چەند زانیارییەك لەسەر بەنداوی دوكان

كاتێ باسی بەرهەمهێنانی كارەبا یان گلدانەوەی ئاو دەکرێت، پێدەچێت  كەمترین زانیارییمان لەوبارەیەوە هەبێت، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەلی گونجاو بۆ زۆربەمان نەڕەخساوە تا سەردانی ئەو شوێنانە بكەین کە کارەبایان لێوە بەرهەم دێت، بەتایبەتی بەنداوەكان و شێوازی بەرهەمهێنانی كارەبا.
 بۆئەوەی گرنگی ئەو بەنداوانە هەم بۆ كارەبا و هەم بۆ ئاودێریی و ئاوی خواردنەوە بزانین، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای سەرچاوەی كارەبا لە عیراق و چەند زانیارییەكی تایبەت لەسەر پارێزگاكان و بەتایبەتی لە بواری بەرهەمهێنانی كارەبادا بزانین.
هەنووکە بە كەرتی حكومەت و كەرتی تایبەتەوە، نزیكەی 3400 مێگاوات كارەبا لە هەرێمی كوردستاندا بەرهەم دەهێنرێت، لە كاتێكدا، خواستی هاووڵاتیان بۆ كارەبا لە 4500 مێگاوات زیاترە، ئەگەر حكومەت گرنگی بە كەرتی تایبەت و گشتی بدات، ئەوا دەتوانرێت ئەو خواستە پڕبكاتەوە، لەكاتێكدا ئێستا حكومەت بەنیازی بەرهەمهێنانی كارەبایە لە رێگەی تیشكی خۆرەوە، كە ئەم جۆرەیان هیچ مەترسییەكی بۆ سەر ژینگە نابێت، وەكو چۆن بەرهەمهێنانی لە رێگەی ئاوەوە مەترسی لەسەر ژینگە نییە، بەڵام لە رێگەی سووتەمەنی و گازەوە مەترسییەكی زۆری لەسەر ژینگە هەیە.
 مێژووی بەنداوەكە
 بەردی بناغەی ئەم بەنداوە لە ساڵی 1954دا لەلایەن مەلیك فەیسەڵی دووەمەوە دانرا، لە بناغەکەیدا مەلیك فەیسەڵ فلسێكی عیراقی دانا وەك ھێمایەك بۆ ئەو سەردەمە كە بچووكترین دراوی ئەو سەردەمە بوو.

کارکردن لە پڕۆژەکەدا لە هەمان ساڵدا دەستیپێكرد و ساڵی 1959 تەواوبوو و پڕۆژەکەش لەلایەن كۆمپانیای دۆمیز بالوتی فەرەنسییەوە و بە سەرپەرشتی ھەردوو كۆمپانیای بنی دیكن و كۆرلی جێبەجێکرا. 
تێچووی پڕۆژەکە و گرنگییەکەی
-ئەم بەنداوە بڕی 14 ملیۆن دیناری ئەو سەردەمەی تێچووە لەكاتێكدا كە رۆژانەی كرێكارێكی ئەو سەردەمە 25 فلس بووە.

-بەرھەمھێنانی وزەی كارەبا بە بڕی 400 مێگاوات بەھۆی پێنج تۆرباینەوە.
-ئاودانی رووبەرێكی زەوی بە بڕی  یەک ملیۆن و 500 هەزار دۆنم لە دەشتەكانی ناوچەی ھەولێر و كەركوك.
-بەخێوكردنی ماسی.
-كەم كردنەوەی مەترسیی لافاو.
ئێستا بەنداوەكە توانای گلدانەوەی 7 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە و لەكاتی پڕبوونی ئاوەكەدا چەند دەروازەیەك هەن بۆئەوەی ئاوەكەی لێی بچێتە دەرەوە، لەوانە: ئیسپلوای و بێڵ ماوس، لەسەر شێوەی جەڕەس دروستكراون.
لە خوارەوەش سێ دەرگا هەیە بۆ بەردانەوەی ئاوی زۆر و سوودەكەی تەنها بۆ ئاودێرییە.
بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەکە لە 511 مەتردا ئاوی زیادە دەچێتە ناو بیڵ ماوسەکەوە و ناتوانین هیچ مامەڵەیەکی پێوە بكەین.
دەرگاكانی سپیل وەی
توانای بەردانەوەی هەر دەرگایەك 800 م3 یە لە چركەیەكدا، سپیل وەی پێكهاتووە لە سێ دەرگا، کە دەتوانێت لەكاتی بەرزبوونەوەی ئاوی زۆریدا 2400 م3 ئاو بەربداتەوە لە هەر چركەیەكدا، سپیل وەی وەك بەشێك لە پێکهاتەکەی بۆ پاراستنی بەربەستەكە دروستكراوە لەكاتی بوونی ئاوی زۆردا و دەتوانرێت ئاوی پێدا بەڕێبكرێت و ناهێڵێت زیان بەر بەنداوەکە بكەوێت.

تۆڕباینی كارەبا
لەناو بەنداوەكەدا، پێنج تۆڕباینی بەرهەمهێنەری كارەبا هەن، کە لە 1974 بۆ 1979دا تەواوبوون و لەساڵی 1980دا توانای ‌بەرهەمهێنانی كارەبایان هەبووە.

دواتر وێستگەی بەرھەمھێنانی وزەی كارەبا لەلایەن كۆمپانیای H.P.S) Hydro Power Station)  روسییەوە دروستكراوە كە هەر دانەیەكیان 80 مێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنێت واتە 400 میگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنێت.
لەكاتی بەرزبوونەوە و دابەزینی ئاوەكە كاریگەریی دەبێ لەسەر بەرهەمهێنانی كارەبا. قورسایی تۆڕباینەكان نزیكەی 400 تۆنە و ساڵانە بەهۆی بەهێزیی ئاوەكەوە نۆژەندەكرێنەوە.
لە دوای دروستكردنییەوە تا ساڵی 2003 بەنداوی دوكان و دەربەندیخان، كارەبای  هەرێمی كوردستایانیان دابین دەكرد.
بە هەردوو بەنداوەكە نزیكەی 700 میگاوات كارەبایان بەرهەمدەهێنا، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەوكات هاووڵاتیان كەمترین كارەبایان بەكاردەهێنا.
بەشێكی زۆری كەلوپەلی بەنداوەكە و تۆڕباینەكان نزیكەی پەنجا ساڵ دەبن و زۆرترین ئەركیشیان لەسەرە و هیچ گرفتێكیان نییە.
بەهۆی كەمیی ئاوەوە، ئێستا یەك تۆڕباین کاردەكات.
زانیارییەكی تەکنیکییەکان
 *بەرزیی دیواری بەنداوەكە 116.5مەترە و درێژییەکەی 260 مەترە.

بەرزی بەنداوەكە لە ئاستی رووی زەریاوە 400 مەترە و رووبەری ئەو زەوییەی كە بەنداوەكە ئاوی دەدات 11690 كم2 یە کە توانای ھەڵگرتنی بڕی 6.8 میلیار م3 ئاوی ھەیە.
ئەستووریی بەنداوەكە لە بنكەكەیدا 54 مەترە و لە بەشی سەرەوەی 6.20 مەترە.
هاوکات دەرچەی تر لەژێر بەربەستەكەدا هەن توانای بەردانەوەی ئاویان 80 مەتر تا 120 م3 یە لە چركەیەكدا. كاتێك ئەو دەرچانە بەكاردەهێنرێن کە تۆڕباینەكان نەتوانن كاربكەن.
چەند زانیارییەك لەسەر بەنداو و تۆڕباینەكانی عیراق
بۆ یەكەمجار ساڵی 1917 كارەبا لە عیراقدا هەبووە، پێش جەنگی كەنداو، عیراق توانای بەرهەمهێانی 5100 مێگاوات كارەبای هەبوو، دواتر دابەزیووە بۆ 2300 مێگاوات، دوای ساڵی 1991 عیراق بەرهەمهێنانی بەرزكردەوە بۆ 4500 مێگاوات.

لە عیراقدا، هەشت تۆڕباینی بەرهەمهێنانی كارەبا لە رێگەی ئاوەوە هەیە.
لە 11 شوێن لە رێگەی گازەوە كارەبا بەرهەمدەهێندرێت.
لە 8 شوێنیش لە رێگەی هەڵمی ئاوەوە كارەبا بەرهەمدەهێنردێت.
بەرهەمهێنانی كارەبا لە رێگەی بەنداوەوە
بەنداوی عوزێم لە سەڵاحەین بڕی 27 مێگاوات.

بەنداوی دەربەندیخان لە سلێمانی  248 مێگاوات.
بەنداوی دوكان لە سلێمانی،  400 مێگاوات.
بەنداوی حەدیسە لە ئەنبار، 660 مێگاوات.
بەنداوی حەمرین لە دیالە، 50  مێگاوات.
بەنداوی سامەڕا لە سەڵاحەدین  84  مێگاوات.
بەنداوی موسڵ لە نەینەوا 1052 مێگاوات.
بەنداوی موسڵ، 62 مێگاوات.
بەرهەمهێنانی كارەبا لە رێگەی غازی سروشتییەوە لە سەرجەم عیراقدا
رومێڵە لە بەسرە،  1460 مێگاوات، شەتی بەسرە، 1250 مێگاوات، كەركوك مەلا عەبدوڵڵا، 222  مێگاوات، خور زێر لە بەسرە، 500 مێگاوات، مەنسورییە لە دیالە، 728 مێگاوات، ئەنبار،  1646 مێگاوات، هەولێر، 1500 مێگاوات، بەغدا، باشوور، 246 مێگاوات، بەغدا باشووری دوو، 400 مێگاوات، دۆرە بەغدا،  146 مێگاوات، بەغدا دۆرەی دوو، 700  مێگاوات، بەغدا راشیدییە،  94  مێگاوات، تاجی بەغدا،  156 مێگاوات،

تاجی دوو بەغدا، 160 مێگاوات، سەدر بەغدا، 160 مێگاوات، قودس، بەغدا 1 و 2 و 3 ،  1400 مێگاوات، نەجیبییە لە بەسرە، 500 مێگاوات، سلێمانی، 1500 مێگاوات.
دهۆك،500 مێگاوات، تازە، كەركوك، 292  مێگاوات، حللە، بابل، 250 مێگاوات، كەربەلا، 250 مێگاوات، نەجەف  430 مێگاوات، ناسرییە  60 مێگاوات.
بەرهەمهێنانی لە رێگەی هەڵمی گەرمییەوە
باشووری موسڵ، 2100 مێگاوات، موسەییەب لە بابل،  1280 مێگاوات، دۆرە لە بەغدا، 640 مێگاوات، بێجی لە سەڵاحەدین، 1320 مێگاوات، خوارووی بەغدا،  355 مێگاوات، هاریسە لە بەسرە،  400 مێگاوات، ناسرییە  800 مێگاوات.

ئا / مەعروف مەجید

بەسوپاسەوە وەرگیراوە لە کوردستانی نوێ