هۆڵەندا و كەرتی كشتوكاڵ

كەرتی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری دەبێت بە پیشەسازیی بكرێت، چونكە ئەگەر وابەستەی پیشەسازیی نەكرێت، هەم وەبەرهێن و هەمیش بەكاربەر لە رووی ئابوورییەوە سوودێكی ئەوتۆی لێ نابینین. بازاڕی ناوخۆ و دەرەكی گرنگە بێ بەربەست بن بۆ جووتیاران و بازرگانانی كەرتی كشتوكاڵ. گواستنەوە و گەیاندنی بەروبوومەكان ئەركی حكومەتە، تا ئەوكاتەی جووتیار و كەرتی كشتوكاڵ بەشێوەیەكی گشتی دەكەونە سەرپێی خۆیان. هاوكاریكردنی جووتیاران دواجار خزمەتی راستەوخۆ بە هاووڵاتیان دەگەیەنێت و دەوڵەتیش لە سایەیدا پێشدەكەوێت. ئابووری و پێگەی نێودەوڵەتیی وڵات بەهێز دەكات. ئەم ستراتیژە بۆ زۆر سێكتەری تریش هەر راستە.

گومانی تێدا نییە، كە هەرێمی كوردستان زۆر لەبارە بۆ كشتوكاڵ و ئاژەڵداری. خاكێكی بەپیت و سەرمایەیەكی مرۆیی زۆر هەیە بۆ كاری جووتیاریی، بەڵام بەهۆی خراپی بارودۆخ و نەبوونی سەقامگیریی ئابوورییەوە، ساڵ بە ساڵ كەرتی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری روو لە كزییە و لە وەبەرهێنەرەوە بووین بە ناوچەیەكی بەكاربەر. لە هەموو سنوور و دەروازەكان هەموو بەروبوومێك هاوردە دەكەین. جووتیاری كوردی زەحمەتكێشیش بەروبوومە خۆماڵییەكەی یان بۆ ساغ ناكرێتەوە، یاخود دەبێت هەرزانفرۆشی بكات.

دەكرێت بە چەند بەشێكەوە
بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموونی یەكێك لە گەورەترین و كاریگەرترین وڵاتی جیهان لە رووی كشتوكاڵییەوە وەربگرین، لەسەر پیشنیازی دۆستانم و دڵسۆزانی كوردەواری لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، لە رێگەی ئەم نووسینەوە، لاپەڕە گەش و دەوڵەمەندەكانی كەرتی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری لە هۆڵەندا هەڵدەدەینەوە، بەهیوام سوودێك بگەیەنم!.

كاتێك باسی كشتوكاڵ دەكەین، بەشێوەیەكی گشتی دەكرێت ئەم كەرتە بكەین بە چەند بەشێكەوە:
– سامانی ئاژەڵی (بەخێوكردنی ئاژەڵ و پەلەوەر و ماسی و بەروبوومەكانیان).
– رەزگەریی (سەوزە و میوە و شینایی).
– خۆراك و بەروبوومی كێڵگەیی (دانەوێڵە گرنگەكانی وەكو برنج و گەنم و جۆ و گەنمەشامی و ..تد).
– دارستان و سەرچاوە ئاوییەكان (دار بۆ بیناسازی و دارتاشی و ئاویش بۆ هەموو شتێك، نەوتی سپییە).
– زانستی كشتوكاڵی و ئاژەڵداری.

لە دوای ئەمریكا، هۆڵەندا دووەم وڵاتە
هۆڵەندا لە دوای ئەمریكا گەورەترین وڵاتی كشتوكاڵییە و لە ساڵانی 2019 و 2020 داهاتەكەی گەیشتۆتە زیاتر لە 94 ملیار یۆرۆ. گوڵ و نەمام گرنگترینن و گۆشت و بەرهەمە شیرییەكان دوای ئەوان دێن. لە هۆڵەندا شار هەیە بۆ گوڵفرۆشی. بۆ نمونە لە نزیك فڕۆكەخانەی ئەمستەردام، شارێك هەیە بەناوی «ئەڵسمیر»، كە وەكو بۆرسەی جیهانیی دراوەكانە، بەڵام بۆ گوڵفرۆشی. كۆگای گوڵفرۆشی ئەوەندە گەورەی هەیە، ئەستەمە بە پیادە بتوانی لە بەشێكەوە بچیتە بەشێكی تر. رۆژانە بە سەدان فڕۆكەی بارهەڵگر (كارگۆ) بە بارە گوڵەوە روو لە وڵاتان دەكەن. خۆ ئەگەر گوڵی هۆڵەندا نەبێت، رەنگە لە سێ بەشی جیهاندا خۆشەویستی و سۆزداری بێ ناز بكەوێت لە بێ گوڵیدا. تەنانەت لە شارەكانی كوردستانیش ئێستا بازرگانی بە گوڵی هۆڵەندییەوە دەكرێت و رۆحی پی ئاسوودە دەكرێت.

ساڵانە هۆڵەندا بەروبوومە كشتوكاڵی و ئاژەڵییەكانی بایی ئەم بڕە پارانەی خوارەوە بۆ وڵاتان دەنێرێت: 23 ملیار یۆرۆ بۆ ئەڵمانیا، 10 ملیار یۆرۆ بۆ بەلجیكا، ه