بەرپرسێکی ئێرانی: هاتوچۆی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان ئاساییە و رانەگیراوە

بەرپرسێکی ئێرانی ئاشکرای کرد، سەرەڕای داخرانی سنوورەکانی نێوان عیراق و ئێران، هاتوچۆی گەشتیاران لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئاساییە.

جەواد هیدایەتی، بەڕێوەبەری گشتی نووسینگەی ترانزیتی رێکخراوی رێگاوبانی ئێران رایگەیاند: سەرجەم سنوورە بازرگانییەکانی ئێران لەگەڵ عیراق و هاتوچۆی گەشتیاران لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران رێگەپێدراوە.

لەو لێدوانەیدا بۆ ئاژانسی میهر، هیدایەتی راگەیاند: داخرانی سنووری گەشتیاریی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی هەڵگیراوە و ئێستا خەڵکی هەرێمی کوردستان دەتوانن سەردانی ئێران بکەن و خەڵکی ئێرانیش بەپێچەوانەوە دەتوانن بێ کێشە بڕۆنە هەرێم.

وتیشی : “ئەم بڕیارە بۆ ئەوە دراوە کە هەرێمی کوردستان دۆخێکی جیاوازی هەیە و ئێران ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتوچۆی گەشتیاریی لەگەڵ هەرێم زۆرە و هەرێمیش شوێنێکی بنبەستە لە عیراقدا و بەندەری نییە و هاتوچۆی لەگەڵ وڵاتانی دیکە زۆر نییە”.

جەواد هیدایەتی رایگەیاند: ئێران تا کاتێکی نادیار تەنها هاتوچۆی بازرگانی لەگەڵ بەشی عەرەبی عیراق هەیە و سنووری گەشتیاریی داخراوە.

رۆژی 24ی كانوونی یه‌كه‌می 2020، وەزارەتی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک رێکاری نوێی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوکردەوە، ئەوانیش قەدەغەکردنی گەشتی هاوڵاتیانی عیراق لە رێگای دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ نۆ وڵات و لەناویاندا ئێران، لەگەڵ داخستنی دەروازە سنوورییەکانی (حاجی ئۆمەران، باشماخ و پەروێزخان) بە روی گەشتیاراندا، بەڵام ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەپێی رێنماییەکانی پێشوتر بەردەوام دەبێت.