ئاماژە شاراوەكانی پشت گۆڕانكارییەكانی ئاوهەوا، كالیفۆڕنیا بەنمونە !

زۆردەمێكە وتراوە داهاتوی نەوەكان لەلایەن مرۆڤە مەزنەكانەوە دیاری دەكرێت، پێوەری مەزنیش لەئاكارو وتارەوە وێنادەكرێت، زۆرن ئەوكەسانەی بەهۆی كردار و وتە جوانەكانیانەوە رۆمانێك لەسەروەریان بۆخۆیان نەتەوەكانیشیان تۆماركردوە، كەمیش نین ئەوكەسانەی بەهۆی كارە دژەئاكارەكانەوە خۆیان لە زبڵدانی مێژودا بینیووەتەوە، لەیەكێك لەوتە بەناوبانگەكانیدا”جیمی كارتەر” بەرامبەر بەسروشت دەڵێ: ”وەك مۆسیقا و هونەر، خۆشەویستی بۆسروشت زمانێكی هاوبەشە كەلە توانایدا هەیە سنوری كۆمەڵایەتی وسیاسی نیوان دەوڵەتەكان ببڕێت”.

 ئەم وتەیەی سەرەوە لەرووی ناوەڕۆكەوە ماناو راڤەی زۆر هەڵدەگرێت لەبەرئەوە نەك وتەی 39هەمین سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكایە بەڵكو لەبەر ئەوەی زۆر دەگمەنن ئەو سەركردانەی كاتێك دەگەنە پلەیەكی هاوشێوەی ناوبراو، بتوانن لەگۆشەنیگای ژینگەوە هەڵسەنگاندن بۆدیوە سیاسی وئابورییەكەی جیهان بكەن، كە بێگومان هەربەبۆنەی ئەوبۆچونە مرۆڤ دۆستانەوە ساڵانێكی زۆری خزمەتی لەبواری ئاشتی وئاسایشی كۆمەڵایەتی جیهانیدا، ناوبراو خۆی لەریزی براوەكانی خەڵاتی نۆبلدا دیتەوەو نۆبلی ئاشتی سالی 2002 ی پی رەوابینرا.

بەداخەوە ئەمڕۆ زیاتر هەژمونی گروپە پاوانخوازەكان زیاتر بەدی دەكرێت، لەم سەردەمەدا لەبری دەربڕینی هەستی خۆشەیستی و بونیادنانی ژینگەیەكی ئارام بۆهەمووان، ئارەزووی پاوەنخوازی ودەستگرتن بەسەرسەرچاوە سروشتیەكاندا وای لەزۆربەی سەركردەو دەوڵەتەكان كردووە هەموو سنورەكان ببەزێنن، بەڵكو مرۆڤ ئامادەی هەیە دەستبەرێت بۆ بەكارهێنانی هەموو ئەو مادەوئامێرە زیانبەخشانەی كە نەك تەنها بەزیانی كۆمەڵگە بەڵكو بۆ سەر ژینگە و سروشت كۆتاییان دێت، نمونەی ئەمەش لە مێژوودا بەئاسانی بەرچاودەكەوێت كەبەهۆیەوە چەندین كارەساتی مرۆیی لێكەوتووەتەوە.

 بەڵێ ئەمەش سروشتی مرۆڤ بووەو لەوساتەوە لەسەرزەوی نیشتەجێبووە بەبێ گوێدانە دەرئەنجامەكانی هەموو رێگەیەكی بەكارهێناوە بۆ گەیشتن بەئامانجەكانی، بۆیە هەرزوو ئاسەواری پەنجەی بەسەرجستەی سروشتەوە جێهێشتووە، وەنەبێ ئەم هەڵمەتی لەكەداركردنەی سروشت كۆتای هاتبێت، بەڵكو جیهانی ئەمڕۆی مرۆڤایەتی بەردوامە لە داهێنان وبەگژیەكداچوونەوەی تەكنەلۆژیا، ئەوەی ئەمڕۆ وڵاتەزلهێزەكان گرەوی لەسەردەكەن، ئەگەر لەروویەكەوە خۆشگوزەرانی وئاسانكاری بۆ مرۆڤەكان فەراهەم كردبێ، بەدیوەكەی تردا بەهای تاكەكانی كۆمەڵگەی بەرەو لێواری هەرەس بردووە، چونكە دەرئەنجامی ئەم ململانێیانە كۆمەڵگاكانی رووبەروی چەندین كێشەی جیهانی كردووەتەوە.

 بەپێی راپۆڕتی كۆڕبەندی ئابوری جیهانی، لە ریزبەندی (١٠) لە دیارترین كیشە سەردەمییەكانی وەك بێكاری وهەژاری وگەندەڵی ونەخوێندەواری و نەبوونی ئاسایشی خۆراك وئاسایشی كۆمەڵایەتی وسنورداركردنی ئازادی سیاسی وئاینی وپێكدادانە سەربازییەكان، تا ئێستا گۆڕلنكارییەكانی ئاو هەواوگەرم بوونی زەوی لەپلەی یەكەمی ئەوكیشانەدایە كە زیاتر جێگەی مەترسییە بۆسەر پێگەی مرۆڤ لەسەر زەوی، چونكە لەئەگەری نەبوونی ژینگەیەكی گونجاودا بۆ ژیان گرنگیدان بەو بابەتانەی دیكە هیچ بەهایەكیان نابیت، بۆیە لەئێستادا سەرنجی زاناو لێكۆڵەرانی بواری كەشناسی لەسەر ئەوەیە چۆن بگەنە ئەنجامێكی گونجاو بۆ رێگریكردن لەزیادبوونی هەژموونی مرۆڤ بەسەر گۆڕانكاریەكانی ئاوهەواو گەرمتربوونی زەوییەوە.