پەرلەمانتارێک: چوار كێشە و بەربەست لەبەردەم بووژانەوەی كەرتی پیشەسازی عێراق ئاشکرا دەكات

عێراق یەكێكە لە وڵاتە دەوڵەمەندەكانی دنیا بە نەوت و دەیان سەرچاوەی داهات، جیا لەوە زەوییەكی بەپیت و ئاو و بارانی زۆری هەیە، لەپاڵ بوونی دەستی كاركەری زۆر، هەموو ئەوانە وا دەكەن بنەمایەكی پتەوی پیشەسازی هەبێت، بەڵام بۆچی ئەو كەرتە لە عێراق پەكی كەوتووە و كارگە و پیشەسازی نییە؟

نەورەس عیسا، پەرلەمانتاری عێراق باسی چوار كێشە و بەربەست لەبەردەم بووژانەوەی كەرتی پیشەسازی عێراق دەكات، هاوكات بوونەتە هۆكاری پووكانەوە و پەككەوتنی كەرتەكە، روونی كردەوە، كەرتی پیشەسازی لە دوای 2003 تووشی شكستێكی بێ وێنە هاتەوە، بابەتەكەیش هەروا هەڕەمەكی نەبوو بەهۆی دۆخی وڵاتەكە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەوەی رووی دا و روودەدات، بەهۆی بوونی ئەجیندای رێكوپێك و رێكخراوە بۆ كردنی عێراق بە بازاڕێكی بەكارهێن بۆ هەموو شتێك، بۆ ئەوەی سەتان ملیار دۆلار لەو رێگایەوە بۆ كەرتی پیشەسازی وڵاتانی دراوسێ و هیتریش بچێت، بەو شێوەیە كەرتی پیشەسازی عێراق لاواز بوو و نەیتوانی خۆی لە بەرانبەر گوشارە دەرەكییەكاندا بگرێت.

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، گوشارێكی رانەگەیندراو و جۆراوجۆر هەیە بەو ئاراستەی لەناوبردنی هەر شتێك لە عێراق بە دەست و هەوڵی نیشتمانی لە كەرتی گشتی و تایبەت دروست بكرێت، ئەوەیش بۆ نەهێشتنی متمانەی هاووڵاتی بەو كەرتە، بۆیە ئەوەی روو دەدات هەڕەمەكی نییە و تاوتوێكراوە.

عیسا دەڵێت، پیلانگێڕییەكی فرەلایەن هەیە كە لە كۆتاییەكەی مەبەستیان كوشتنی پیشەسازی نیشتمانییە لە عێراق و ئەوەیش لەسەر زەویدا رووی داوە، لە ناوخۆییش چەندان لایەن هەن گوشار دەكەن بۆ شكستهێنانی بە كەرتی پیشەسازی عێراق، چونكە هاوردەكردنی كاڵا جیاجیاكان پارەیەكی زۆریان دەخاتە گیرفانەوە، بۆیە هەموو حكوومەتە دواییەكەكانی عێراق لە دوای 2003 لە رووخانی كەرتی پیشەسازی بەرپرسن.

بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە هۆكار و كێشەكان دیارن، دیارترینیان بوونی هێزی باڵادەستە دەیانەوێ عێراق وەك بازاڕێكی كراوە بۆ كاڵای وڵاتانی تر بمێنێتەوە، بۆیە شەڕی بەرووبوومی نیشتمانی دەكەن و لێخۆشبوونی باج لەسەر دەیان كاڵای بیانی دەكەن بۆ نقوومكردنی بازاڕی عێراق بەو كاڵایانە و سوودكردنیان.