کێ بێشەرەفە؟

ئەو پیاوەی لە بادینان هاوسەرە پانزدە ساڵەکەی خۆی کوشت پاساو بۆ تاوانەکەی دەهێنێتەوە و دەڵێ بۆ داکۆکیکردن لە شەرەفی خۆی ئەو کارەی کردووە. هانی مەلایان و خەڵکی عەشایەریش دەدات داکۆکیی لێبکەن و لێی تێبگەن. من نە مەلام و نە عەشایەریش ماوم، بەڵام هەرچەند دەکەم و هەوڵدەدەم لێی تێناگەم. 
شەرەف چییە؟ ئایا ژن شەرەفی پیاوە؟ یان پیاو شەرەفی ژنە؟ ئەگەر ژن شەرەفی پیاو بێت، کەواتە ئەگەر پیاوێک ژنی نەبوو بێشەرەفە؟ یان ژنی بێ پیاو شەرەفی نییە؟ ئەی ئەگەر پیاوێک دوو ژنی هەبوو دوو شەرەفی هەیە؟ ئەی ئەگەر یەکێک لە ژنەکانی مرد، جیابووەوە یان بەجێیهێشت، کەواتە شەرەفێکی رۆیشتووە و هێشتا شەرەفێکی ماوە؟ لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە ئایا مرۆڤ دەتوانێ فرەشەرەف بێت؟ هەروەها ئەگەر ژن شەرەفی پیاو بێت، کەواتە ئەو پیاوەی بادینان کە بەدەستی خۆی شەرەفی خۆی کوشتووە، خۆی بێشەرەف کردووە؟ ئەو پرسیارانە هێندە وەڵامی ناڕوونیان هەیە کە وایانکردووە لە بکوژی دونیا تێنەگەم. 
بۆنموونە پیاو هەیە دزی لە موڵکی گشتی دەکات، داوێنپیسە و درۆزنە، بەڵام ژنەکەی خیانەتی لێنەکردووە و کەس باسی ناکات، کەواتە ئەو پیاوە بێشەرەف نییە؟ ئەی ئەوەی کە کەسێک خیانەت لە وڵاتەکەی بکات و خواردنی ماوەبەسەرچوو بداتە خەڵک و دەرمانی ئێکسپایەر هاوردە بکات، سەرەڕای ئەوەش ژنەکەی خیانەتی لێبکات، فرەبێشەرەفە؟
کاتێک تازە رۆیشتبوومە ئەوروپا و خەریکی فێربوونی زمان بووم زۆر پێم سەیر بوو کە ئەوروپاییەکان وا بێشەرەفن! لە زۆر وشەدانی هۆڵەندی و ئینگلیزیدا لە هاوواتای ئەوەی ئێمە پێیدەڵێن شەرەف یان نامووس گەڕام بەڵام نەمدۆزییەوە. ئەوان شانازییان هەیە، بەڵام شەرەف نا. بۆیە ژنەکانیان شەرەفی پیاوەکانیان نین و پیاوەکانیش شەرەفی ژنەکانیان نین. لە ئەوروپا، بەپێچەوانەی کوردستانەوە، درۆکردن ئاسایی نییە و لێبووردنی هێندە ئاسان نییە، دزی شتێک نییە وا بە سانایی لەنێو رۆژناماندا باسی بکرێت و کاربەدەستانی وڵات بڵێن “راستە گەندەڵی هەیە و دەبێ چارەسەری بکەین”، ژن و پیاویش بە دەگمەن یەکدی دەکوژن، چونکە شەرەفیان نییە. ئایا ئەوان راستتر دەژین یان ئێمە؟ 
هەر کۆمەڵگایەک هەلومەرجی تایبەتی خۆی هەیە و ناکرێ لە کەسێکی دانیشتووی گوندێک یان ناوچەیەکی دوورەدەستی کوردستان چاوەڕێ بکەین وەکو مرۆڤێکی ئەوروپایی بێت و بە بێشەرەفی و بەسەربەرزی بژیت. بەڵام ئەگەر بڕیاربێت هەرچی پێمانوابوو بێشەرەف بێت بیکوژین، وڵاتەکەمان کەم کەسی تێدا دەمێنێت. من پێموایە دزیکردن لە موڵکی گشتی، خیانەتکردن لە نیشتمان، درۆکردن لەگەڵ هاوڕێ و ناهاوڕێ بێشەرەفییە. بەڵام ئەگەر دەسەڵاتم هەبوو و توانیم ئەوەی بەو پێناسەیەی من بێشەرەف بوو بیکوژم، ئەوە خەڵکەکە هێندە زۆرە کە بە تۆمەتی کۆمەڵکوژی راپێچی لاهای دەکرێم. 
رەنگە کابرای بادینان عاقڵ بێت و ئەو راستییەی زانیبێت، بۆیە چاوی لە بێشەرەفییە گەورەکان نووقاندووە و تەنیا کچۆڵەیەکی پانزدە ساڵی بە تۆمەتی بێشەرەفی خەڵتانی خوێن کردووە! 
روداو