ریكلام‌و سێكس

پسپۆری سایكۆلۆژیا لەزانكۆی سلێمانی
جاران خەڵكی لەسەر بنەمای پێداویستی هەنوكەیی، كاڵاو كەرەسەكانی ژیانی رۆژانەی دەكڕی. ریكلامیش كە بۆ هەر كاڵایەك دەكرا، پشتی بەراپرسی‌و خەمڵاندنی ئەو پێداویستییە دەبەست. ریكلامكار سامپڵێكی لەو كۆمەڵگایە وەردەگرت كە پێیوابو لەئایندەدا بازاڕێكەو بەرهەمەكەی تیادا ساغ دەكاتەوە، سەرەتا لەلیستێكدا پێداویستییەكانی دادەڕشت‌و پاشان داوای لێدەكردن بەپێی گرنگی‌و فشارو زەرورەتی تێركردن، ریزی بەندی بكەن. 
ئەو پێداویستییە بنچینەییانەش زیاتر بریتی بون لە( خواردن‌و خەوتن‌و پۆشین‌و سێكس‌و رێزو پێزانین‌و پلەو پایەی كۆمەڵایەتی‌و …تاد). بەڵام ئەمڕۆ پڕۆسەكە بەجۆرێكی دیكەیەو لەو سنورە تێپەڕیوەو فاكتەری سەرنجڕاكێشی‌و دڵگیری، بڕیاردەری راستەقینەن لەداڕشتنی شێوەو رەنگ‌و قەبارەو زمان‌و زەمەنی خستنەڕوی هەر كاڵایەكی ریكلام بۆكراودا كە دیزاینەر بەر هەر پێوەرێكیتر بەهەند وەریان دەگرێت.
ئەمڕۆ ئامانجی سەرەكی ڕیكلام؛ دروستكردنی كاریگەری راستەوخۆو هەنوكەیی نییە لەسەر بەكاربەر، بەڵكو مەبەست و ئاراستەی كاریگەرییەكە بۆ یادەوەری بەكاربەرانە، بەجۆرێك كە لەداهاتودا كاڵاو كەرەسەی ریكلام بۆكراو، بەخێرایی بێنەوە یادی بەكاربەر، واتا لەكاتی كریندا ئەو كاریگەرییەی كە لەیادەوەریدا ریكلامەكە بەجێی هێشتووە، بتوانێت وێنەو خەسڵەتی كاڵاكە بێنێتەوە یادی كەسەكە. ئینجا بۆ رودانی ئەمەش دەبێت ریكلام لەگەڵ سۆزدا بدوێت نەك عەقڵ و لۆژیك، دەبێت ختوكەی ئەنگێزەكانی مرۆڤ بدات نەك بكەوێتە مشتومڕو دیالۆگەوە لەگەڵ لایەنە عەقڵانییەكانیدا، دەبێت گەشبین بێت و بارگاوی بێت بەهەڵچوونی شادی، دەبێت بەرریكلام واتا ئەو جەمارەی كراون بەئامانج، بخاتە دۆخی داڵغەو ئەندێشەو زیندەخەونەوە ئەمەش بۆخۆی ریتم و مۆزیك و دەنگ و شێوەو رەنگێكی پەسەندكراوی پوخت ئاسا وەكو پەند، بەرجەستەی دەكەن و دەیگوێزنەوە بۆ نێو یادگای بەكاربەران.
لەریكلامی هاوچەرخی هەر كاڵایەكداو لەهەر كەناڵێكی راگەیاندنەوە ئاراستە بكرێت، سێكس ئەو رەهەندەیە ناكرێت فەرامۆش بكرێت و لای لێنەكرێتەوە. كەمن ریكلامانەی بەكاریگەرو سەركەوتوو هەژمار كراون لەكاتێكدا كە هیچ بایەخێكیان بەم پاڵنەرە بەهێزە نەداوە. لەم پێناوەدا ریكلامكار ئەندێشەو وێناكاری مرۆڤ دەكاتە ئامانج و لەرێی بەكارهێنانی دەنگی ناسكی ژن و جوانی قەدو باڵایەوە، هەوڵدەدات رەگەزی نێر بەرەو زیندەخەون بەرێت. یاخود تێدەكۆشێت بەهۆی وێنەی پیاوی جەستە ڕێك و جوانپۆشەوە، بینەر وا لێبكات لاساییان بكەنەوە، چونكە پێیوایەو لەڕاستیشدا هەر بەو جۆرەیە كە خەڵكی شتێك دەكڕن هەر لەبەر ئەوەی لەپێش خۆیاندا كەسانیتر كڕیویانە نەك لەبەر ئەوەی پێویستیان پێیەتی. دەبێت بگوترێت كە ژنان ئارەزووی نمایش كردنی خودو خۆدەرخستنیان هەیەو پیاوانیش حەزیان بەڕوانین و تەماشاكردنە، ئەم راستییە سایكۆلۆژییە لەپشت بەكارهێنانی زیاتری وێنەی ژنەوەیە لەڕیكلامەكاندا نەك هەر لەو ریكلامانەدا كە ئاراستەی رەگەزی ژنان دەكرێت تەنانەت لەوانەشدا كە ئاراستەی خودی پیاوان خۆیان كراوەو دەكرێت.
لەریكلامی سەركەوتودا وێنەی ژنی شۆخ‌و شەنگ‌و سەرنجڕاكێش لەهەڵوێستێكی حەزبزوێن و رۆمانسیدا، لەتەواوی بەرهەمەكاندا ئامادەگی هەیە. لەجل‌و بەرگ‌و پۆشاك‌و بۆنەوە تا كەرەسەی ئەلەكترۆنی‌و كارەبایی، لەدەرمان‌و خواردەمەنی‌و شیرینییەوە تا ئۆتۆمبێل‌و گەشتی ئاسمانی، لەگۆڤارو رۆژنامەو بڵاوكراوەكاندا، تەنانەت لەبەرگی گۆرەوی و كارتۆنی پێڵاویشیدا، وێنەیەكی سێكسی نیمچە رووت، بەشێوەیەك لەشێوەكان، كاری لەسەر كراوەو دەكرێت. ئەو وێنانە كە دادەنرێت بەو مەبەستەیە كە لەڕاكێشانی سەرنجی كڕیاردا، كاریگەرییەك بەجێ بهێڵن. ئەگەر ئەو كاریگەرییە زۆر كەم و لاوازیش بن، هێشتا رۆڵیان لەبڕی فرۆشتنی كاڵاكاندا، راستییەكەو نكۆڵی لێناكرێت.
سێكس ئەو پاڵنەرەیە لەكڕین‌و فرۆشتن‌و گۆرین‌و لێخوڕنی ئۆتۆمبێلدا، ناكرێت باسی لێوە نەكرێت. 
بەلای پیاوەوە ئۆتۆمبێل هێمایە بۆ ژن، كۆنترۆڵكردنی ئۆتۆمبێل‌و زاڵبون بەسەریدا، هەمان ئەو هەستە دروست دەكات كە پیاوان لەپڕۆسەی سێكسیدا هەیانەو دەیخەنەڕو. لێخۆڕین بەخێرایی زۆرو كەشخەیی كردن بەئۆتۆمبێلی بەرزو مۆدێلی باڵاوە، ئەمە چێژو خۆشییەك لای ئەنجامدەرانی دەخوڵقێنێت، دروست وەك ئەو چێژو خۆشییەیە كە تەنها لەپرۆسەی سێكسیدا وەریدەگرن، كەسانێكیش هەن لەڕێی گۆرین‌و تیژ لێخوڕنی ئۆتۆمبێلەوە قەرەبووی ئەو چێژە سێكسییە دەكەنەوە كە پێی ناگەن‌و دورن لێی.
س: په‌یجی‌ د