وەزعی داراییمان ‌

+ لایبە ئەو شتە قۆڕە بەدەستەوە.
-شتی قۆڕی چی بۆ خاتری خوا!.. كتێبی جان جاك رۆسۆیە.
+ ئەزانم جان جاك تەڕەماشە.. تێی هەڵڵە دەی..
-ئەوە تۆ تەواویت ئوستاز؟!..
+ ئەی خۆ ئیشەڵڵا تێك نەچوم!.. فڕێی دە خێرا.. خۆمان سەدان كەسی لەم موهیمترمان هەیە.
-لەڕۆسۆ موهیمتر؟
+ بەڵێ‌ لەویش‌و لەباوكی ئەویش.. موهیمییەكەی ئەم لەچییایە؟.. ناڵێ‌ باشتر وایە ئینسان بگەڕێتەوە بۆ باوەشی سروشت؟
-با.. بەڵام ئەم سروشتە دوكەڵاوییەی لای تانجەرۆوە نا.. سروشتە پاك‌و تەمیزەكەی جاران.. ئەڵێ‌ با بگەڕێینەوە باوەشی ئەو سروشتە.
+ دە ئێمە قسەی لەوە عەزیمترمان هەیە.
-قسەی لەوەی رۆسۆ عەزیمتر؟
+ هەر قسە نا.. كردەوەش.. لەدوای راپەڕینەوە شوكور گەڕاوینەتەوە بۆ باوەش‌و ناوگەڵ‌و قەڵاندۆشكانی فۆلكلۆر..
-لەچییا مەسەلەن؟.. ئادەی.
+ لەهەموو شتێكا.. بۆنموونە پرۆسەی سیاسییمان كردووە بەیاری حەمامۆكێی مناڵان.
-ئەشهەدوبیللا راست ئەفەرمووی.. ئەمەیان ناتوانم بڵێم وا نییە.
+ ئەی ئیعلامەكەمان؟
-چیمان لێ كردووە؟
+ وتەبێژی حیزبەكان كردوویانە بەشەڕە بەند.
-ئەی نەوت فرۆشتنەكەمان؟
+ كردومانە بەچاوشاركێ. 
– ئەی وەزعی ناوچە دابڕاوەكان؟
+ ئەوە حەی عەلەل صەلات ئاشە بەتەنورەیە.
-رەحمەت لەدینت.. ئەی وەزعی داراییمان؟
+ داراییەكەمان مەعلومە.. رێك وەكو لگاوە.