نەوت دوعاى لێ بکەین یان دوعاى بۆ بکەین

لە وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت و ئەوانەی کە بەشێوەیەکی نیمچە گشتی پشتیان بە نەوت بەستووە، دابەزینی نرخەکانی زێڕی رەش ترسێکی میلـلیی دروستکردووە.
 
سعودیە بە یەکێک لە وڵاتە سەرەکییەکان هەژمار دەکرێت لە بازاڕی وزەی جیهانیدا، بەڵام تەنیا هەر خۆی نییە بەڵکو وڵاتانی وەک روسیا و ڤەنزویلایش هەن، ڤەنزویلا لە ئاکامی دابەزینی نرخی پترۆڵدا باری نائاسایی سیاسی و ئابوریی راگەیاند. ئەی سعودیە چی ؟
گومانی تێدا نییە، ئەوەی روویدا شتێکە لە مێژەوە چاوەڕوانکراوە و مەحاڵە نرخی پترۆڵ  هەر لەسەروو 100 دۆلارەوە بێت، یاخود نرخی نەوت روو لە هەڵکشان و داکشان نەبێت وەک زۆر شتی دیکە. یەکێک لەوانەی پێشبینیی ئەم دۆخەی کردبوو (عەلی نعێمی) وەزیری کۆنەساڵی پترۆڵی سعودیەیە کە پێیوایە لە مەودایەکی بینراودا نرخەکە جارێکی دیکە بەرز دەبێتەوە. لێرەدا مەسەلە ئابورییەکە زۆر گرنگ نییە، بەڵکو لایەنە کۆمەڵایەتییەکەی گرنگە بۆ نموونە سعودیە.
 
لەمێژە ئەوانەی کە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە گەورەکانی سعودیەیان بەلاوە گرنگە، کە قەڵەمبازە پترۆڵیەکە یەکێک لە ڕوووخسارەکانی بوو، پرسیارە کۆمەڵایەتیەکەی نەوت دەکەن و لەمبارەیەوە نووسەری خوالێخۆشبوو عەبدوڵـڵا بن خەمیس کاتی خۆی پرسیاری کرد: ئایا نەوت بۆ ئێمە نعمەتە یان نەگبەتی؟ رەنگە پرسیارەکە سەیربێت، بەڵام ئەو بەدوای واتایەکی تردا دەگەڕێت و تێبینی کردبوو پشتبەستنی تەواو بە بەرهەمەکانی پترۆڵ دەبێتە هۆی پەکخستن یان لاوازکردنی بوارە گرنگەکانی دیکەی ئابوری و سەرەنجامیش شارەزایی و لێهاتوویی کارکردن لەلای تاکەکانی کۆمەڵگە ناهێڵێت.
 
بەرنامە تازەکەی سعودیە سەبارەت بە وەرچەرخانی نیشتمانی کە شازادە محەمەدی کوڕی سەلمانی جێنشینی جێنشینی سعودیە رایگەیاند، رێک پشتی بەم راستییە بەست و بریتییە لەوەی کە ئابوریی سعودیە و دواجاریش کۆمەڵگەی سعودیە نەکەین بەکۆیلەی نرخی نەوت، بەڵکو پێویستە وزە مت بووە زۆرەکانی کۆمەڵگە ئازاد بکەین.
 
بۆ جەختکردنەوە لەسەر لایەنە کۆمەڵایەتییەکەی پترۆڵ لە سعودیە، دەتوانین ئاماژە بەچەند نموونەیەک دێڕە شیعر بکەین کە شاعیرە داهێنەرەکان تەنانەت لە شیعرە سیاسی و بگرە لە شیعرە دڵداریەکانیشدا ئاماژەیان پێکردووە و هەندێکیان نەوت دەچوێنن بە گورگێک کە لەناکاو پەلاماری داوین.
 
رەنگە شاعیرەکان وەک نەریتی خۆیان لەم مەسەلەیەیشدا زیادەڕەوییان کردبێت، بەڵام دیارە کەمکردنەوەی پشتبەستن بە پترۆڵ و بەرهەمەکانی کارێکی خراپ نییە.

خرپ نییە لە وڵاتێکدا جگە لە رووباری نەوت، چەند رووبارێکی دیکە بۆ گەشەکردن هەڵقوڵێن. ئەمەیش پرسیارەکەی دواڕۆژ و تەحەداکەیەتی.
 
سەرچاوە: شەرقلئەوسەت
 
وەرگێڕان: د. شێرکۆ عەبدوڵـڵا