كەرتی تایبەت ‌

كەرتی تایبەت بەشێكە لەئابووری گشتی‌و لەلایەن كەسێك یان گروپێكی خاوەن سەرمایەوە بەڕێوەدەچێت‌و موڵكی ‏خۆیانەو خۆشیان كارو چالاكیەكانیان بەڕێوەدەبەن‌و لەژێر دەستی حكومەتدا نییە، هاوكات رۆڵیكی زۆری هەیە ‏لەپڕۆسەی بەرهەمهێنان‌و بەردەوامی گەشەی ئابووری كۆمەڵگەگان. لەكۆمەڵگە پیشەسازیی‌و سەرمایەدارو ‏پێشكەوتووەكاندا كەرتی تایبەت رۆڵێكی گەورە دەبینێت بۆ پتەوكردنی ژێرخانی ئابووری‌و تا وایلێهاتووە لەهەموو ‏بوارەكاندا كاردەكەن‌و لێهاتوویی‌و شارەزاییان لەكارەكانیاندا رەنگی داوەتەوە. كەرتی گشتی‌و كەرتی تایبەت دەتوانرێت ‏كێشەو گرفتەكانی كۆمەڵگە چارەسەربكرێن‌و ئەمەش كاتێ روودەدات كە بەدڵسۆزی‌و پیشەییانە كارەكانیان بەئەنجام ‏بگەیەنن.‏
دەرفەتی زیاتر بەكەرتی تایبەت
بوونی كەرتی تایبەت لەهەموو كۆمەڵگەكان پێویستە، بەڵام بۆ ئەو كۆمەڵگایانە گرنگیەكەی زیاتر بەدیار دەكەوێت ‏كە بەكۆمەڵگە تازە پێگەیشتووەكان دادەنرێن‌و لەپڕۆسەی ئابووریدا نەگەیشتونەتە قۆناغێك، كە حكومەت بتوانن ‏تەنیا پشت بەخۆی ببەستێت‌و لاوازە لەڕووی دارایی‌و ئابوورییەوە. بۆیە بوونی كەرتی تایبەت یارمەتیدەرێكی باشە ‏بۆ كەم كردنەوەی ئەو پاڵەپەستۆیەی كە حكومەت تووشی دەبێت. بۆ نمونە ئەو كەرتانەی كە لەبواری كشتوكاڵ‌و ‏پیشەسازی یان كەرتی خزمەتگوزاری‌و بەرهەمهێنان‌و رێگاوبان‌و..هتد كار دەكەن، لەبەر ئەوەی بوارەكانیان جیاوازە، ‏بۆیە هەلی كاركردن لەزۆر بواردا دەڕەخسێت. واتە لەلایەكەوە خەڵك هان دەدات كە روو لەكەرتی تایبەت بكەن‌و ‏كاریان بۆ دەدۆزێتەوە، لەلایەكی تریشەوە رێژەی بێكاری‌و هەژاری كەم دەبێتەوە كە بوونی ئەمانە چەندان كێشە بۆ ‏كۆمەڵگە دروست دەكەن.‏
گرنگە حكومەت دەرفەتی زیاتر بەكەرتی تایبەت بدات‌و ئاسانكارییان بۆ بكات تاسەرمایەدارو پیاوانی خاوەنكار ‏سەرمایەكەیان بەكار بهێنن، بەتایبەتی لەو بوارانەی كە ئەو كۆمەڵگەیە زیاتر پێویستی پێی هەیە. لێرەدا كارەكە ‏دوو لایەن دەبێت هەم سوودو قازانج بۆ كەرتی تایبەت دەبێت، هەم بۆ هاووڵاتیان‌و دانیشتووانی ئەو كۆمەڵگەیەش، ‏بەڵام نابێ لەكەرتی تایبەتیشدا تەنیا بیر لەسوودو قازانج‌و پارەو سەرمایە بكەنەوە، بەڵكو لایەنی مرۆیی‌و ئەخلاقی‌و ‏ویژدانی لەبەرچاو بگرن‌و نابێ لەسەر حیسابی بەرژەوەندی گشتی كاربكەن‌و كەسیش نەبێت چاودێری كارەكانیان ‏بكات. بۆ نمونە دەیان كۆمپانیا هەن كە لەبوارە جیاجیاكانی كەرتی نیشتەجێبوون‌و خانوو ئاوەدانكردنەوەو ‏تەندروستی‌و رێگاوبان كار دەكەن، بەڵام كارەكانیان باش نین‌و لەم بوارەدا سەركەوتوو نەبوون، لەبەر ئەوەی ئەو ‏كەلوپەل‌و پێداویستیانەی كە بەكاری دەهێنن یان زۆر هەرزانن، یاخود كوالێتیان باش نییەو كارەكانیشیان بەگران‌و ‏زۆر لەسەر هاووڵاتیان دەكەوێت، بۆیە ناكرێ رێگا بەم جۆرە كۆمپانیاو كەرتە تایبەتانە بدرێت.‏
كرانەوەی ئابووری لەكوردستان
ئەو كەسانەشی كە كەرتی تایبەت بەڕێوەدەبەن‌و سەرپەرشتی كارەكانی دەكەن، دەبێ كەسانی شارەزاو پسپۆڕو ‏لێهاتووبن، بوونی پارەو سەرمایە بەس نییە بۆ وەبەرهێنان‌و كاری بازرگانی، بەڵكو دیاریكردنی سیاسەت‌و شێوازی ‏كاركردنیش دەبێتە بنەمایەكی گرنگ بۆ سەركەوتووبوون‌و بەردەوام بوون.‏
لەكۆمەڵگەی خۆماندا بەتایبەتی لەدوای 2003وە كۆمەڵگەی كوردی تاڕادەیەك كرانەوەیەكی ئابووری‌و كۆمەڵایەتی‌و ‏سیاسی بەخۆیەوە بینیوەو هاووڵاتیان وشیارییان زیاتر بووە، بۆیە بیر لەكەرتی تایبەت كراوەتەوە هەروەك دەیان ‏كۆمپانیای ناوخۆ دروست بوون، كە لەبواری جیاواز كاردەكەن‌و تەنانەت دەرگا كردنەوە بەڕووی دەرەوە بۆتە هۆكار بۆ ‏هاتنی هەزاران كۆمپانیای گەورە. هەرچەندە ئەمانیش بەدوای سوودو قازانجی خۆیان دەگەرێن، بەڵام سوودی بۆ ‏كۆمەڵگەو هاووڵاتیانی ئێمەش هەبووە‌و دەرفەتی كاریان رەخساندووە. هەرچەندە گلەیی ئەوە لەهەندێ كۆمپانیا ‏دەكرێ لەبەرئەوەی زۆر لەكرێكارەكانیان هی خۆیانن. بەمەش دەرفەتی كاركردن بۆ هاووڵاتیانی ئێمە كەم بۆتەوە، ‏بەڵام هاووڵاتیان‌و ئەو كەسانەی كە كاریان لەگەڵدا دەكەن هەم لەڕووی مادییەوە، هەمیش لەڕووی پیشەییەوە ‏دەتوانن سوودیان لێوەربگرن.‏
كوردستانی نوێ‌