چەمك وگرنگی ئاسایشی بایۆلۆجی(Biosecurity) و کاریگەریەکانی لەسەرئابوری و بەرهەمێنان لەکێڵگە پەلەوەریەکاندا!!!

پێشەکی
هەمووان دەزانین کەرتی پەلەوەرلەکوردستاندا لەئاستێکی زۆرباشی گەشەکردندایە کەسەرجەم بازنەکانی بەرهەمهێنانی تەواوکردووە لەگەڵ ئەوەشدا توشی چەندین کێشەی گەورە بۆتەوە کەبەشێکیان پەیوەندی بەلایەنی دەوڵەتەوەهەیە ئەمەیان جێدێڵین بۆ باسێکی تر هەرچەند قسەی زۆری لەسەر کراوە ،بەشێکی تریان کەئێمە مەبەستمانەپەیوەندی هەیە بەشێوازی بەرهەمهێنان وڕێگاکانی پاراستن و ڕێگری لە زیان گەیاندن بەکێڵگەکانی بەرهەمهێنانی گۆشتی پەلەوەر، لەم باسەدا ئەگەربەشێکی کەمیش بێت دەمەوێت تیشک بخەمە سەرچەمکێکی گرنگ لەپرۆسەی بەرهەمهێنانی مریشک لەکێڵگەپەلەوەریەکانداوئەوزیانە ئابوریەگەورەیەی کەبەرئەم کەرتەکەوتووە لەئەنجامی لاوازی و جێ بەجێ نەکردنی ئەویش چەمگی ئاسایشی بایۆلۆژیە(Biosecurity)ە.
گرنگی ئاسایشی بایۆلۆجی پەیوەستەبەَیاسایەکی گشتیەوە کەدەڵێت{ئونسەیەک خۆپاراستن باشترەلەکیلۆیەک چارەسەرکردن} بەواتایەکی تر ئەوەی باوە کەدەوترێت (خۆپاراستن باشترە لەچارەسەرکردن) چونکەیاساوڕێکارەکان و پرۆسەونیشانەکان و ئامرازەکانی ئاسایشی بایۆلۆجی لەسەربنەمای ئەویاسایە داڕێژراوەو دامەزراوە..
دەتوانین بڵێین ئاسایشی بایۆلۆجی(Biosecurity)
بریتی یەلەپرۆسەی جێبەجێکردنی بەرنامەکانی کۆنترۆڵکردن وخۆپاراستنی کێڵگەکانی پەلەوەر لەنەخۆشی،واتەپرۆسەی ڕێگری کردنە لەچونە ژوورەوەی نەخۆشی بۆ ناوکێڵگەکانی پەلەوەر و زیانگەیاندن بەبەرهەمەکانیان بۆئەم مەبەستە پێویستە هەمیشە پشت بەڕێکارەکانی خۆپاریزی ببەستن تاکوکێڵگەکانی پەلەوەربەدووربن لەسەرجەم نەخۆشیە باوەکان و ئەوزەرەروزیانەئابوریەی کەبەریان دەکەوێت.
ئەوەی جێگای باسە لەماوەی دوودەیەی ڕابوردوو پیشەسازی پەلەوەر لەهەرێمی کوردستان سەرباری گەشەکردنێکی بەردەوام و خێرالەڕووی ژمارەوقەبارەی وەبەرهێنانەوە بەڵام ئەم پیشەسازیە پەراوێزێکی لاوازی قازانجی بەدەست هێناوەو ڕووبەڕوی چەندین کێشەو گیروگرفت ومەترسی جدی بۆتەوەو زیانەکانی زیاتردەبن.
لەئێستادا لەهەمووکاتێک گرنگتروپیویسترەکێڵگەکانی پەلەوەربایۆسکیوریتی لەکێڵگەکانیاندابەهێزتروتۆکمەتر بکەن بەمەبەستی کەمکردنەوەی زیانەکانیان و مایەپوچ بوونیان لەوزەرەرو زیانە ئابوریەی توشی دەبن.
ئاسایشی بایۆلۆجی Biosecurity چیە؟
سادەترین پێناسەی ئاسایشی بایۆلۆجی(زیندەیی) بریتی یە لەزنجیرەیەك ڕێکاروڕێوشوێن کەپیادە دەکرێت لەکێڵگەپەلەوەریەکاندا بەمەبەستی پاراستنی تەندروستی مرۆڤ و پەلەوەری کێڵگەکان و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاوو تەندروست وکارکردن بۆ ڕێگری کردن یان کەمکردنەوە لەچونەژورەوەوبڵاوبونەوەی نەخۆشیەکان لەکێڵگە پەلەوەریەکاندا.
جەمکی ئاسایشی بایۆلۆجی مانای ئەوەیەکەبەدوای باشترین ڕێگای زانستی وکرداریدا بڕۆین بۆپاراستنی تەندروستی پەلەوەر لەهەموو نەخۆشیەکی ڤایرۆسی و بەکتری و کەڕوویان مشەخۆر….هتد. ئەم پرۆسەیە هاوشێوەی کاری کەرەنتینەیە جگەلەوەی کەئەمە لە ژینگەیەکی کراوەدا ئەنجام دەدرێت و مەترسی توشبوون بەنەخۆشیەکانی باڵندە هەیە.
گرنگترین فاکتەرەکانی پاڵپشتی لە جێ بەجێکردنی ئاسایشی بایۆلۆجی:-
١-ڕێکارە گشتیەکانی خۆ پاراستن لە کێڵگەکاندا.
٢-پاکردنەوەوپاکژکردن.
٣-کوتانەکان.
٤-دابینکردنی ئاوی تەندروست.
٥-کوالێتی ئالیک.
ئاسایشی بایۆلۆجی بۆچی؟
پڕۆژەئابوریە سەرکەوتووەکان پەیوەستە بەڕادەی قازانج لێیانەوە تاکوبتوانن بەردەوام بن لەبەرهەمهێنان، بڵاوبونەوەی پەتاونەخۆشی لەم ساڵانەی دوایدا بۆتە هۆی وەرینی قازانج لەم کەرتەداو زۆرێك لەپەروەردەکارانی پەلەوەر لەئەنجامی ئەونەخۆشیانە بەتایبەت ئەنفلۆنزای باڵندەو هەوکردنی بۆریەکانی هەناسەو نیوکاسڵ…هتد. توشی زەرەروزیان وخەسارەتێکی گەورە بوون بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ سەختی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیەکان و لاوازی سیستەمی ئاسایشی بایۆلۆجی لەکێڵگەکاندا بۆیە لەئێستاداگرنگترین سیستەمەبەبێ بەهێزکردنی ئەم سیستەمە مەحاڵە ئەوزەرەروزیانەکەم بکرێتەوە کەواتە پێویستە زۆر بەتوندی بەکاربهێنرێت لەکێڵگەکاندا، جگە لەوەش ئەونەخۆشیانەی پەلەوەرکەڕەنگەبگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ وەك ئەنفلۆنزای باڵندە وەزیان بەکەرتی تەندروستی وپەروەردەو گەشتوگوزارو وەبەرهێنان بگەیەنێت.
ئامانج و گرنگیەکانی ئاسایشی بایۆلۆجی Biosecurity چیە لە پڕۆژەکانی پەلەوەردا؟
١-کەمکردنەوە یان ڕێگریکردن لەبڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەپڕۆژەکانداوپاراستنی کێڵگەکانی بەخێوکردنی پەلەوەر لەمەترسی گواستنەوەی نەخۆشی بۆی،بەوپێیەی هەندێك نەخۆشی هاوردە دەکرێن کەبووەتە گەورەترین هەڕەشەلەسەرمرۆڤایەتی چونکەئاسایشی بایۆلۆجی هەوڵ دەدات بەرکەوتن بەنەخۆشی سنورداربکات یان لانی کەم کەمی بکاتەوە وڕێگربێت لەبڵاوبوونەوەی نەخۆشی بۆکێڵگەکانی دراوسێ.
٢-پاراستنی بەرهەمی کێڵگەکان لەپیسبوون و خستنەبازاڕی بەرهەمێکی تەندروست وپاك وباوەڕپێکراو ئەویش بەهۆی بەرزکردنەوەی باری تەندروستی گشتی پەلەوەرەکان.
٣-پاراستنی کرێکاران وکارمەندان وئەوکەسانەی لە پڕۆژەکانی پەلەوەردا کاردەکەن وسەردانی دەکەن لەمەترسی توش بوون بەخۆشیە باوەکان.
٤-دڵنیاییدان و پاراستنی بەکارهێنەرانی بەرهەمی پەلەوەری پڕۆژەکان لەئەگەری هەرمەترسیەك.
٥-کەمکردنەوەی خەرجیەکانی دەرمانی چارەسەری نەخۆشی وچاودێری تەندروستی بەخێوکردنی پەلەور لە پڕۆژەکاندا بەواتایەکی تر کەمکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنان و زیادکردنی قازانج .
سەرئەنجام ئەوەی ئامانجمانەئەوەیەکەمەبەست لەئاسایشی زیندەیی کۆمەڵێك ڕێوشوێنی خۆپارێزیەدەبێت کێڵگەکانی بەخێوکردنی پەلەوەر پەرەی پێ بدەن وپەیڕەوی بکەن بۆڕێگری لەبڵاوبوونەوەی نەخۆشیەجۆراوجۆرەکان لەکێڵگەکانیانداوپاراستنی تەندروستی پەلەوەرەکان و بەرهەمهێنانی گۆشتێکی تەندروست جگەلەمەش ئەم ڕێکارانە سیستەمی بەرگری لەشی پەلەوەر بەهێزدەکات.
بەهیوای سودبینین بۆهەمووان…

جمال حسین والی
ب.سامانی ئاژەڵی سلێمانی