیانیانێک کە هاوڵاتیان لهخهو هەڵدەستن تۆزو دوكهڵ بهسەریاندا دادەبارێت. لەمانەش کارەساتتر ئەوەیە رۆژانە ٧ هەزار تەن لەزبڵو خاشاكی شارو گوندو نهخۆشخانهو ناوچه پیشهسازییهكان دەڕژێتە ژینگهی كوردستانەوە، لەبری سوودلێوەرگرتنیان بەشێوەیەکی زۆر کلاسیکیو پاشکەوتووانە لەناو خاکی کوردستاندا دەشارێننەوە یان دەسوتێنرێن، هەربۆیە کاریگەری پیسبونی ژینگە بەچەندان جۆری جیاواز لەسەر مرۆڤو ئاوو زەویو ئاسمانو دارو بەردی کوردستان دەردەکەوێتو ئێستا ئاوو خاكو ههوای كوردستان پیسترین حاڵهتی خۆی لهمێژوودا بهڕێدهكات!
رەنگە زۆربەمان لەسەر ئەوە کۆک بین کە بەرپرسی یەکەم لەم کارەساتەی بەسەر ژینگەی کوردستاندا هاتووە، ناشارەزاییو ناكارامەییە لەچۆنیەتی بەڕیوەبردنی ژینگەدا، كە ٣٠ ساڵە حکومەتی هەرێمو لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ پلانو ستراتیژیهكی زانستیو تهكنیكیان نییە بۆ پاراستنی ژینگە. بەمەرجێک ژینگهی سروشتی گەورەترین سهرمایەی نیشتمانیو دڵی گهشهپێدانی ئابوریو سهرچاوهی داهاتو گوزهرانی ههرێمی كوردستانه، ژینگهی ههرێم بەمجۆرە شپرزەیە مامەڵەی لەگەڵ بکرێو بەم ئەندازەیە بکرێت بەقوربانی کاڵای هاوردەی بێکەڵکو گیرفانی بازرگانی چاوچنۆک، کاریگەری نەخوازراوی لەسەر ژیانی ئێستاو ئایندەی هەموومان دەبێتو سەوزیی ژینگەو سازگاری ئاوو هەواو جوانییەکانی سروشتی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە.
باوباپیرانی ئێمەو بەتواناترین شاعیرانو ناودارترین ئەدیبانی ئێمە زیاد لەهەر شتێک کە شانازییان پێوە کردبێت جوانی سروشتو ژینگەی پاراوو رازاوەی کوردستان بووە، حەیفە ئێمەو نەوەکانمان ئەم جوانی سروشتە نەپارێزین، بۆیە ئێستا كاتی ئهوه هاتووه كه پاراستنی ژینگه ببێت بەخەمی گشتیو بهجددی لهلایهن حكومهتو خهڵكو رێكخراوه ژینگهپارێزهكانهوه دهستپێبكات.