لەو ڕۆژەوە مرۆڤ پێی ناوەتە سەر زەمین بەردەوامە لە تێکدانو پیسکردنی، هەرگیز گوێی نەداوەتە هەستیاری مەسەلەیەک کە پەیوەندی ڕاستەو خۆی بە خودی خۆیەوە هەیە، بیریشی لە وەها کارێ نە کردۆتەوە لانی کەم ،کەم ترین ناهەقی بەرامبەر ئەو ژینگەیە بکات کە تیا ئەژی .تا نزیکەی سەد ساڵیک لەمەوبەر کە لە هەندێک لە وڵاتە ئەسکەندنافیەکانەوە هەنگاوی بۆ هەڵگیراوەو ئێستا گەشتۆتە ئاستێ شایانی هەڵوێستە لەسەر کردنو چاولێکردنیانە .
پاش پەیوەندیەکی یەک ساڵە لە نێوان ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و هەردو ژوری بازرگانی ستۆکهۆڵم وە یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید ، سەردانی شاندی سویدی بۆ کوردستان ، سەیرکردنو بینینی هەردو دەریاچەی دوکانو دەربەندی خان ،وە چەمی تانجەرۆ کە ئاوەڕۆی شاری تێ ئەڕژێ، هەروەها ئەو جێگایانەی خۆڵو خاشاکی شارەکانی تیا ئەشاردرێتەوە .چەندین پەیوەندی و پرسیار کردنو بیروڕاگۆڕینەوە ، سەردانی چەندین لایەنی بەر پرسو میوانداری چەندین کەسی خەمخۆری ئەو پرسە . لەسەر بانگهێشتی هەردو ژوری بازرگانیو پیشەسازی ناوبراو بۆ سەردانی سوید، ژوری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی هەڵسا بە ڕێک خستنی سەفەرێک و دابین کردنی ڤیزا بۆ ئەوکەسانەی بە شیاوی زانین ،بۆ ئەوەی چمکێکی ئەو پرسە بگرن .
بەداخەوە کاتێ هاتینە سەر وادەی ڕۆشتن چەند کەسێک کە بەرپرسو خاوەن بڕیار بون ، لەبەر هەرهۆیەک بێت ، ئامادەنەبون . بەڵام ژوری بازرگانی لەخۆ بوردوانە بریاری خۆی داو، بە پێی پلانو بەرنامەکەی خۆی گەشتەکەی ئەنجامدا ، بە بەشداری چەند ئەندامێ لە ژوری بازرگانی هەولێر .
لە لایەن سویدیەکانەوە بەرنامەیەکی حەوت رۆژی داڕێژرابو بۆ سەردانی هەندێ پرۆژە کە لە ڕۆژی ٣/١١/٢٠١٣ دەستی پێکرد ،بۆ ماوەی یەک هەفتە ، وە هەندێ کۆمپانیای پسپۆرو خاوەن ئەزمون لە بواری چارەسەرکردنی ئاوی پاشەڕۆ وە خاشاک ، ئەوەندەی لێرەدا جێی هەیە کەمێ لێی ئەدوێم لەگەڵ ئاواتی بەدیهاتنی.
کاتێ ئەو پرۆژەیەیان پیشان داین کە چۆن توانیویانە بە جۆرێ سودی لێ ببینن کە لای ئێمەش ببێتە خۆزگەو ئاوات ،لەبەر ئەوەی لەم مەملەکەتە بوە بە بەڵایەک ئەگەر ژیرانە بیری لێنەکرێتەوە نەوەی داهاتو بەدەسیەوە گیر ئەخوات ،بەڵام لەوێ توانیویانە لە سەدا هەشتاوپێنچ ٨٥ % شارەکەیانی پێ گەرم بکەنەوە وە ئاوی گەرمی پێ دابین بکەن بەبەردەوامی ، ئەوەی ئێمە دیمان زیاترجێگەی سەرسوڕمان بو کە تەکنۆلۆجیا لە وڵاتی تەمو بەفرو عەقڵدا چۆن ، ئاوی پیسو خاشاک بوەبە خێرو بەرەکەت ، چۆن بوە بە بزنس ! سەرچاوەیەک بۆ پارە پەیداکردن، هەروەها چۆن ژینگەیەکی خاوینو لەبار بۆ نەوەکانیان دابین ئەکەن . کاتێ بۆ بینین سەردانی پرۆژەی خاوێن کردنەوەی ئاوی قورسی ستۆکهۆڵمان کرد، قۆناغ بەقۆناغ پیشانیان ئەداین وە بۆیان باس ئەکردین ئەو ئاوە قورسە بە چجۆری پاک ئەکەنەوە ،دەریاچەی دوکان و دەربەندیخانیان وەبیر هێنامەوە کە چۆن هەمو ئاوەڕۆی شارەکانی ڕانیەو قەڵادزەو دوکان ئەڕژێتە ناو دەریاچەی دوکانەوە پاشان بەرەو سلێمانی بەڕێ ئەکرێ بە کار دێت بۆ خواردنەوە ، ئاوەڕۆی سلێمانی و گشت شارەزورێش بەرەو دەریاچەی دەربەندیخان ، هەر لەو کاتەدا کە ئێمە لەو سەردانانەدابوین شارۆچکەی دەربەندیخان ئاوەکەیان پێس بوبو خەڵکی کرمیان تیا دیبو، ئەوەی بە چاو بینرابو ، ئیتر خوا ئەزانێ میکرۆبو جانەوەری تر چیتیایە …… ئەوانیش لە دوا قۆناغدا دو پەرداخ ئاو، کە تەواو خاوێن کراوەتەوە تێئەکەن لە شێوەی دو پێک شامپانیادا، یەکێکیان خانەخوێ نۆشی ئەکات بۆ دوهەمیش فەرمو لە سەرۆکی شاندی میوان ئەکات .
دەبا ئێمەش چاو لەوان بکەین کوردستان وڵاتێکی دەوڵەمەندە پارەش بۆ خۆشی وڵاتو ئاوەدان کردنەوە نەبێت بۆ چی باشە ،پەرلەمانتارە بەڕێزەکان سەرۆکە بەڕێزەکان، وەزیرانی بەڕێز ، هەر هەمو ئەوانەی لەم حوکمەتو دامو دەزگایانەدا سەرەگوریسێکتان بەدەسە، ئاوەدانی وڵات باخ و ڤێلا نیە، ئۆتۆمبێلی ئاخرمۆدێل نیە ، با نەوەکانی داهاتو گلەییمان لێنەکەن ، با وڵاتەکەمان لەوە زیاتر پڕ نەکەین لە پێسو پۆخڵی ، خۆزگە منیش ئاواتەکەم ئەهاتە دی ، رۆژێ لە ڕۆژان پێکێ لە ئاوی زێرابی وڵاتەکەمم با پاکی ئەدایە دەست میوانێکو پێم ئەوت چەریۆ لەچاوی گشت دۆستان .