کۆتا وەستای ئاسنگەر لە حەلەب هەوڵی بەزیندوویی هێشتنەوەی پیشەکەی دەدات

حوسێن نەجۆ وەستایەکی ئاسنگەری حەلەب-ییە و لە ئێستادا تاکە ئاسنگەرە لە شاری ئەلباب کە هەوڵی بەزیندوویی هێشتنەوەی پیشەکەی دەدات.

حوسێن نەجۆی تەمەن ٤٩ ساڵ لە ساڵی ٢٠١٦دا لەگەڵ هاوسەر و سێ منداڵەکەی ناچاربوون حەلەب جێبهێڵن و بۆ شاری ئەلباب کۆچ بکەن، بەوتەی خۆی لە تەمەنی منداڵییەوە، لای چەند وەستایەکی ئاسنگەر فێری ئەم پیشەیە بووە و ماوەی ٣٧ ساڵە کاری ئاسنگەری دەکات.

وەستا حوسێن نەجۆ لە دووکانە ٤٠ مەترییەکەیدا هەوڵدەدات لە رێی بەکارهێنانی ئاسنی بینا داڕووخاوەکانەوە، درێژە بە پیشەکەی بدات کە لە ئێستادا بەرەو لەناوچوون دەچێت و تەنها وەستای ئاسنگەریشە لە شاری ئەلباب.

نەجۆ لە رێی پیشەکەیەوە بژێوی خێزانەکەی دابین دەکات و لە ئاسنی سوورەوەبوو، تەور، چەقۆ، خاکەناز، چەکوش و ئامێری کشتوکاڵی دروست دەکات، هەروەها پیشەکەی فێری ئەو کەسانە دەکات کە دەیانەوێت فێری ئاسنگەری ببن.

وەستا حوسێن نەجۆ دەربارەی کاری ئاسنگەری دەڵێت: “لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا ئەم پیشەیە لە وەستاکانی حەلەبەوە فێربووم. لە ئێستادا کەسانێکی زۆر نەماون کە ئەم کارە بکەن. ماوەی ٣٧ ساڵە من سەرقاڵی ئەم پیشەیەم و هەر کەسێکیش بیەوێت فێری ئاسنگەری ببێت من فێری دەکەم”.

وتیشی: “ئەو بەرهەمانەی دروستییان دەکەم، لێرە دەیانفرۆشم. پێش جەنگ بەرهەمەکانمان دەناردە دەرەوەی سووریاش، بەڵام لە ئێستادا تەنها هەوڵدەدەم پێداویستییەکانی ئێرە دابین بکەم”.

وەستا حوسێن نەجۆ ئاماژەی بەوەش دا کە وردەئاسن لە بینا داڕووخاوەکان کۆدەکاتەوە و لەناو کوورەدا دەیانتوێنێتەوە، ئینجا بەرهەمی نوێیان لێ دروست دەکات، دەشڵێت: “هەم پیشەی باووباپیرانم درێژە پێدەدەم، هەم ئەم پیشەیە بۆ نەوەی داهاتوو دەگوێزمەوە. ئێمە هەر بە هەموو هاووڵاتییانی وڵاتەکەمانەوە کەسانی دەستڕەنگینین”.