ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی خوازیارە نوێنەری هەبێت لەئەنجومەنی وەزیران

 ئا: بازرگانی‌و پیشەسازی

جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی، یاسین رەحیم فەرەج داوا دەكات “بەمەبەستی خستنەڕووی كێشەو گرفتی بازرگانان‌و پیشەسازكاران‌و چارەسەركردنیان، ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی نوێنەری هەبێت لەئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان”.

یاسین رەحیم فەرەج بەرۆژنامەی بازرگانی‌و پیشەسازی راگەیاند هەر پارێزگایەو تایبەتمەندی خۆی هەیە لەڕووی ئیشی ئیداری‌و بازرگانییەوە، هاوكات كێشەو گرفتی تایبەت بەخۆشیان هەیە، كەسیش ناتوانێت نكوڵی لەو راستییە بكات كە هێشتا كوردستان ئاسەواری دوو ئیدارەیی پێوە دیارە، لەم روانگەیەوە نوێنەری ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی لەئەنجومەنی وەزیراندا پێویستییەكی هەنوكەییە، ئەو وتی “پارێزگای سلێمانی سنورێكی دورودرێژی هەیە لەگەڵ ئێران‌و زۆرترین كاڵای بازرگانی لەو وڵاتەوە هاوردە دەكەین‌و ترانزێتیشمان هەیە، لەهەمانكاتیشدا كۆمەڵێك كێشەمان هەیە لەسەر مەرزی باشماخ‌و پەروێزخان‌و مەرزەكانی دیكەش، هەموومان لامان روونە كە پارێزگای سلێمانی تایبەتمەندی خۆی هەیەو لەچەندین روەوە جیاوازە لەشارەكانی تر، بۆیە ئەگەر ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی نوێنەری خۆی هەبێت لەئەنجومەنی وەزیراندا، ئەوا دەتوانێ‌ باشتر‌و رونترو راشكاوانەتر كێشە بازرگانی‌و ئابورییەكانی بخاتەڕوو، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان‌و جێگرو وەزیرە پەیوەندیدارەكانیشی لێئاگادار بكاتەوەو چارەسەری پێویستیان بۆ بدۆزرێتەوە”.

وتیشی “با ئێمە واقیعبینانە بیر بكەینەوە، هێشتا ئاسەواری دوو ئیدارەیی بەكوردستانەوە دیارەو لەچەندین روەوە زۆنی زەردو زۆنی سەوز جیاوازن، ئەمەش وا دەخوازێ‌ نوێنەری ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی لەئەنجومەنی وەزیراندا هەبێت، بۆ ئەوەی راستەوخۆ دەنگی بیستراو بێت‌و كێشەكانی پەیوەست بەبازرگانی‌و وەبەرهێنان بخاتە روو، لەدروستكردنی بڕیارە ئابورییەكانیشدا ئامادەو بەشدار بێت”.

جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی، یاسین رەحیم فەرەج ستایشی نوێنەری ئێستای یەكێتی ژوورە بازرگانی‌و پیشەسازییەكانی هەرێمی كوردستانی كرد كە تا ئێستا بەباشی بەئەركەكانی خۆی هەستاوە، ئەو وتی “دەستی كاك دارای جەلیل خەیات نوێنەری یەكێتی ژوورە بازرگانی‌و پیشەسازییەكانی هەرێمی كوردستان خۆش بێت كە ماوەی چەند ساڵێكە وەك سەرۆكی یەكێتی ژوورە بازرگانییەكان نوێنەرایەتی هەر چوار ژوورە بازرگانیەكانی كوردستانی كردووە‌ لەئەنجومەنی وەزیران‌و لەم روەشەوە ئەوەی لەتوانایدا بووە درێغی نەكردووە، بەڵام بەحوكمی ئەوەی لەئەنجومەنی وەزیراندا كاتەكەی دیاریكراوە بۆ قسەكردن‌و ئاگاداری وردو درشتی كێشەی پارێزگانی تر نییە، رەنگە نەتوانێت وەك پێویست پەیامی بازرگانان‌و پیشەسازكارانی پارێزگاكانی تر بگەیەنێت، بەدڵنیایی هەر كەسێكی تریش بەتەنها ئەو ئەركەی پێبسپێردرێت لەوە زیاتری پێناكرێت كە بەڕێز كاك دارا جەلیل خەیات كردویەتی‌و پچڕ پچڕ پەیامی پارێزگاكان دەگەیەنێت”.

وتیشی “بەڵام ئەگەر لەپاڵ سەرۆكەكانی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی هەولێر‌و دهۆكدا، سەرۆكی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانیش لەئەنجومەنی وەزیران نوێنەر بێت ئەوا دەتوانێت گرفت‌و كیشەكانی بازرگانان‌و پیشەسازكارانی شارەكەم باشتر بگەیەنێت‌و ئەنجومەنی وەزیران‌و لایەنە پەیوەندیدارەكانی لێئاگادار بكاتەوە، بەڵام گەربێتوو كەسێك بەتەنها نوێنەرایەتی هەر چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان بكات ئەوا دەرفەت‌و كاتی ئەوەی نابێت بەباشی گرفتی پارێزگاكانی تر بخاتەڕوو، راستە ئێمە هەموومان خاوەنی كێشەگەلێكین كە لەبەشێكیدا خاڵی هاوبەشمان هەیە، بەڵام لەبەشێكی دیكەیدا هەر شارەو گرفتی تایبەت بەخۆی هەیە، ئەگەر هه‌ولێرو دهۆک نزیکن لەمەرزەكانی ‌تورکیا‌و ئێمه‌ لەمەرزەكانی ‌ئێرانه‌وه، ئەمە وا پێویست دەكات ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی هەر شارەو خۆی راستەوخۆ كێشەكانی بگه‌یه‌نێت به‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران‌و قسه‌ی له‌سه‌ر بكات‌”.

جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ئاماژە بەوە دەكات كە ئەم كابینەیە هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە ناونرا كابینەی چاكسازی، یەكێك لەچاكسازییەكانیش كەمكردنەوەی مەركەزیەت‌و دەرفەت رەخستاندنە بۆ بەشداری كردنی پارێزگاكان لەپرۆسەی بڕیارداندا، بەتایبەتی ئەو بڕیارانەی پەیوەستن بەژیانی ئابوری‌و وەبەرهێنانەوەو بۆ ئەوەی خۆمان رێکبخەینەوەو شێوازی کارمان نوێ‌و سەردەمیانەو چالاکتر بکەین، یاسین رەحیم فەرەج وتی “ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی تاكە ژوورە لەكوردستان كە توانیویەتی پڕۆژەی گەنجینەكان وەك پڕۆژەیەكی ستراتنیجی خۆراكی بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە كە ئیستا لەقۆناغی تەواوبوونی كارەكانیدایە، ئەم پڕۆژەی گەنجینانە بەئەندازەیەك جێی بایەخە كە كاك قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ستایشی كردوەو رایگەیاندوە لەئایندەدا (سلێمانی دەكاتە گەورەترین سەنتەری بازرگانی لەئاستی عێراقدا)، ئەم پڕۆژەی گەنجینانە بەئەندازەیەكیش ستراتیجین كە دەتوانرێت لەداهاتودا بۆ كاتی لێقەومان‌و رووداوی نەخوازراوی سیاسی بەكاربهێنرێت، جاران تەنها لەباشورو ناوەڕاستی عێراق ئەم جۆرە گەنجینانە لەبەر لایەنی ئەمنی دروستدەكران، بەڵام ئێستا بەسەركەوتوویی لەشاری سلێمانی دروستدەكرێت‌و دەبنە هۆكارێك بۆ دابین كردنی ئاسایشی خۆراك‌و ئاسایشی نەتەوەیی”.

وتیشی “هەموو ئەم هۆكارانە وا دەخوازێ‌ كە ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی نوێنەری خۆی هەبێت لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستاندا، چونكە ئەنجومەنی وەزیران شوێنی بڕیاردان‌و دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ هەر گرفتێك كە روبەڕووی پارێزگاكانی كوردستان دەبێتەوە، لەجیهانی ئەمڕۆشدا چارەنوسی ئابوری هەر وڵاتێك، لەلایەن دامەزراوە ئابورییەكانیەوە دیاریدەكرێت، چەند ئەم دامەزراوانە چالاكتر بن بەهەمان ئەندازەش دەرفەت لەبەردەم گەشەی ئابوری وڵاتدا زیاتر دەكرێتەوە، بۆیە وەک ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی خوازیارین نوێنەرمان هەبێت لەئەنجومەنی وەزیران‌و لەداڕشتنی سیاسەتی ئابوری‌و لەداڕشتنی پڕۆژەی ستراتیژی‌ ئابوری وڵات‌و لەدروستكردنی بڕیاری ئابوریدا چالاكانە بەشدار بین”.